ئه‌مڕۆ دووشه‌م له له‌نده‌ن شه‌شه‌م كۆنفرانسی ساڵانه‌ی نه‌وت و گازی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستی پێ كرد و تیایدا كۆمه‌ڵێك ته‌وه‌ری جیاواز له‌باره‌ی پرسی نه‌وت و گاز و ته‌نگژه‌ی دارایی هه‌رێمی كوردستان خرانه ڕوو. 300 پسپۆڕ و شاره‌زای بواری وزه و نوێنه‌ری كۆمپانیاكانی نه‌وت له ٢٠ وڵاتی دنیا به‌شداری ئه‌م كۆنفرانسه‌یان كردووه.
شاندی هه‌رێمی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تیی قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌شداره و تیایدا هه‌ریه‌ك له نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگاری كه‌ركووك و ئاشتی هه‌ورامی وه‌زیری سامانه سروشتییه‌كان له پانێلی جیاوازدا تاوتوێی پرسی نه‌وت و ته‌نگژه‌ی دارایی كوردستانیان كرد.
قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له كۆنفرانسه‌كه‌دا باسی له‌وه كرد كه ده‌ستیان به چاكسازی كردووه و ده‌یانه‌وێت تا ساڵی ٢٠٢٠ به‌شێكی زۆر له ئه‌ركه‌كان به كه‌رتی تایبه‌ت بسپێرن. ئه‌و روونی كرده‌وه بۆ چاكسازیی ئابووری گرنگی به كه‌رته‌كانی كشتوكاڵ و پیشه‌سازی و كه‌رته‌كانی تر ده‌ده‌ن.
هاوكات ئاشتی هه‌ورامی وه‌زیری سامانه سروشتییه‌كان له كۆنفرانسه‌كه‌دا ئه‌وه‌ی خسته ڕوو كه هه‌رێمی كوردستان ساڵانه دوو ملیار دۆلار پاره بۆ كاره‌با خه‌رج ده‌كات، بۆیه ده‌بێت چاكسازی له‌و كه‌رته‌دا بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كان كه‌م بكرێنه‌وه.
ئه‌و گوتی هه‌وڵ ده‌ده‌ن تا ساڵی ٢٠١٨ سه‌رجه‌م وێستگه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با پشت به گاز ببه‌ستن و وێستگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی تری كاربا دابمه‌زرێنن تا بتوانن پێداویستی كاره‌با دابین بكه‌ن، چونكه له كوردستان ئاستی پێداویستییه‌كه ده‌گاته پێنج هه‌زار و ٤٠٠ مێگاوات.
هه‌ر له‌و كۆنفرانسه‌دا نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگاری كه‌ركووك باسی له‌وه كرد كه كه‌ركووك سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه له دوو ساڵی رابردوودا هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆریستی له‌سه‌ر بووه، به‌ڵام توانیویانه به‌سه‌ر تیرۆریستان‌دا زاڵ ببن و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه چه‌ند جارێك كێشه بۆ هه‌نارده‌كردنی نه‌وت دروست بووه، به‌ڵام ئێسته به رێكی نه‌وته‌كه‌ی هه‌نارده ده‌كرێت. ئه‌و باسی له‌وه‌ش كرد كه بڕی نه‌وتی یه‌ده‌گی كه‌ركووك ده‌گاته ١٠ ملیار به‌رمیل.
نه‌جمه‌دین كه‌ریم ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد نه‌وتی كه‌ركووك له رێگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ره‌وانه ده‌كرێت و حكوومه‌تی هه‌رێمیش مانگانه 10 ملیۆن دۆلاریان پێ ده‌دات وه‌ك پاره‌ی پێترۆدۆلار و ئه‌و پاره‌یه‌ش زۆر زیاتره له‌وه‌ی كه پێشووتر حكوومه‌تی عێراق ده‌یدایه كه‌ركووك.