به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیی كاروبارى یاسایى له ده‌سته‌ى ده‌ستپاكى هه‌رێمى كوردستان، ئاماژه به مه‌ترسییه‌كانى به‌رده‌م پڕۆژه‌ى چاكسازى له هه‌رێمى كوردستان ده‌كات و حكوومه‌ت به كه‌مته‌رخه‌م ده‌زانێت له پلان دانان بۆ توانا مرۆییه‌كان و په‌رله‌مان و حزبه‌كانیش وه‌ك هۆكارى پشت په‌كخستنى پڕۆژه‌كه ناو ده‌بات.
موشیر ره‌شید له‌م چاوپێكه‌وتنه‌دا له‌گه‌ڵ "وشه" رای ده‌گه‌یه‌نێت كه كۆنووسى كۆبوونه‌وه‌ى لیژنه‌كانى په‌رله‌مان له‌سه‌ر چاكسازى زۆر جیاوازه له ناوه‌ڕۆكى پڕۆژه‌كه‌ى حكوومه‌ت. دووپاتیشی ده‌كاته‌وه "به‌ته‌واوى ناوه‌ڕۆكى پڕۆژه‌ى چاكسازییه‌كه‌ى حكوومه‌ت له په‌رله‌مان گۆڕاوه".
ماوه‌یه‌كى زۆره پڕۆژه‌ى چاكسازى له مووچه و ئیمتیازى خانه‌نشینى له په‌رله‌مانى كوردستانه، ئێوه وه‌ك ده‌سته‌ى ده‌ستپاكى ڕۆڵتان له‌ناو پڕۆژه‌كه‌دا هه‌بووه، دوا قسه‌تان له‌سه‌رى چییه؟
ئه‌و پڕۆژه چاكسازییه‌ى له په‌رله‌مانى كوردستانه هه‌شت به‌ش و 23 ماده له‌خۆ ده‌گرێت، به‌شێكى زۆرى پێوه‌ندى به كارى ده‌ستپاكییه‌وه هه‌یه كه چه‌ند بوارێكى گرنگى وه‌ك خانه‌نشینى نایاسایى و رێكخستنه‌وه‌ى مووچه و بندیوار و هه‌ژماركردنه‌وه‌ى خزمه‌ت له‌خۆ ده‌گرێت، دواى بڕیاردان و په‌سه‌ندكردنى ئه‌و یاسایه ده‌نگۆى زۆر له‌ناو خه‌ڵك دروست كرا كه ده‌ستێكى سیاسیی له پشته‌وه بوو بۆ فه‌شه‌ل پێهێنانى ئه‌و یاسایه، ئه‌وه‌ى ئێمه و ڕێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى تێبینیمان له‌سه‌رى هه‌بوو چه‌ند بڕگه‌یه‌كى تایبه‌ت بوو به خانه‌نشینى و به‌تایبه‌ت ماده‌ى سێیه‌م كه داوامان كردبوو یاسایى خانه‌نشینى یه‌كگرتووى عێراق ژماره نۆى ساڵى 2014 جێبه‌جێ بكرێت كه ته‌نیا پێویستى به په‌سه‌ندكردنى له‌لایه‌ن په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه هه‌بوو، كه‌چی تا ئێسته قسه‌یشى له‌سه‌ر نه‌كردووه.
ده‌مه‌وێ ئه‌وه ڕوون بكه‌مه‌وه كه كۆنووسى كۆبوونه‌وه‌ى لیژنه‌كانى په‌رله‌مان له‌سه‌ر چاكسازى زۆر جیاوازه له ناوه‌ڕۆكى پڕۆژه‌كه‌ى حكوومه‌ت و به‌ته‌واوى ناوه‌ڕۆكى پڕۆژه‌ى چاكسازییه‌كه‌ى حكوومه‌ت له په‌رله‌مان گۆڕاوه، هه‌مووی به‌هۆى موزایه‌ده‌ى سیاسیی و هه‌ڵبژاردنه، زۆربه‌ى حزبه‌كان كه باسى چاكسازی و به‌ره‌نگارى گه‌نده‌ڵیان ده‌كرد ئێسته به‌ره‌نگارى پڕۆژه‌ى چاكسازى حكوومه‌ت ده‌بنه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا هه‌ندێك ماده و بڕگه له‌ناو پڕۆژه‌كه‌دا هه‌ن حكوومه‌ت ده‌توانێت به بڕیارێكى خۆى جێبه‌جێى بكات.
مه‌ترسى له‌سه‌ر بڕینى ده‌رماڵه له ناو پڕۆژه‌كه‌دا هه‌یه؟
له‌ناو پڕۆژه‌ى چاكسازى به‌هیچ شێوه‌یه‌ك باسى بڕینى ده‌رماڵه نه‌كراوه، چونكه ئه‌گه‌ر یاساى راژه‌ى شارستانى گشتیی عێراق جێبه‌جێ بكه‌ین ده‌بێت ئه‌وه‌یش جێبه‌جێ بكه‌ین كه ده‌رماڵه نه‌بڕێت و هه‌موو مووچه و ده‌رماڵه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا هاوتا بكرێن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا هه‌ندێك ده‌رماڵه‌ى تر هه‌ن كاتین، ڕه‌نگه بێنه بڕین. به نموونه‌ى ده‌رماڵه‌ى مه‌ترسیی له چه‌ند به‌شێكى وه‌زیفى، ئه‌و ده‌رماڵانه‌ى نایاسایین ده‌بوو په‌رله‌مان به حكوومه‌ت بڵێت ده‌رماڵه‌ى نایاسایی چییه بۆ ئه‌وه‌ى بیبڕێت یان ده‌بێت به یاسا ڕێك بخرێته‌وه، په‌رله‌مان بۆ ئه‌وه‌ى خانه‌نشینى نایاسایى نه‌بڕن، خانه‌نشینى یاسایى به‌رز ده‌كه‌نه‌وه و له ڕاگه‌یاندنه‌كاندا ده‌یكه‌ن به موزایه‌ده كه به‌هۆى ئه‌وه‌وه كۆمه‌ڵێك پرسى گرنگى چاكسازى ون كرا.
ئێسته ئێوه لاتان ڕوونه كێ دژى ئه‌و پڕۆژه‌یه؟
ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان و حكوومه‌ت به‌مشێوه‌یه مامه‌ڵه بكه‌ن، تا دوو ساڵى تریش ناتوانین چاكسازى جێبه‌جێ بكه‌ین، بۆیه پێویسته ئه‌و لایه‌نانه به ڕوونى ئاشكرا بكرێن كه دژى چاكسازین و به‌و جۆره‌ى هه‌یه كاركردنى چه‌ندان ده‌زگه بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى وه‌ستاوه، پێویسته حكوومه‌ت خۆى بڕیار له‌سه‌ر چاكسازى بدات و چیتر نه‌وه‌ستێت به‌تایبه‌ت ئێسته كه ده‌سه‌ڵاته‌كانى سه‌رۆكى هه‌رێم لاى سه‌رۆك وه‌زیرانه، چونكه ئه‌وه‌ى ئێسته هه‌یه پاشگه‌زبوونه‌وه‌ى حزبه‌كانه له چاكسازى و نایانه‌وێت دوو مووچه‌ى و بندیوار كۆتاى بێت، له كاتێكدا سه‌تان به‌ڵگه و گه‌نده‌ڵى هه‌یه كه دامه‌زراندن و به‌رزكردنه‌وه‌ى پله‌ى وه‌زیفى پاڵپشته به یاسای راژه‌ى شارستانى كه ئه‌ویش دوو پێوه‌رى داناوه كه پێوه‌رى بڕوانامه و پێوه‌رى خزمه‌ته، به‌ڵام بۆ زانیارى له‌ناو په‌رله‌مانى كوردستان و ده‌زگه‌كانى كوردستان هه‌زار و 557 كه‌س مووچه‌ى پله سێ تا پله‌ى باڵاى ئهلف وه‌رده‌گرن و بڕوانامه‌كانیان گونجاو نییه، سه‌ربارى ئه‌وه‌ى نۆ كه‌س پله‌ى باڵایان پێ دراوه و هیچ بڕوانامهیهكیان نییه، له كاتێكدا نابێت بڕوانامه‌ى ئاماده‌یش بچێته پله‌ى باڵا، ئه‌وه ته‌نیا له بڕوانامه‌دا كه ڕه‌نگه له حیسابكردنى خزمه‌ت به هه‌زاران كه‌س پله‌ى باڵایان وه‌رگرتبێ، بۆیه ئه‌و حزبانه دژایه‌تى چاكسازى ده‌كه‌ن و له به‌رژه‌وه‌ندییان ده‌درێت، چونكه ده‌یان وه‌زیر و بریكارى وه‌زیریان هه‌یه بێكار ده‌بن كه به‌شێكیان خوێنده‌وار نین.
