توندوتیژی دژ بە ژنان هەڵكشاوە

:: PM:03:24:05/12/2016 ‌

حاڵەتەكانی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان لە هەرێمی كوردستاندا، داكشانێكی بەخۆیەوە نەبینیوە، بەڵام هەڵكشان و داكشان لە جۆری حاڵەتەكانی توندوتیژیدا هەیە. چالاكانی مەدەنی و داكۆكیكارانی مافەكانی ژنان ژمارەكانی توندوتیژی بە ترسناك دادەنێن و هەندێك دەڵێن، پێشێلكارییەكان توندوتیژتر بوون.

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان، لە شەش مانگی سەرەتای 2016دا، سەتان حاڵەتی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان لەشێوەی كوشتن، خۆكوشتن، سووتان، خۆسووتاندن، توندوتیژی سێكسی و سكاڵا تۆمار كراون.

ئامارەكان روونی دەكەنەوە كە لە ساڵی 2014دا 35 ژن كوژراون، بەڵام لە ساڵی 2015دا، كوژرانی 55 ژن لە كوردستاندا تۆمار كراوە، لە ساڵی 2014دا، 47 حاڵەتی خۆكوشتنی ژنان تۆمار كراوە، بەڵام لە ساڵی 2015دا ژمارەكە بۆ 64 حاڵەت هەڵكشاوە و تەنیا لەشەش مانگی سەرەتای ئەمساڵیشدا 46 ژنی تر خۆیان كوشتووە، ئەوەش هەڵكشانی رێژەی خۆكوشتنی ژنان لەكوردستاندا نیشان دەدات.

سەعیدحەمەدەمینتوێژەری كۆمەڵایەتی پێی وایە، هۆی جیاجیا لە پشت هەڵكشانی حاڵەتەكانی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان هەیە، لەناویاندا، هۆشیاریی یاسایی بۆ تۆماركردنی سكاڵا، زیادبوونی رێژەی دانیشتووان، لاوازی حكوومەت و رێكخراوەكان لەرووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی، هاوكات دروستبوونی فشار و پاڵەپەستۆیەكی دەروونی بەهۆی تەنگژەی دارایییەوە لەسەر خەڵك و هەموو ئەوانە هۆكارن لە هەڵكشانی توندوتیژیدا.



لەپاڵ حاڵەتەكانی كوشتن و خۆكوشتندا، دەیان و سەتان حاڵەتی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان لەشێوەی دەستدرێژی سێكسی و سووتان و خۆسووتاندا تۆمار كراون، تەنانەت تۆماركردنی سكاڵای یاسایی لەلایەن ژنانەوە بەرامبەر بە دەستدرێژییەكانی كراوەتە سەریان، هیچ داكشانێكی بەخۆیوە نەدیوە. لەماوەی ساڵی 2014دا، شەش هەزار و 673 سكاڵا و لە ساڵی 2015دا رێژەكە بۆ حەوت هەزار و 436 سكاڵا بەرزبووەتەوە، ئەوە لەكاتێكدا كە تەنیا لە شەش مانگی سەرەتای 2015دا، بەدیاریكراوی دوو هەزار و 942 سكاڵا لەلایەن ژنانەوە تۆمار كراوە.

كوردستان ئەسعەد چالاكی بواری ژنان پێی وایە، ئامارەكانی توندوتیژی دژ بە ژنان ترسناكن و لە ئێستەدا حاڵەتەكانی توندوتیژی و كێشە كۆمەڵایەتییەكان زیاتر بوون.

ئەو بە"وشە" دەڵێ‌، "ئامارەكان بەتەواوی ترسناكن، لەكاتێكدا ئێستە كێشە كۆمەڵایەتییەكان و جیابوونەوەی هاوسەران زۆر بووە و لایەنە پێوەندیدارەكان لە ئاستی حكوومەت و رێكخراوەكاندا وەك پێویست نین".

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان لە لیژنەی داكۆكی لە مافی ئافرەتان پێی وایە، هەموو سیستەمی كۆمەڵایەتی و حوكمڕانی بەرپرسیار و بەشدارە لە پرسەكانی پێوەست بە ژناندا.

حەیات مەجید، بڕیاردەری لیژنەی داكۆكی لە مافی ئافرەتان لە پەرلەمانی كوردستان بۆ"وشە"ی دووپات كردەوە، "ئەمساڵ رێژەی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان لە كوردستاندا بەراورد بە ساڵانی رابردوو هەڵكشانی بەخۆیەوە بینیوە، لەكاتێكدا بەپێی دیمۆگرافیای شار و ناوچەكان، توندوتیژی لە هەڵكشان و داكشاندایە، بەڵام بەگشتی حاڵەتەكانی توندوتیژی لەبەرزبوونەوەدان، ئەوەش خاڵێكی مەترسیدارە و لەسەر حكوومەت و لایەنە پێوەندیدارەكانی پێویست دەكات بەرنامەی تۆكمە و كردەنییان بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان هەبێت".

وشە/دڵشاد باڵەكی


وشە - تایبه‌ت