ئەمڕۆ گەورەترین یاریزان لە مێژووی مۆندیال یاری دەكات

:: AM:11:56:25/06/2018 ‌

بڕیارە ئەمڕۆ دووشەم عیسام حەزری گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی میسڕ لە دوا یاریی هەڵبژاردەی وڵاتەكەی بەشداری یارییەكەی بەرامبەر هەڵبژاردەی سعوودیە بكات و ژمارەیەكی پێوانەیی نوێ لە مێژووی مۆندیال تۆمار بكات.

هیكتۆر كۆپەری راهێنەری هەڵبژاردەی میسڕ بڕیاریداوە لە یارییەكەی ئەمڕۆدا بەرامبەر هەڵبژاردەی سعوودیە لە پێكهاتەی سەرەكیدا یاریی بە حەزری بكات دوای ئەوەی محەمەد شەناوی لە یارییەكانی رابردوودا نەیتوانی گۆڵی هەڵبژاردەی وڵاتەكەی بەباشی بپارێزێ.

كۆپەر بڕیاری یاریكردنی حەزری بە پاڵەپەستۆی بەرپرسانی یەكەتیی تۆپی پێی میسڕ دەركردووە كە پێشتر رایگەیاندبوو لەسەرجەم یارییەكاندا لە پێكهاتەی سەرەكی پشت بە شەناوی دەبەستێ.

ئەگەر حەزری ئەمڕۆ یاریی بكات ئەوا ژمارەیەكی پێوانەیی نوێ لە مۆندیال تۆمار دەكات و دەبێتە گەورەترین یاریزان لە مێژووی پاڵەوانیەتییەكەدا كە تەمەنی 45 ساڵ و 6 مانگە.

راهێنەری هەڵبژاردەی میسڕ جگە لە گۆڵپارێز هەروەها بڕیاریداوە ئەمڕۆ بەهەمان پێكهاتەی یاریی رابردووی بەرامبەر هەڵبژاردەی رووسیا رووبەڕووی هەڵبژاردەی سعوودییە ببێتەوە.

جێی باسە هەردوو هەڵبژاردە عەرەبییەكە بەفەرمی ماڵئاواییان لە پاڵەوانیەتییەكە كردووە بەهۆی ئەوەی لە هەردوو یاریی رابردوویاندا بەرامبەر هەڵبژاردەكانی رووسیا و ئۆرگوای شكستیان خواردبوو.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م