به‌رهه‌می كێڵگه‌ی نه‌وتی شێخان به‌رزتر ده‌بێته‌وه‌

:: AM:10:08:25/06/2018 ‌
كۆمپانیای گەلف كیستۆن و مۆلی هەنگاری ڕەزامەندییان دەربڕی لەسەر وەبەرهێنانی زیاتر لە كێڵگەی نەوتی شێخان، بە ئامانجی بەرزكردنەوەی توانای بەرهەمهێنانی بۆ 50 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێكدا.

گەلف كیستۆن لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاشكرای كرد، توانای بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەی نەوتی شێخان بۆ 55 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێك بەرز دەكرێتەوە، لە ماوەی 12 تا 18 مانگی داهاتوو، ئەمەیش لە كاتێكدایە ساڵی ڕابردوو ڕۆژانە تەنیا 35 هەزار و 298 بەرمیل نەوت لە كێڵگەكە بەرهەم دەهێنرا و بڕی 91 ملیۆن دۆلاری سەرمایەی تێدا وەگەڕ خرا، بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی كۆمپانیاكە دووپات لەوە دەكاتەوە كە تێچووی پێویست دەگاتە 150 تا 175 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكی، تا لە 2019 بتوانن بەرهەمی ڕۆژانەی بگەیەننە 55 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا.

ئاماژەی داوە، بەرزكردنەوەی توانای كێڵگە نەوتییەكە لە ئەنجامی لێدانی بیری تازە و پەرەپێدانی بیرە هەڵكۆڵراوەكانی پێشوو دێت، ئێستەیش ڕۆژانە توانای بەرهەم لەم كێڵگە نەوتییە دەگاتە 40 هەزار بەرمیل.

نەوتی كێڵگەی شێخان ئێستە دەنێردرێتە فێشخاپوور و لەوێ تێكەڵ بە بۆڕیی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهان دەكرێ، بڕیارە كۆمپانیای گەلف كیستۆن بۆڕییەكی نەوتیش لە شێخانەوە بۆ كێڵگەی نەوتی ئەترووش دروست بكات، تا بەرهەمی نەوتی كێڵگەكە بە بۆڕی بگەیەنێتە ناو بۆڕیی نەوتی كوردستان بۆ توركیا.

هەریەك لە كۆمپانیای گەلف كیستۆن و ئێم ئۆ ئێلی هەنگاری و تەكساس كیستۆن وەبەرهێنان لە كێڵگەی نەوتی شێخان دەكەن و زۆرینەی ڕەهای پشكەكانیشی خاوەندارییان بۆ گەلف كیستۆن دەگەڕێتەوە.



وشە - باز ئه‌حمه‌د