لەبارەی مووچە وەزارەتی دارایی ڕوونكردنەوەیەكی بڵاو كردەوە

:: PM:05:39:03/07/2018 ‌
وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕوونكردنەوەیەكی لەبارەی دابەشنەكردنی مووچەی چەند وەزارەتێك بڵاو كردەوە و ڕای گەیاند، زۆرترین بڕی مووچە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، ناوخۆ و پەروەردەیە ناتوانرێت لەیەك لیست هەمووی پێكەوە بدرێت.

ئەمڕۆ سێشەم سێی تەمووز، دوابەدوای ڕاگەیاندنی خشتەی دابەشكردنی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران بەبێ‌ وەزارەتی پەروەردە و ناوخۆ و خانەنشینان، وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕوونكردنەوەیەكی بڵاو كردەوە و تیایدا هاتووە، لە سەرەتای راگەیاندنی سیستەمی نوێی دابەشكردنی مووچە ئەوە راگەیاندرا كە بنەمایی ئەم سیستەمە لە سەر دوو بڕە پارەیە، ئەوانیش 378 ملیار دیناری  داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ 317 ملیار دیناری تر كە بەغدا دەینێرێت، بۆیە مانگانە مووچە لەكاتی خۆی دابەش دەكرێت بە دوو لیست،  لە لیستی دووەم لەگەڵ گەیشتنی بڕە پارەكەی بەغدا یەكەم وەزارەت، وەزارەتی پەروەردە دەبێت.

لەبەشێكی تری ڕوونكردنەوەكەدا هاتووە، لە ساڵی 2014 حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پەرلەمانی كوردستان بڕیاریاندا لە دابەشكردنی مووچە مانگانە یەكەم وەزارەت لە ریزبەند وەزارەتی پێشمەرگە بێت. وەزارەتەكە باس لەوەیش دەكات كە زۆرترین بڕی مووچە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، ناوخۆ و پەروەردەیە ناتوانرێت لەیەك لیست هەمووی پێكەوە بدرێت، چونكە هەردوو بڕە پارەكە بەیەكەوە ناگاتە وەزارەتی دارایی و ئابووری.

ئەوە لەكاتێكدایە كە هەر ئەمڕۆ "وشە" هەواڵێكی بڵاو كردەوە و تیایدا هاتبوو، وەزارەتی پەروەردە و ناوخۆ لە لیستی مووچە نیگەرانن.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم