نووسەر و لێكۆڵەر سابیر رەشید، یەك لە نووسەرە دیارەكانی هەولێر و كوردستانە. سابیر بەبێ دەنگی كاری گرنگ ئەنجام دەدات. وەلێ لە چوارچێوەی بچووك دایدەنێ، بە پێچەوانەی هەندێ لە نووسەران كاری بچووك و رێكلامی گەورە واتە "ناوی گەورە و دێی وێران".
سابیر رەشید خاوەنی دەیان كتێبی ئەدەبییە لە بواری وەرگێڕان و كورتە چیرۆك و رۆمان و لێكۆڵینەوە، بۆیە نازناوی "كەسی نووسەرە بێ كەسەكان"م پێ بەخشیوە، چونكە جیا لەوەی دەیان لێكۆڵینەوەی لەسەر نووسەرە كۆچكردووەكان كردووە، لەم دوایییە دوو كتێبی بەپێزی لەسەر هەردوو چیرۆكنووسی نوێكار و رابەرانی چیرۆكی نوێی كوردی "لەتیف حامید و سەدرەدین عارف" كردووە.
یەكەمیان بە ناونیشانی (ئینیسكلۆپیدیای لەتیف حامید بەرزنجی) لە بڵاوكراوەكانی ئەكادیمیای كوردی، هەولێر، 624 لاپەڕەیە و لە ساڵی 2017 چاپ و وەشان كراوە. دووەمیان بەناونیشانی (سەدرەدین عارف نوێكاری چیرۆكی كوردی) لە بڵاوكراوەكانی دەزگەی چاپ و پەخشی سەردەم، سلێمانی، 116 لاپەڕەیە و لە ساڵی 2018 لە چاپخانەی هەمان دەزگا چاپ كراوە.
لەبارەی "رۆمانی كوێرەی چاوساغ" لە نووسینی سابیر رەشید، كە لە 100 لاپەڕەی قەبارە مامناوەندی و نۆ بەش پێكهاتووە، لە سەرەتای هەر بەشێكدا بە گوتەیەكی ناوداران وەك "مەولانای رومی و ساراماگۆ و دیستۆفیسكی و ئیلیف شەفەق و گیڤارا و.. هتد" دەست پێ دەكات، هەر گوتەیەك گوزارشت لە ناوەڕۆكی ئەو بەشە دەكات. دەتوانین بڵێین رۆمانێكی مێژوویییە و باسی لە زەمەنێكی دیاریكراوی مێژوویی كورد دەكات.
لە كۆماری مەهابادەوە تا ساڵی 2017
هاوشێوەی رۆمانی "التوت والنبوت"ی رۆماننووسی میسری بەناوبانگ "نەجیب مەحفووز" كە لە رۆمانەكەیدا گەلێكی لە سێ برادا بەرجەستە كردووە و ئەو سێ برایە هەریەكە و رێیەكی جیاوازیان گرتووەتە بەر. یەكێكیان پیاوی دەسەڵاتە و ئەویتریان خەریكی پارە كۆكردنەوە و رابواردنە و سێیەمیش لە بەرەی گەل و دژی دەسەڵاتە. سابیر رەشید لە رۆمانی كوێرەی چاوساغدا بەهەمان شێواز مێژووی رووداوە مێژوویییەكانی گەلی كوردی هەر لە كۆماری مەهاباد و شۆڕشەكانی دواتر و مەرگەساتەكانی ئەنفال و كیمیاباران و شەڕی ناوخۆ و زەبروزەنگی رژێمی بەعس و رۆڵی خراپی موستەشار و ئامر مەفرەزە خاسە و كاولكارییەكانی كوردستان تا دەگاتە تەنگژەی دارایی و نادادپەروەریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان. لە یەك خێزانی شەش ئەندامیدا كۆ كردووەتەوە كە لە شاری مەهابادەوە هاتوون و لە هەولێر گیرساونەتەوە.
سابیر رەشید لەرێی كوێرەی چاوساغەوە هەوڵ دەدات مێژووی كورد و نەهامەتییەكانی بگێڕێتەوە و بیكات بە رۆمانێك تا لە پێشبڕكێی فێستیڤاڵی رۆشنبیری بەشداری پێ بكات. بێگومان مەبەستم ئەوە نییە سابیر سوودی لە بیرۆكەكەی نەجیب مەحفووز وەرگرتبێت، وەلێ مەبەستم كارامەیی خۆیەتی كە هیچی لە نووسەرە عەرەب و بیانییەكان كەمتر نییە و كارەكتەرەكانی زۆر بەجوانی رۆڵ پێداوە و زۆر هونەرییانە بیرۆكەكەی داڕشتووە و توانیویەتی بەجوانترین شێوە لە رێی كوێرەی چاوساغەوە، شۆڕشەكانی كورد و نەهامەتییەكان و كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە و جینۆساید ئەنفال، لە رۆمانەكەیدا كۆ بكاتەوە.
بەداخەوە تا ئێستە نووسەران و ئەدیبانی كورد نەیانتوانیوە ئەو هەموو نەهامەتییانە بكەن بە بناغەی كارەكانیان. بۆ نموونە شیعر و چیرۆكی زۆر لەسەر ئەنفال نووسرا، وەلێ بەداخەوە هیچیان نەیانتوانی مەبەستەكە بپێكن و ببن بە بابەتێكی ئەدەبی سەركەوتوو. تەنیا بابەتە مێژوویییەكان نەبێت.
من لێرەدا نامەوێ زۆر بچمە قووڵایی رۆمانەكە، وردەكارییەكانی بۆ خوێنەری ئازیزی بەجێ دێڵم و لە كۆتادا دەڵێم: رۆمانەكە بەشێوەیەكی جیاواز نووسراوەتەوە و شایانی خوێندنەوەیە و بەشێوازێكی سەركەوتووانە دۆزی كوردی كردووەتە كەرەستەی سەرەكی و كەم نووسەر توانیویەتی رووداوە مێژوویییەكانی نەتەوەكەمان لە ژانرە ئەدەبییەكان بەرجەستە بكات.
ستار جەباری