سه‌ڵاحه‌دین ئاشتی له‌گه‌ڵ دنیای وه‌رگێڕاندا تێكه‌ڵ و ئالووده بووه، كتێبه مێژوویییه كوردییه‌كان و مێژووی میله‌تانی دراوسێی كوردی وه‌رگێڕاوه. ئه‌و له دیدارێكی تایبه‌تی "وشه"دا به وردی له‌باره‌ی وه‌رگێڕانه‌وه قسه ده‌كات و هۆكاره‌كانی كه‌مبوونه‌وه‌ی خوێنه‌ر ده‌خاته ڕوو.
له دوای وه‌رگێڕانی 22 كتێب، تێڕوانینی ئێسته‌ت به‌راورد به پێش وه‌رگێڕانی كتێب چۆنه و چ جیاوازییه‌كی جه‌وهه‌ری له تۆدا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه؟
كاتێك ئه‌ده‌بیاتم لێ وه‌ڕاست گه‌ڕا و بوو به ڕه‌وت و ڕێبازی ژیانم، هه‌ستم به سه‌ختی و دژوار بوونی ڕێی وه‌رگێڕان كرد. كاتێك خۆم تێكه‌وتم زانیم نه‌ك هه‌ر دژوار، به‌ڵكو جاری وا هه‌یه گێژاوه و زمانی كه‌م خزمه‌تكراوی كوردی به هه‌زار چه‌رمه‌سه‌ری لێی ده‌رده‌چێ. سواربوونی بیری ده‌روه‌ست بوون و به‌ستنه‌وه‌ی بێ ئه‌ملاولا به ڕووكاری ده‌قی سه‌ره‌كییه‌وه سه‌ره‌تا بڕستی لێ بڕیبووم، یان ده‌توانم بڵێم نه‌یده‌هێشت په‌ل باوێم. به‌پێی تێپه‌ڕبوونی كات بیری ده‌روه‌ستبوونم به ڕووكاری ڕسته‌وه گۆڕا و به‌ره‌به‌ره داڕشتنه‌وه‌ی ماك و مانا جێی گرته‌وه و شێوه‌ی داڕشتنی ڕسته‌ی كوردی بوو به هه‌وێنی تێفكرینم.
ئه‌وه له كاتێكدا من ڕۆژێكیش چییه به كوردیم نه‌خوێندووه و هه‌ر به فارسی ڕاهاتووم و به ڕاستی تا ئێسته‌یش جاروبار داڕشتنی ڕسته له‌سه‌ر شێوه‌ی ڕێزمانی فارسی ده‌ستم له یه‌خه‌ی ناكاته‌وه. ئه‌م ده‌رده ئێسته زۆربه‌ی نووسه‌ران و وه‌رگێڕانی ئێره /ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان/ی گرتووه‌ته‌وه و زۆر و كه‌م هه‌ستی پێ ده‌كه‌ن، به ڕاستی زمانی پێ له گرێژه‌نه ده‌چێ و له هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستاندا زاڵبوونی زمانی بانده‌ست ئه‌م كێشه‌یه‌ی ناوه‌ته‌وه و ئاوا بڕوا گه‌وهه‌ری زمان پتر په‌ڵه‌ی تێده‌كه‌وێ.
به كوردی و كورتی، وه‌ك ده‌ڵێن وه‌رگێڕان هونه‌ری داهێنانه و به‌لای منه‌وه ماكه‌ی سه‌ره‌كی له وه‌رگێڕاندا بۆ سه‌ر زمانی كوردی، ده‌بێ پاراستنی ڕه‌وتی زمانه‌كه بێ، نه‌ك ئه‌م زمانه‌ی ده‌كرێته سه‌رچاوه‌ی وه‌رگێڕان.
