وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاری ئابووریی سەربەخۆی دا

:: PM:01:50:05/12/2016 ‌

ئەمڕۆ دووشەم وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاشكرای كرد، كە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە چوارچێوەی سیاسەتی سەربەخۆیی دارایی، یەكەم هەنگاوی گرتەبەر و چیتر پێشینە "نەسریە"ی مانگانە لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەرناگرێت.

ڕاگەیەنراوەكەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وێنەیەكی بۆ "وشە" نێردراوە و تێیدا عەباس ئەكرەم گوتەبێژی وەزارەتەكە ڕای گەیاندووە، لەگەڵ سەرهەڵدانی تەنگژەی دارایی و وەزارەتی خوێندنی باڵا، دەستی بە كۆمەڵێك هەنگاو كرد تا بتوانێ بەشێوەیەكی سەربەخۆیییانە پێویستییە دارایییەكانی دابین بكات، بۆ ئەو مەبەستەش دەستی بە چەند پڕۆژەیەك كرد.

هەروەها گوتی، لە ڕێككەوتنی 29 تشرینی دووەم/نۆڤێمبەر بە نووسراوی ژمارە 18097 بە ئیمزای یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كە ئاراستەی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران كراوە، تێیدا ئاماژە دراوە كە لەمەودوا دیوانی وەزارەت چیتر پێویستی بە پێشینە "نەسریە"ی مانگانە نییە و لە وەزارەتی دارایی وەریناگرێ، لەبری ئەوە پشت بە داهاتی خۆی دەبەستێ بۆ جێبەجێكردنی كاروباری مانگانەی دیوانی وەزارەت.

گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕوونی كردووەتەوە، كە لە نووسراوەكەدا ئەوەش خراوەتە ڕوو كە لە یەكی كانوونی یەكەم/دیسێمبەرەوە دیوانی وەزارەت خۆی پێویستییەكانی پێشینەی مانگانە پڕ دەكاتەوە و ئەوەی لە وەزارەتی دارایی بۆی نێردراوە، دەیگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی حكوومەت و لە داهاتی وەزارەت خەرجییەكانی دیوانی وەزارەت لەم مانگەوە دابین دەكات.

لە كۆتادا عەباس ئەكرەم گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هێمای بۆ ئەوەش كردووە، كە لەسەر ئاستی زانكۆكان هەنگاو نرا تا زانكۆكانیش لە ڕووی دارایییەوە پشت بەخۆیان ببەستن، بەتایبەت بۆ شایستە دارایییەكانی مامۆستایان و مامۆستایانی وانەبێژ، چونكە خەرجییەكانیان ناگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری، بەڵكو ڕاستەوخۆ لەلایەن زانكۆكانەوە خەرج دەكرێ، ئەمەش هەنگاوێكی گەورەیە بۆ درێژەدان بە سەربەخۆیی زیاتری زانكۆ و دەزگە و دامەزراوەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.


وشە - باز ئه‌حمه‌د