نرخی ئاو دیاری كرا

:: PM:01:12:25/06/2018 ‌
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆكانی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، نرخی ئاو لە هەرێمی كوردستان دیاری كرا و پێنج مەتر ئاوی سێجا بە 50 دینارە.

ئەمرۆ دووشەم 25ـی حوزەیران/ یۆنیۆ، مەسعوود كاڕەش بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆكانی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، لەمەودوا كار بە خوێندنەوەی پێوەری ئاوی ماڵان و شوێنەكانی تر دەكرێت و وەك بەڕێوەبەرایەتییەكەمان ئاو بۆ تەواوی هاووڵاتییان دابین دەكەین كە ڕۆژانە دوو ملیۆن مەتر سێجا ئاو بەرهەم دێنین لەگشت ئەو سەرچاوانەی لە بەردەستن. 

زیاتر گوتی،  ئەو بڕە ئاوەی ئێستە بەرهەم دێت بەشی هەموو كوردستان دەكات، بەڵام لە هەندێ كاتدا دووچاری كەمی كێشەی ئاو دەبین ئەویش بەهۆكاری ئەوەی زیاد لە پێویست ئاو بەكار دێت لە هەندێ گەڕەك و ماڵ و كۆڵان و شوێنەكانی تر.

كاڕەش گوتی، ئێستە كۆمپانیایەكی  تایبەت دانراوە تا خوێندنەوە بۆ پێوەرەكانی ئاو بكات كۆمپانیاكە رووپێوی ناوچەكانی خۆیان دەكەن بۆ ئەوەی هاوبەشی سەرەكی دیاری بكەن و ئەوانەی پێوەریان بەستووە یان نەبەستووە دیاری دەكرێن و دواتر كارەكان بەردەوام دەبن. 

 ناوچەكانی نیشتەجێبوون و  شوێنەكانی تر لە پڕۆژەكانی نیشتەجێی وەربەرهێنان  بەمەتر سێ جا نرخ دیاری كراوە و لە تا پێنج مەتر سێجا 50 دینارە و لە یەك مەتر و نیو سێجا تا 15 مەتر سێجا 150 دینارە،  هەروەها تا 30 مەتر سێجا بە 400  دینارە. مەسعوود وای گوت.

لەبارەی دەزگە حكوومییەكانیش بەڕێوەبەری گشتی ئاوەڕۆكانی هەرێمی كوردستان دەڵێت، مەتر سێجا بۆ داودەزگا حكوومییەكان بە 500 دینار دیاری كراوە كەرتی نیمچە حكوومی و وەبەرهێنان بە 750 دینار و كەرتی بازرگانی و پیشەسازی و وەبەرهێنان و گەشتیاری بۆ یەك مەتر سێجا هەزار دینار و بۆ شووشتنگە بەهەموو جۆرەكانیەوە بڕی دوو هەزار دینارە.

ساڵی ڕابردوو پێوەری ئاوی ماڵان بۆ هاووڵاتییان بەسترا بەهۆی تەنگژەی دارایی تا ئێستە كاری پێ نەدەكرا.



وشە - رامیار جەواد