تەندروستی هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی جۆرێكی تری تیرۆر لە كوردستان دەدات

:: AM:09:13:26/06/2018 ‌
لە ڕۆژی جیهانی بەرەنگابوونەوەی مادە هۆشبەرەكان وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هۆشداری دەدات لە چاودێریی هەرزەكاران كە تووشی كێشانی مادەی هۆشبەر دەبن، بە هۆكاری سەرەكی ئالوودەبوون و ماڵوێرانی و مەرگی تاك و كۆمەڵگە و تیرۆری لەسەرخۆ ناوی دەبات.
 
ئەمڕۆ سێشەم 26ـی حوزەیران/ یۆنیۆ، لە ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاتووە، ئەمڕۆ دەرفەتێكی جیهانییە بۆ بەئاگاهێنانەوەی تاك و كۆمەڵگە لە مەترسی و زیانەكانی ئالوودەبوون و هاوكاری و هاوئاهەنگی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆ بەگژداچوونەوەی مادە هۆشبەرەكان.

لە بەشێكی ڕاگەیەنراوەكەی وەزارەتی تەندروستی هاتووە، توێژینەوەكان دەریانخستووە هەرزەكاران قوربانی سەرەكی ئەو مادانەن و سەرەتای تێكەوتنی تاكە بەدنیای ڕەشی ئالوودەبوون، بۆیە ئەركی سەرەكی دایك و باوك و بەخێوكەر و دەزگە پەروەردەیییەكانە هۆشیارانە تر مامەڵە لەگەڵ ڕۆڵە هەرزەكارەكان بكەن و چاودێری و ڕێنوێنییان بكەن، سەرەتا پێوستە گوێ لە خواست و ویستەكانیان بگرین و هاوڕێ و هاوكاریان بین.

هێما بۆ ئەوەیش كراوە، لە هەرێمی كوردستان پێداچوونەوە بە یاسای مادە هۆشبەرەكان كراوە و ئامادە كراوە بۆ جێبەجێكردنی لە هەرێمی كوردستان لەپێناو توندكردنی ڕێوشوێنەكانی بەرەنگاربوونەوە و بەهێزكردنی توانای دەزگاكانی، بەرەنگاربوونەوە و كۆنتڕۆڵ و چارسەری ئالوودەبوون و توندكردنی ڕێكارەكانی دەرمانی هۆشبەر و مادە كیمیایییە یاریدەدەرەكانی لە هەرێمی كوردستاندا. 



وشە - رامیار جەواد