یەكێتی بە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی 16ی ئۆكتۆبەر پشتیوانی خولی دووەمی عەبادی دەكەن

:: PM:01:37:25/06/2018 ‌
سەرچاوەیەك بە ماڵپەرێكی عێراقی ڕاگەیاندووە كە باڵی بنەماڵەی تاڵەبانی لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئامادەن پشتیوانی وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەلایەن عەبادی بۆ خولی دووەم بكەن، بەرانبەر بە كۆمەڵێك مەرج كە دەیانەوێ عەبادی جێبەجێی بكات.

سەرچاوەكە بە پێگەی "بغداد الیوم"ی ڕاگەیاندووە، ئاراستەیەك لەناو بنەماڵەی تاڵەبانی دروست بووە پشتیوانی ویلایەتی دووەمی عەبادی لە پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق بكەن، بۆ ئەو مەبەستەیش كۆمەڵێك مەرجیان هەیە، گرنگترینیان گەڕانەوەی بەشێك لە پێشمەرگە و ئاسایشی یەكێتییە بۆ كەركووك و وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركووكە لەلایەن كەسێكی سەربە بنەماڵەی تاڵەبانی.

ئەو هەوڵەی بنەماڵەی تاڵەبانی لە كاتێكدایە، كە لە ڕۆژانی ڕابردوو موقتەدا سەدر سەرۆكی هاوپەیمانی سائیروون لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانی نەسڕ یەكگرتنیان ڕاگەیاند، كە بە هەردوولا دەبنە خاوەنی 101 كورسی پەرلەمانی عێراق، هاوكات داواكانی بنەماڵەی تاڵەبانیش هاوشێوەی ئەو ڕێككەوتنەن كە پێشتر لەگەل حەشدی شەعبی و سوپای عێراق ئەنجامیان دا، كەركووكیان ڕادەستی میلیشیاكان كرد و چاوەڕێیان دەكرد لە بەرانبەردا ئەو داوایانەیان بۆ بێتە جێبەجێكردن، بەڵام بەغدا پەشیمان بووەوە و ڕێی نەدا پێشمەرگە و ئاسایشی یەكێتی بگەڕێنەوە و پۆستی پارێزگاریشی بە عەرەبێك داوە.



وشە - باز ئه‌حمه‌د