وەبەرهێنانی حەج داهاتێكی شوێنگرەوەی نەوت بۆ سعوودیە

:: PM:03:26:12/10/2016 ‌
ساڵانە داهاتی سعوودیە لە رێوڕەسمی حەج دەگاتە 17 ملیار دۆلار، ئەوەش لەكاتێكدایە داهاتی فرەنسا لە پێشوازی كردنی یارییەكانی پاڵەوانیەتی یۆرۆی ئەمساڵ گەیشتە ملیارێك و 500 ملیۆن دۆلار.

ژمارەی ئەو كەسانەی ئەمساڵ بۆ حەج ڕوویان لە سعوودیە كرد، ملیۆنێك و 600 هەزار كەس بوو، ئەوانەشی كە بۆ یارییەكانی یۆرۆ ڕوویان لە فڕەنسا كرد، ملیۆنێك و 500 هەزاركەسی تێپەڕاند.
 بەشێوەیەكی گشتی حاجییەكان پێویستییان بە مانەوەی 18 شەوە لە وەرزی حەجدا، هاندەرانی یانەكانیش 10 تا 14 شەو لە فرەنسا مانەوە. خەرجی بەشێوەیەكی گشتی لە فرەنسا لەمیانەی یارییەكانی یۆرۆ هەزار یۆرۆی تێپەڕاندووە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی هەر حاجییەك لە سعوودیە چوار تا پێنج هەزار دۆلاری خەرج كردووە، هەندێك بەرنامەی تایبەتیش هەیە بۆ حاجیان تێچووەكەی دەگاتە 10 هەزار دۆلار.

داهاتی كەرتی تایبەت لە فرەنسا ملیارێك و 500 ملیۆن دۆلار بوو، بەڵام 300 ملیۆن دۆلار رێژەی باج و خزمەتگوزاری گەیاندن و چێشتخانە و هۆتێلەكان بووە، بەڵام داهاتی كەرتی تایبەت لە وەرزی حەجدا 60 ملیار ریاڵی سعوودی بووە، كە دەكاتە 17 ملیار دۆلاری ئەمەریكی، ئەگەر خواردن و گواستنەوە و خەرجییەكانی تریش هەژمار بكرێ، ئەوا داهاتی سعوودیە دەگاتە 100 ملیار ریاڵی سعوودی، ئەوەش داهاتێكی یەكجار زۆرە بۆ وڵاتەكە.



بە بەراوردكردنی سعوودیە و فڕەنسا روون دەبێتەوە كە فڕەنسا وڵاتێكی هەرە گران و پێشكەوتووە لە ڕووی نرخەوە، بەڵام تێچووی 10 تا 14 شەو تەنیا هەزار یۆرۆیە لەوكاتەی لەگەڵ گرووپەكان هاووڵاتییان هاتوونەتە فڕەنسا، بەڵام وەزارەتی حەجی سعوودیە باجی زۆری سەپاندووە، هەرچەندە لە ڕووی گرانییەوە سعوودیە زۆر لە فڕەنسا هەرزانترە، بەڵام هەر حاجییەك بەشێوەیەكی گشتی چوار تا پێنج هەزار دۆلاری پێویستە بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج، ئەمەش لە كاتێكدایە هۆكارەكانی گواستنەوە و خزمەتگوزارییەكان بەگشتی لە فڕەنسا زۆر باشترن بە بەراورد لەگەڵ سعوودیە.

پێشوازی كردن لە چالاكییە وەرزشییە گەورەكان تێچووی یەكجار زۆری پێویستە، ئەمساڵ بەرازیل 12 ملیار دۆلار تێچووی هەبوو لە ئۆلۆمپیاد دا، داهاتێكی لەوە زیاتری دەست كەوت، یۆنان لەوكاتەی لە 2004 پێشوازی لە ئۆلۆمپیاد كرد و پارەیەكی زۆری حكوومی بۆ تێچوونی ئۆلۆمپیاد خەرج كرد و دواتر تووشی تەنگژەیەكی قورسی دارایی بوو، بەرازیلیش ترسی ئەوەی هەبوو، بۆیە زۆرێك لە خەڵكی ناڕەزاییان بەرامبەر بە پێشوازی كردنی وڵاتەكەیان لە ئۆڵۆمپیاد دەردەبڕی.

