تەقینەوەی بوتڵە غازێك شەش كەسی كردە قوربانی

:: AM:11:04:25/06/2018 ‌

بەیانی ئەمڕۆ دووشەم لە ماڵێكی شاری دهۆك بوتێڵكی غاز تەقییەوە، بەوهۆیەوە شەش كەس بە سەختی بریندار بوون و گەیەنرانە نەخۆشخانە.

مێهڤان بەرواری شایەتحاڵی رووداوەكە بە "وشە"ی گوت، بەیانی ئەمڕۆ دووشەم لە ئەنجامی تەقینەوەی بوتێڵكی غازی ماڵان لە ماڵێكی كۆڵانی تەناهی لە سەنتەری شاری دهۆك، ئاگر كەوتەوە و شەش كەس بوونە قوربانی.

زیاتر گوتی، هەر شەش قوربانییەكە بە سەختی بریندار بوون و بە پەلە گەیەنرانە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی دهۆك تا چارەسەری پێویستیان بۆ بكرێ، قوربانییەكانیش ئەندامی یەك خێزانن كە بریتین لە دایك و باوك و كچ و كوڕی خێزانەكە.

ئاماژەی دا، بەهۆی داخرانی دەرگای ژوورەكانی ماڵەكە، بوتڵە غازەكە، غازی لێ دزەی كردووە، لە ئەنجامی كەمبوونەوەی ئۆكسجینیش سەرەنجام تەقیوەتەوە و بەشێكی چێشتخانەكەیشی ڕووخاندووە و ئۆكسجینی لە ژوورەكە نەهێشتووە، بەوهۆیەوە ئەندامانی خێزانەكە سەرەڕای برینداربوون، تووشی هەناسەتەنگیش بوون.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستە ئەمە دووەمین حاڵەتی تەقینەوەی بوتڵی غازە لە سنووری پارێزگای دهۆك، پێشتریش بوتڵێكی غاز لە شارەدێی دینارتەی سەر بە شارۆكەی ئاكرێ تەقییەوە، بەوهۆیەوە چوار كەس بریندار بوون.

دهۆك/نەوزاد هلۆری.











وشە - باز ئه‌حمه‌د