به دیدی تۆ، وه‌رگێڕان ڕێسا و یاسای تایبه‌ت به خۆی هه‌یه؟
بێگومان وه‌رگێڕان خاوه‌نی یاسا و ڕێسای تایبه‌ته، بۆیه كه دێته سه‌ر شێوه‌ی وه‌رگێڕان، باسی وه‌رگێڕانی وشه به وشه، ڕسته به ڕسته و بڕگه به بڕگه یان شێوه‌ی ئازاد دێته ئاراوه، به‌ڵام نابێ لێمان تێك بچێ كه پله‌ی خوێنده‌واری و شاره‌زایی و خۆش چێشكه‌یی له وه‌رگێڕاندا ده‌وری سه‌ره‌كی ده‌گێڕن و ڕوانگه‌ی وه‌رگێڕ خۆی له‌سه‌ر شێوازی داڕشتنی ڕسته له چوارچێوه‌یه‌كی ته‌نگه‌به‌ری دیاریكراودا ناحه‌جمێ. بۆ نموونه ڕۆمانی "كوێری" هه‌تا ئێسته 13 جار كراوه‌ته فارسی، كه به‌راوردیان ده‌كه‌ی به كه‌می به‌رچاو ده‌كه‌وێ، ڕسته‌كان له ڕواڵه‌تدا له یه‌كتر بچن، له كاتێكدا هه‌موویان به‌گشتی ناوه‌رۆكی ڕۆمانه‌كه‌یان بۆ گێڕاوین، بۆیه ده‌بێ بزانین شێوه‌یه‌كی ده‌قگرتووی چه‌قبه‌ستوو له وه‌رگێڕاندا ناتوانێ ده‌وری كاریگه‌ر بگێڕێ.
تێڕوانینت له‌مه‌ڕ ئه‌م كتێبانه چییه كه زیاد له دوو سێ وه‌رگێڕ كردوونی به كوردی؟
زۆرم پێ باشه كتێبێك پتر له جارێك بێته وه‌رگێڕان، به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن ئه‌و كه‌سانه‌ی كه به‌ڕاستی شاره‌زای زمانی ده‌قی سه‌ره‌كی و زمانی خۆماڵین. ئه‌م كاره سه‌ره‌ڕای ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زمان، ئاستی وریایی و شاره‌زایی و زانینی وه‌رگێڕه‌كانیشی لێ فام ده‌كرێته‌وه. له لایه‌كی تریشه‌وه ڕه‌نگه وه‌رگێڕه‌كان خاوه‌نی بۆچوونی تایبه‌ت بن له‌سه‌ر شێوه‌ی كاری پێش خۆیان، به‌ڵام، پێم وایه پێویست ناكا وه‌ك ڕۆمانی "كوێری" بێتام بكرێ و زیاتر بكه‌وێته سه‌ر باری خۆ نواندن، نه‌ك كارێكی پێویست.
پێشنیار و سه‌رنجت بۆ وه‌رگێڕه گه‌نجه‌كان چییه؟ چ بكه‌ن تا له وه‌رگێڕاندا سه‌ركه‌وتوو بن؟
ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌یه‌وێ بكه‌وێته سه‌ر بواری وه‌رگێڕان یان لێبڕاوه وه‌رگێڕ بێ، یه‌كه‌م پێویسته هه‌تا ئه‌ندازه‌یه‌كی ته‌واو شاره‌زای زمان و كه‌لێن و قوژبنی بێ، هه‌تا بتوانێ ده‌قێك بگرێ كه گۆڵ بخوڵقێنێ.
خاڵی دووه‌م، ده‌بێ كتێبێكی چاك هه‌ڵبژێرێ.
خاڵی سێیه‌م ده‌بێ به‌ڕاستی شاره‌زا یان لانیكه‌م چاك ئاشنای ده‌قی سه‌ره‌كی و ده‌قی مه‌به‌ست بێ. كه‌سێك با هه‌ردوو زمانیش بزانێ، بۆ نموونه كاتێك شاره‌زای بواری فه‌لسه‌فه نییه، ناتوانێ كارێكی سه‌ركه‌وتوو ئه‌نجام بدات.
خاڵی چواره‌م، پێویسته زۆر به ڕووخساری ده‌قه‌وه نه‌نووسێ، ده‌نا به‌رهه‌مێكی ناكۆڵ و كاڵ ده‌بێته ئاكامی كاری و سه‌ره‌ڕای تێنه‌گه‌یشتنی خوێنه‌ر، زمانیش ده‌شێوێنێ. زمانی وه‌رگێڕان ده‌بێ سه‌نگین و ئاسان بكرێ و له‌گه‌ڵ زمانی مه‌به‌ست ڕێك بكرێ، نابێ شێوه‌ی داڕشتنی ڕسته‌ی زمانی سه‌ره‌كی ببێته ماكه‌ی كار.
خاڵی پێنجه‌م، پێویسته وه‌رگێڕ له سه‌ره‌تا و كۆتای كار‌دا پرس به شاره‌زایانی ڕاشكاوی تێبینه‌ر بكات و له ڕێنوێنییان نه‌ترسێ.
