لە یاری نێوان هەڵبژاردەی ئێران و هەڵبژاردەی ئیسپانیا بۆ یەكەم جار رێ بە ژنان درا بچنە یاریگای تۆپی پێ و لە رێی شاشە گەورەكانەوە سەیری یارییەكە بكەن و ئەمشەویش كە یاری نێوان ئێران و پورتوگالە یاریگای ئازادی تاران بۆ جاری دووەم پێشوازی لە ژنان دەكات.
چوونی ژن بۆ نێو یاریگا لە یاساكانی ئێران قەدەغەیە و لەم دواییانەدا حكوومەتی میانڕۆی ئێران و بەشێك لە چالاكانی مەدەنی كار بۆ ئەوە دەكەن حكوومەت واز لە جێبەجێكردنی ئەم رێسایە بهێنێت. لە یاریی نێوان ئیسپانیا و ئێران بۆ یەكەم جار ئەمە تاقی كرایەوە.
لە یاریگای ئازادی تاران بەشێك لە ژنان لە كاتی سەیركردنی یارییەكە سەریان رووت كرد و تەنانەت هەندێكیان سەماشیان كرد و ئەمەش لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كرایەوە.
ئەمشەو كە یارییەكی چارەنووسساز بۆ هەڵبژاردەی ئێران بەڕێوە دەچێت دووبارە یاریگای ئازادی تاران تێكەڵاو دەبێت، بۆیە محەمەد جەعفەر مونتەزیری داواكاری گشتی ئێران بە توندی رەخنەی لە حكوومەت گرت و گوتی بە بیانووی جیاواز، خەریكە لە ناوخۆی وڵات پەرە بە بەدرەوشتی دەدرێت.
بەگوێرەی "
رادیۆ زەمانێ" داواكاری گشتی كە لایەنگری توندئاژۆكانی ئێرانە گوتی، "ئێمە دژی ئەوە نین خەڵك دڵخۆش بن، بەڵام ئەوەی بینیمان شتێكی تر بوو و ناكرێت كچان و كوڕان لە شوێنێك كۆ بكرێنەوە و دەست بە گۆرانی و سەما بكەن و سەریان رووت بكەن ."