لە چوار مانگ 13 هەزار تاوان و سكاڵا براونەتە دادگاكانی دهۆك

:: PM:03:01:04/07/2018 ‌
دادگای تێهەڵچوونەوەی پارێزگای دهۆك لە ئامارێكدا ئاشكرای كردووە، لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای دهۆك 12 هەزار و 903 تاوان و سكاڵا و دۆسیەی لێكۆڵینەوەی جۆراوجۆر هاتوونەتە دادگاكە و تەنیا نۆ هەزار و 468 تاوان لەلایەن دادگا یەكلا كراونەتەوە.

ئامارەكەی دادگای تێهەڵچوونەوەی دهۆك وێنەیەكی دەست "وشە" كەوتووە و تێیدا هاتووە، لە 456 سكاڵا تا ئێستە تەنیا 222 دانەیان یەكلا كراونەتەوە، 656 تاوانی جۆراوجۆریش لە دادگای تاوانی یەك و دووی دهۆك، توانراوە 481 تاوان بڕیاریان لەسەر بدرێ.

لە بەشێكی تری ئامارەكە هاتووە، لە 180 دۆسیەی نەوجەوانان تەنیا 135 بڕیاریان لێ دراوە، لە دوو هەزار و 668 دۆسیەی تاوانی كەتنیش دوو هەزار و 254یان بڕیاریان لەسەر دراوە، سەرجەمی شەش هەزار و 130 دۆسیە، چوار هەزار و 543 یەكلا بوونەتەوە.

لەبارەی سكاڵا و بڕیارەكانی دادگا لەسەر دۆسیەكانی باری كەسی لە ئامارەكە هاتووە، لە 985 دۆسیە 529یان بڕیاریان لێ دراوە، 28 دۆسیەی دادگای كارگێڕی 20یان كۆتایییان هاتووە، 59 دۆسیەی كەسایەتی و 118 دۆسیەی توندوتیژی خێزانی و 808 دۆسیەی تاوان لەو چوارمانگە هاتوونەتە دادگاكانی دهۆك، كۆی گشتی هەموو دۆسیەكان دەكاتە 12 هەزار و 903 لەو ڕێژەیەی بە گشتی نۆ هەزار و 468یان دادگا بڕیاری یاسایی لەسەر داون.

دهۆك/ نەوزاد هلۆری.



وشە - باز ئه‌حمه‌د