خاڵی شه‌شه‌م، ده‌قی وه‌رگێڕاو چه‌ند جارێك بخوێنی و ئه‌وه‌نده‌ی ده‌توانێ گرێ و گرفته‌كانی بڕه‌وێنێته‌وه.
خاڵی حه‌وته‌م، ده‌بێ پێش بڵاوبوونه‌وه‌ی به‌رهه‌م هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی هه‌ڵه‌چنی لێزان بدات، ئه‌گه‌ر ئه‌م خاڵه ڕه‌چاو بكرێ، ڕه‌نگه خاڵی پێنجه‌م زۆر به‌های نه‌مێنێ.
خاڵی هه‌شته‌م، جێی تێڕامانه، ئه‌ویش په‌له نه‌كردنه له بڵاوكردنه‌وه. به‌رهه‌مێك له ده‌ست ده‌رچوو پاشان به پێداچوونه‌وه‌ی چه‌ند جاره‌ش هه‌ر جێبه‌جێ نابێ. خۆم به‌سه‌رم هاتووه و خۆزگه ده‌خوازم فڵانه كتێبه‌م ئێسته بكردایه كوردی نه‌ك 20 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر! بۆ؟ چونكه ئێسته باشتر ڕاهاتووم و پێچ و گه‌وه‌كانی ده‌قم ڕوونتر بۆ ده‌چنه‌وه سه‌ر یه‌كتر.
وه‌رگێڕان چێژی تایبه‌تی به سه‌ڵاحه‌دین ئاشتی به‌خشیوه؟
به‌ڵێ، بۆ نموونه ڕسته‌یه‌كی خۆش و جوان داده‌ڕێژم، شادی‌م له ده‌رووندا ده‌گه‌ڕێ، قاقا پێده‌كه‌نم و جاری وایشه كوڵ ده‌مگرێ له خۆشییان ده‌ڵێم ئای به قوربانتم زمانی كوردی، چۆن پێكهاته‌ی زمانی تر شه‌نوكه‌و ده‌كه‌ی، زمانی كوردی بۆ وه‌رگێڕانی نووسراوی كۆنی مێژوویی یان ڕۆمانی نزیك فه‌رهه‌نگی خۆمان ده‌ناڵێ و جاروبار نه‌بێ گرێی وه‌به‌ر نایه، ئه‌م مه‌به‌سته مه‌ست و سه‌رخۆشم ده‌كات و پێوه‌ی ده‌ژیم.
جاروبار باسی خیانه‌تی وه‌رگێڕ ده‌كرێ، خیانه‌تی وه‌رگێڕان چییه؟
لادان له ماك و ناوه‌ڕۆكی ده‌ق و لێ زیادكردن و لادان به ئاره‌زوو، گۆڕینی ده‌ق به بارێكی تردا خیانه‌ته. بۆ ده‌ڵێم لادانی ئاره‌زوو، چونكه لادانی نائاره‌زوویش هه‌یه، ڕه‌نگه ده‌ق بكه‌وێته به‌ر سانسۆر و لادرێ، له‌م كاته‌دا وه‌رگێڕ بێ ده‌سه‌ڵاته، به‌ڵام كاتێك وه‌رگێڕ بزانێ هه‌ڵه‌چنی ده‌زگه‌ی سانسۆر ده‌قی نووسینه‌كه به لاڕێدا ده‌با یان لای ده‌دا، ڕازی نه‌بوون به چاپكردنی كتێبه‌كه، باشترین ڕێیه.
چ جۆره وه‌رگێڕانێك به سه‌ركه‌وتوو ده‌زانی؟
من زیاتر ئاره‌زووم به وه‌رگێڕانی ده‌روه‌سته‌وه هه‌یه، وه‌رگێڕانێك كه بتوانێ پارێزه‌ری ناوه‌ڕۆكی ده‌ق له لایه‌ك و داڕشتنی ڕسته‌ی جوان و خۆماڵی بێ له زمانی كوردیدا. هه‌ر ده‌قێك بتوانێ تام و بۆنی زمانی مه‌به‌ست بگرێ و له تامی وه‌رگێڕانن ده‌رباز بێ، بێگومان وه‌رگێڕانێكی سه‌ركه‌وتووه. به‌ڵام ده‌بێ له یادمان بێ ئه‌گه‌ر ده‌قی سه‌ره‌كی نه‌توانێ سه‌رنج رابكێشێ، وه‌رگێڕی سه‌ركه‌وتووش خاو ده‌كاته‌وه، ئه‌گه‌ر په‌كی نه‌خا.