ئه‌گه‌ر دادپه‌روه‌ریمان بوێت ئه‌وه‌ى ئێسته دادپه‌روه‌رى نییه و كاره‌ساتێكى گه‌وره‌یه ئه‌وه‌یشى له چاكسازى بترسێت، دۆڕاوێكى گه‌وره‌یه.
ئێسته مه‌ترسى ئه‌وه‌تان هه‌یه كه پڕۆژه‌كه زیاتر دوا بخرێت؟
ئێمه له ساڵى 2014ـه‌وه به‌ڵگه كۆ ده‌كه‌ینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ى چاكسازى ئه‌نجام بدرێت و دراوه‌ته حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان تا جێبه‌جێى بكات، حكوومه‌تمان له كاره نایاسایییهكان ئاگادار كردووه‌ته‌وه و ئێسته حكوومه‌ت داویه‌تییه په‌رله‌مان، به‌ڵام گومان هه‌یه پڕۆژه‌كه وه‌ك خۆى جێبه‌جێ بكرێت، چونكه ده‌ستكارى زۆرى كراوه، پڕۆژه چاكسازییه‌كه له ئامانجی گه‌ڕانه‌وه‌ى دادى كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌فیڕۆنه‌دانى سامانى گشتییه‌وه، له په‌رله‌مان كراوه‌ته شتێكى تر. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا حكوومه‌ت بێ پلانه و ناتوانێ كاره‌كانى به رژدى ڕاپه‌ڕێنێت به‌تایبه‌تى له توانا مرۆییه‌كاندا.
له وهڵامهكانت وا ده‌رده‌كه‌وێت ده‌ستپاكى زۆر له حكوومه‌ت و په‌رله‌مان تووڕه بێت؟
به‌ڵێ، ئێمه ده‌ڵێین په‌كخستنى پڕۆژه‌ى چاكسازى به هه‌ده‌ردانى هه‌وڵ و ماندووبوونى چوار ساڵى ده‌سته‌ى ده‌ستپاكى كوردستانه، ناكرێت به‌مشێوه‌یه ئه‌و پڕۆژه‌یه بمێنێته‌وه و حزبه‌كان له پشتى فراكسیۆنه‌كانیانه‌وه كار بۆ ئه‌نجامنه‌دانى چاكسازى بكه‌ن، ده‌بێت ئه‌وه بزانن كه چاككردنى ئه‌و دۆخه له ئه‌ستۆى هه‌موواندایه و هه‌ر لایه‌نێك ڕێگر بێت ده‌بێت گه‌ل سزایان بدات، ناكرێت ئه‌و خانه‌نشینانه‌ى له‌ناو حزبه‌كاندان و خزمه‌تى عێراقیان كردووه به نایاسایى پاره‌یان پێ بدرێت یان ئه‌وانه‌ى یه‌ك چركه‌یش پۆستى وه‌زاریان نه‌بینیوه ئێستا له كه‌ناڵه‌كانه‌وه باسى گه‌نده‌ڵى و بنبڕ‌كردنى بكه‌ن و له‌ژێر خه‌باتى پێشوویان به نایاسایى پاره وه‌ربگرن.