هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە كوردستان


دوای سێ ساڵ لە شەپۆلێكی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، چاوەڕوان دەركرێت گەرمای هاوینی 2018ی عێراق جیاواز بێت لەگەڵ ساڵی رابردوو، هاوكات نەگاتەوە بە گەرماكەی هاوینی 2016. چاودێرانیش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی كۆمەڵێك هۆكار دەستنیشان دەكەن لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی گۆی زەوی، لە ئاستی ناوەخۆش شارەزایەكی كەشناسی دەڵێ ئەوەی لە پلانی حكوومەت نەبێت پرسی بەرەنگاربوونەوەی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمایە كە باشووری عێراق خەریكە دەبێتە بیابان.

هاوینی رابردوو، شارۆكەی خانەقین بەرزترین پلەی گەرمی لە عێراق تۆمار كرد كە 51 پلە بووە، بەگوێرەی وێستگەی "بلاسیرفیلی" ئەمەریكی لە ماوەی 24 سەعاتدا.
بەپێی راپۆرتێكی بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بوومەلەرزەی عێراقی، ساڵی رابردوو پلەی گەرما زۆر بەرز بووە، لە هەرێمی كوردستان لە نێوان 41 بۆ 45 بووە، لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و باكوری بەغدا لە نێوان 45 بۆ 49 بووە، بەڵام لە ناوچەكانی باشووری عێراق گەیشتووەتە 51 پلە و كە لە ماوەی 30 ساڵی رابردوو بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی عێراقی وەها ژمارەیەكی تۆمار نەكردووە.

ژمارەكانی كەشناسی عێراقی، لە كاتێكدایە وێستگەی "بلاسیرفیكی" ئەمەریكی رای گەیاند بەپێی چاودێرییەك بۆ 24 سەعات، دەركەوتووە كە شارۆكەی خانەفین بەرزترین پلەی گەرمای تۆمار كردووە كە 51 پلە بووە، پێش ئەویش شارۆكەی دۆرە دێت بە 50 پلە و عیمارە بە 49.6 پلە.

هاوكات نووسینگەی كەشناسی بەریتانی لە راپۆرتێكیدا لە ساڵی 2017 کە "سکای نیوز" بڵاوی کردۆتەوە، پێشبینی دەكات كە هێشتا پلەی گەرمای گۆی زەوی بەرز ببێتەوە و ئاستێكی نوێ تۆمار بكات بەهۆی دیاردەی نینیا لە زەریای هادی.

كەشناسی بەریتانی پێشبینی دەكات هاوینی ئەمساڵ 0.88 یان 1.12 پلەی گەرما بە بەراورد لەگەڵ 2017 بەرز ببێتەوە، كە پێش سەردەمی پیشەسازی 1850 تا 1900 دنیا بەخۆیەوە نەیدیوە، بەو پێیەی رێژەی بەرزبوونەوەیەش بێت پلەی گەرمای گۆی زەوی لە 1981 تا 2010 ئەوا 14.3 پلە گەرمی گۆی زەوی بەرز بووەتەوە.

ئادەم سكیف بەڕێوەبەری بەشی پێشبینییە درێژخایەنەكان لە نووسینگەی كەشناسی بەریتانی دەڵێ، "هاوینی 2018 لەسەر ئاستی دنیا، هاوینێكی زۆر گەرم دەبێت و پلەی گەرمی هاوینی 2016 تێپەڕ دەكات كە ژمارەیەكی پێوانەیی تۆمار كرابوو".

پێشبینییەكانی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە هاوینی ئەمساڵدا لە ئاستی دنیا، لە كاتێكدایە رێكخراوی نێودەوڵەتی چاودێری كەشوهەوای سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان رای گەیاند كە ئەمساڵ، یەكێك دەبێت لە ساڵە هەرە گەرمەكان و هاوشانی سێ ساڵی رابردوو دەبێت، بەڵام بە بەراورد بە هاوینی 2016 كە ژمارەیەكی پێوانەیی تۆمار كرا، كەمێك گەرمییەكەی كەمتر دەبێت و نزیك دەبێت لە هاوینی 2015.

