كامپ نوو... ئیتر قەڵا مەترسیدارەكەی یانەی بەرشەلۆنە نەماوە
كامپ نووی یاریگەی یانەی بەرشەلۆنە ئیتر ناسناوی قەڵا مەترسیدارەكەی یانەی بەرشەلۆنە لەدەستداوە و بۆ یەكەمجار لە مێژووی یانەكەدا چەندان خاڵ لەدەست بدات.
پێرێ شەموو یانەی بەرشەلۆنە لەنێو یاریگەی كامپ نوو لە یاریی كلاسیكۆی گەڕی 14ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا بەرامبەر یانەی ریال مەدرید بە ئەنجامی 1-1 گۆڵ یەكسان بوو.
یانەی بەرشەلۆنە لە وەرزی ئەمساڵی خولی پلە یەكی ئیسپانیا تا ئێستا 7 یاریی لەنێو یاریگەی كامپ نوو ئەنجامداوە، لەو یارییانەدا 3 یاریی بردووەتەوە و یارییەكیشی دۆڕاندووە و لە 2 یاریشدا یەكسان بووە، دواین یاریشی پێرێ شەموو بوو بەرامبەر یانەی ریال مەدرید.
واتە یانەی بەرشەلۆنە لەنێو یاریگەی كامپ نوو لەم وەرزەدا لە كۆی 21 خاڵ 9 خاڵی لەدەستداوە، ئەمەش خراپترین ئەنجامە لەوەتەی وەرزی 2004-2005.
ئەگەر تەنیا ئەو یارییانە هەژمار بكەین كە لەنێو یاریگەی تیپەكان بەڕێوە چووە، یانەی بەرشەلۆنە دەچێتە ریزبەندی 11ی یانەكان بەكۆكردنەوەی 12 خاڵ، ئەمەش خراپترین ئاستی تیپەكەیە و تەنانەت ئاستی یانەكە لە ئاستی تیپە بچووكەكانی وەك ئیبار و لاس پاڵماس و سێلتا فیگۆش خراپترە.
یانەی بەرشەلۆنە ئێستا بەكۆكردنەوەی 28 خاڵ و بەجیاوازی 6 خاڵ لەگەڵ یانەی ریال مەدریدی ركابەری، لە ریزبەندی دووەمی خولی پلە یەكی ئیسپانیا دێت.
تاكە دۆڕانی یانەی بەرشەلۆنە لەنێو یاریگەی كامپ نوو لە گەڕی 3ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا بوو بەرامبەر یانەی دیپۆرتیڤۆ ئەلاڤێس كە بە ئەنجامی 1-2 گۆڵ دۆڕا.
وشە -
ئامانج ئهكرهم