كاتی ڕاگەیاندنی ئەنجامی تاقیكردنەوەكان ئاشكرا كرا

:: PM:01:52:25/06/2018 ‌
پشتیوان سادق وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كاتی ڕاگەیاندنی ئەنجامی تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12ـی ئامادەیی ئاشكرا دەكات.

ئەمڕۆ دووشەم 25ـی حوزەیران/ یۆنیۆ، پشتیوان سادق وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەكاتی تەواوبوونی خولێكی مامۆستایانی ئاینی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، ئەم هەفتەیە ئەنجامی تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12ـی ئامادەیی زانستی و وێژەیی ئاشكرا دەكرێت.

وەزیری پەروەدە گوتی، تا ئێستە ڕێژەی دەرچوون دیاری نەكراوە و دیار نییە، چونكە خولی دووەمی تاقیكردنەوەكانیش هەیە، بۆیە ئەوكاتە ڕێژەی دەرچوون ڕادەگەیەنرێت.

پێشتر كەریم لەتیف بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەكان لە وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاندبوو، نزیكەی 70%ی كارەكانی پشكنینی دەفتەری تاقیكردنەوەكانی پۆلی نۆی بنەڕەتی و 12ی ئامادەیی تەواو بووە، بڕیاریشمان داوە كە هەر لە مانگی حوزەیراندا لە نێوان ڕۆژانی 24 تا 30ی ئەم مانگە، ئەنجامی كۆتای تاقیكردنەوەكان ڕابگەیەنین.

تاقیكردنەوە گشتییەكانی پۆلی 12ی ئامادەیی لە 27ی ئایاردا دەستی پێ كرد و تا  14ی حوزەیران بەردەوام بوو، پۆلی نۆی بنەڕەتیش لە 28ی ئایار دەستی پێ كرد ‌و تا 11ی حوزەیران بەردەوام بوو.




وشە - رامیار جەواد