ماوەی چەند ساڵێكە پلەی گەرمی گۆی زەوی بە شێوەیەكی بەرچاو بەرز بووەتەوە، راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان پێیان وایە ئەوەی روو دەدات كودەتایەكە بەسەر كەشناسی و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە هەموو ناوچەكانی گۆی زەوی بە تایبەت رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشووری ئاسیا كە پلەكانی گەرما لەو دوو ناوچەیە ژمارەیەكی پێوانەیی تۆمار دەكەن كە پێشتر بەخۆی نەدیوە، هاوشانی بەزربوونەوەی پلەی گەرماش لەو دوو ناوچەیە رادەی شێیش زیاد دەكات.

بەپێ راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان بێت دیارترین هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، زیادبوونی مرۆڤ و پێشكەوتنی پیشەسازی، گۆڕانكاری لە رووكەشی رۆژ و دیاردەی نینۆ دیارترین هۆكارن.

پێوەند بە زۆربوونی مرۆڤ و پێشكەوتنی پیشەسازی، راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان پێیان وایە مەترسیدارترین هۆكارە كە كاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە بەرگە هەوا دروست دەكات. پێشكەوتنی پیشەسازی و پشتبەستن بە هەموو جۆرەكانی وزە لەوانە رەژوو وەك سەرچاوەیەكی وزە و سووتاندنی و كە دەبێتە هۆی دەركردنی دووانە ئۆكسیدی كاربۆن و چەندان گازی تر، كاریگەری لەسەر بەرگە هەوا دروست دەكات و دەبێتە هۆی توانەوەی بەستەڵەكەكان و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاكان بەهۆی زۆری كارگە پیشەسازییەكانی وڵاتانی ئەوروپا.

هەرچی پێوەندارە بە رووی سەرەوەی رۆژ، هۆكاری روودانەكەی دەگەڕێتەوە بۆ خولگەی رۆژ كە ساڵی 2008 دەستی پێ كردووە و ساڵی 2020 كۆتای پێ دێت و لەم ماوەیەدا تەقینەوەی زۆر گەورە لە رووی سەرەوەی رۆژ روو دەدات و شەپۆلی گەرما رەوانەی بەرگە هەوای هەسارەی زەوی دەكات.

پێوەند بە دیاردەی نینۆ، فەرمانگەی كەشناسی ئوسترالیا لە چواری ئاب/ ئۆگستس 2015 رای گەیاند كە دیاردەی نینۆ خەریكە تەواو ئامادە دەبێت كە بریتییە لە گەرمبوونی سەر رووی دەریاكان لەوانە زەریای هێمن كە هۆكار دەبێت لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرما بەتایبەت لە كیشوەری ئاسیا و هەندێك وڵاتانی ئەوروپی و رۆژهەڵاتی ئەفریقا.

فەرمانگەی كەشناسی ئوسترالی دەڵێ لە سێ ساڵی داهاتوودا پلەی گەرما بە جۆرێك بەرز دەبێتەوە كە پێشتر دنیا گەرمای وەهای بەخۆیەوە نەدیوە، لە هەندێك ناوچەی ئێران دەگاتە 55 پلە و لە عێراق دەگاتە 52 پلە و لە هەندێك وڵاتی ئەوروپی دەگاتە 40 پلە.

بەپێی راپۆرتێكی تری " WMO"ی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان، كە "بەوابە ئەلشەڕق" بڵاوی كردووەتەوە، باس لە درێژبوونەوەی وەرزی هاوین دەكات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كەنداوی عەرەبی، دەڵێ وەرزی هاوین تا مانگی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر درێژ دەبێتەوە و رادەی شێ لە وڵاتانی سەر دەریا بەرز دەبێتەوە، بە جۆرێك پلەی گەرما لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ژمارەی پێوانەیی تۆمار دەكەن، رەنگە بە رێژەی 70% بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و 60% بۆ كەنداوی عەرەبی بەرز ببێتەوە، بەهۆی لاوازبوون یان هێواشبوونەوەی بای نەسیم كە لە زەریا و دەریاكانەوە بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵدەكات.