ئێسته ده‌كرێ بپرسم، وه‌رگێڕی سه‌ركه‌وتوو كێیه؟
هه‌ر كه‌س ته‌واوی خاڵه‌كانی وه‌ڵامی پێشوو ڕه‌چاو بكا وه‌رگێڕێكی سه‌ركه‌وتووه.
ئێسته ڕۆژانه كتێبی نووسراو و وه‌رگێڕان بڵاو ده‌كرێته‌وه، بۆچوونی تۆ له‌مباره‌یه‌وه چییه؟ خوێنه‌ر چ بكات بۆ دۆزینه‌وه‌ی كتێبێكی باش كه حه‌زی خوێندنه‌وه‌ی له‌لا زیاد بكات، نه‌ك لێی دوور كه‌وێته‌وه؟
خۆزگه پێش چاپ و بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌ر به‌رهه‌مێك، ناوه‌ندێك هه‌بووایه بۆ ئه‌وه‌ی فتوای له‌سه‌ر ڕێنووس و ڕێزمانی به‌رهه‌مه‌كه بدایه، كه ئه‌م به‌رهه‌مه بۆ چاپ ده‌شێ یان ناشێ! ته‌نیا لایه‌نی ڕێزمان و ڕێنووس سه‌یر بكردایه كاری به‌سه‌ر ناوه‌ڕۆك نه‌بووایه. بۆ وا ده‌ڵێم، چونكه به ڕاستی له‌م شه‌یتانه بازاڕه‌ی وه‌رگێڕان و نووسیندا، ڕێزمان و ڕێنووس وێران بوون و له‌لایه‌كی تره‌وه داڕشتنی وشه و ده‌سته‌واژه‌ی هه‌ڵه وا نه‌بووه‌ته باو به ئاسانی چاك بێ.
خوێنه‌ر خۆی بواری دڵخوازی هه‌ڵده‌بژێرێ و كاری كه‌س نییه پێی بڵێ چ بكات و چ نه‌كات! به‌ڵام ئه‌گه‌ر ڕه‌خنه‌گری جێ متمانه و باوه‌ڕپێكراو هه‌بووایه، ڕه‌نگه به‌شێك له گرفتی ڕێنیشاندانی خوێنه‌ران چاره‌سه‌ر بووایه، به‌داخه‌وه ڕه‌وتێكی ئاوا بوونی نییه.
له باشووری كوردستان خوێنه‌ر زۆر كه‌م بووه، دۆخی ڕۆژهه‌ڵات چۆنه و هۆكاره‌كان چین؟
لێره‌ش خوێنه‌ر له‌وپه‌ڕی كه‌میدایه و ڕه‌نگه له گه‌رمیان و كوێستان هۆكاره‌كان یه‌ك شێوه بن. یه‌كه‌م هۆكار كه ده‌كرێ بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر لاوازبوونی بنه‌مای ئابووری كه شیرازه‌ی هه‌موو شتێكی تێك داوه. دووه‌م، په‌ره‌گرتنی دنیای مه‌جازی كه به ڕاستی خه‌ڵكی له كتێب و ڕۆژنامه و گۆڤار دوور خستووه‌ته‌وه و ته‌له‌ڤزیۆنیش با له‌وێ ڕاوه‌ستێ! سێه‌م، ده‌كرێ فه‌رهه‌نگی داڕزیوی ده‌سه‌ڵات بێ له هه‌موو بواره‌كاندا. ڕه‌نگه دواین هۆكار نه‌بوونی ده‌قی دڵخواز و شاز بێ، كه ئه‌مه‌یان شوێنێكی به‌رچاوی هه‌یه له تۆراندنی خوێنده‌واراندا.
پرۆفایل
سه‌ڵاحه‌دین ئاشتی ساڵی (1963) له مهاباد له دایك بووه، خاوه‌ن بڕوانامه‌ی دیپلۆمه و سه‌رقاڵی نووسین و وه‌رگێڕانه، تا ئێسته 22 كتێبی نووسیوه و وه‌رگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانی كوردی.
وشه/ مهاباد- زامدار كۆیی