داهاتەكانی حەج راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆن، بەشێوەیەكی گشتی سوودی یەكجار گەورە بە سعوودیە دەگەیەنن، ساڵانە هاوشێوەی مۆندیالێكی ئاینی و ئابووری، وەبەرهێنانی گەورەی تێدا دەكرێ و ساڵ دوای ساڵیش فرەوانتر دەبێت، ئەمەش لەكاتێكدایە ئەم كارە هیچ پێویستی بە خەرج كردنی پارە لە ریكلام و ناساندن نییە، ئەمە سۆزێكی ئاینییە و زۆرینەی مووسڵمانان ئیمانیان بە ناتەواو دەزانن گەر سەردانی سعوودیە نەكەن و حەج نەكەن.



سعوودیە چەندان جار ڕەتی كردووەتەوە كە یەكەیەكی كارگێڕی نێودەوڵەتی پێك بهێنرێت، بۆ سەرپەرشتی كردنی پرۆسەی حەج، بێگومان ئەو نایەوێت داهاتەكەی لەگەڵ وڵاتانی ئیسلامی بەش بكات، بەپاساوی ئەوەی ئەم كارە دەبێتە هۆی دەستوەردان لەكاروباری سعوودیە بۆیە بەهەموو شێوەیەك ڕەتی كردووەتەوە.

سەرەڕای وەبەرهێنانی بەردەوامی سعوودیە لە كەرتەكانی تر، بەڵام حەج وەبەرهێنانێكی بێ كێشە و هەمیشەییە، لەو دۆخەی ئێستە سعوودیە تێی كەوتەوە، دەبێتە داهاتێكی هەمیشەیی كە دەتوانێ شوێنی نەوت بگرێتەوە، چونكە بە دابەزینی نرخی نەوت داهاتی نەوتی سعوودیە نزیكبووەوە لە داهاتی حەج.

چەند ساڵێك پێش ئێستە وڵاتی مالیزیا پێشنیازی خستە بەردەم سعوودیە بۆ ئەوەی پشكداریەتی و هاوبەشی بكات لە وەبەرهێنانی ژێرخانی ئابووری حەجدا، پێشتریش موعەمەر قەزافی سەرۆكی پێشووی لیبیا و ئێران پێشنیازی لەو چەشنەیان كرد، زۆرێك لە زانایانی ئایینی و نووسەرانی ئیسلامیش پێشنیازیان كرد، كە هەردوو شاری "مەككە و مەدینە" هاوشێوەی ڤاتیكان بخرێنە ژێر یاسایەكی نێودەوڵەتی و لە ڕووی سیاسی و یاساییەوە وەك شوێنێكی پیرۆزی موسڵمانان هەژمار بكرێ، بەڵام ئەم هەوڵانە لەلایەن سعوودیە بەهەموو شێوەیەك رەت دەكرێنەوە.

ئابووری تاكە هۆكارە كە سعوودیە رێگری دەكات پرۆسەی حەج ببێتە هاوبەشایەتی و بخرێتە ژێر یاسای نێودەوڵەتییەوە، بۆیە زۆرێك لە وڵاتانی ئیسلامی نیگەرانن لەو كارەی سعوودیە و بە قۆرخكاری هەژماری دەكەن، خاكی ئەو ناوچەیەش بە خاكی هەموو موسڵمانانی جیهان لەقەڵەم دەدەن، نەك تەنیا هەر هی سعوودیە بێت.

وشە/پێگەی دەخلك، و:باز ئەحمەد.


وشە - باز ئه‌حمه‌د