بەرزبوونەوەی پلەی گەرما پێوەند بە هۆكارە ناوەخۆیی و جیهانییەكان لە هەرێمی كوردستان، ئەژی چەتۆ شارەزای كەشناسی دەڵێ ماوەی چەند ساڵێكە هەرێمی كوردستان كەوتووەتە ژێر پاڵەپەستۆی گەرمای ساڵانەی هیندی كە هەموو ساڵێك هەڵدەكات و لە مانگی حوزەیران دەگاتە هەرێمی كوردستانیش ئەگەر ئاستی پاڵەپەستۆكە زۆر بەرز بێت.

زیاتر گوتی "هاووڵاتییان دوو رۆژی رابردوو هەستیان بە گەرما كردووە، ئەوە هی ئەو پاڵەپەستۆیە گەرمییەی هیندستانە كە ماوەی چەند ساڵێكە بەردەوامی هەیە تا كۆتای وەرزی هاوین كە ئەفغانستان و پاكستان و ئێران و كەنداوی عەرەبی و باشوور و ناوەڕاستی عێراق زۆر بە توندی پێیەوە كاریگەر دەبن، بەڵام كەمتر هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە مەگەر پاڵەپەستۆكە زۆر بەرز بێت".

لە هەرێمی كوردستان هیچ ئامارێكی دروست نییە لەسەر رێژەی سەوزایی كە هۆكارێكی سەرەكییە لە دابەزینی پلەی گەرما، بەڵام بەپێی ئامارە نافەرمییەكان رێژەی سەوزایی لە نێوان 8% بۆ 10%یە، ئەو شارەزایەی كەشناسی كە قسەی بۆ "وشە" كردووە، ئاماژەی بەوە دا لە كوردستان هیچ پلانێك نییە بۆ بەرزكردنەوەی رێژەی سەوزایی، تەنانەت حكوومەت رێی داوە خەڵك بە ئارەزووی خۆی خانوو دروست بكات كە یەك "پارچە كۆنكریتە" بێ ئەوەی وەك جاران سەوزایی هەبێت، ئەمە جگە لە كەمی باخچەی گشتی ناو گەڕەكەكان كە ئەگەر هەبێت ئەوا نەكراون بە باخچە، گوتی "تەنانەت پشتێنەی سەوزایی بە دەوری شارەكان نییە، جگە لەمە سەوزایی نێوان شەقامە سەرەكییەكانیش نین، كەمبوونەوەی ئاویش یەكێكی ترە لە هۆكارەكانی بەرز بوونەوەی پلەی گەرما".

ئەژی ئاماژەی بە خراپی جۆری ئەو قیڕە دا كە لە هەرێمی كوردستان بۆ قیڕتاوی شەقامەكان بەكار دێت و پێی وایە پلەیەك تا سێ پلەی گەرمی بەرز دەكاتەوە. گوتی "لە تكساس بۆیەی سپی تێكەڵی قیڕ كراوە دەركەوتووە پلەی گەرمی دابەزاندووە، لە كوردستان نەك ئەمە ناكرێت، بەڵكو خراپترین جۆری قیڕ بەكار دەهێنرێت. حكوومەت وەها پرسی كەشوهەوای پشتگوێ خستووە تەنانەت لە گوندەكانیش دار ناچێنرێت، ئەمە جگە لە زۆربوونی ئۆتۆمبێل و هەزاران مۆلیدەی كارەبا كە هەر هەموویان هۆكارن بۆ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، كەچی یەك هەنگاو نابینی ببێتە هۆی دابەزاندنی پلەی گەرما كە باشووری عێراق خەریكە دەبێت بە بیابان".



وشە - فه‌رمان سادق


PM:12:07:26/06/2018




ئه‌م بابه‌ته 7549 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