بەم كەلوپەلانەی ماڵەكەت..مێروولە لەناوبرەوە

:: PM:03:11:04/07/2018 ‌
مێروولەكان زیندەوەری بچووكن و زیاتر لە وەرزی گەرمادا دەردەكەوێت لە ماڵ و كۆگا یان ئەو شوێنانەی بڕێكی زۆر خۆراكی تێدا هەڵدەگیردرێت. زۆر بەرهەم هەن كە بۆ له‌ناوبردنی مێروولە بەكاردەهێنرێن، بەڵام زۆرێك لەو بەرهەمانە پڕن لە مادەی كیمیایی و بۆنی جۆراوجۆر كە زیانێكی زۆر بە ئەندامانی خێزان دەگەینن، باشترە بیر لە چارەسەری سروشتی بكرێتەوە بۆ ڕزگاربوون لە مێروولە، لێرەدا باس لە چەند ڕێیەك دەكەین كە بە ئاسانی مێروولەكان لەناو دەبەن.

یەكەم: زەیتی نەعناع، چەند دڵۆپێك لەم زەیتە بۆندارە بكەرە سەر پارچە لۆكەیەك ئەو شوێنەی پێ بسڕەوە كە مێروولەكانی تێدایە یان ئەو شوێنەی كە مێروولەكانی تێدا دەژی، بەشێوەیەكی خێرا مێروولە لەناو دەچن یان ئەم زەیتە وەكو سپرا بەكاربهێنە بۆ لەناو بردنی مێروولەكان.

دووەم: زەیتی گەڵای چا، بەهەمانشێوەی زەیتی نەعناع ئەم زەیتەش بەسوودە لە بنەبڕكردنی مێرووەكان، دەتوانرێت وەكو دژە ڤایرۆسێك بەكاربهێنرێت بۆ پاككردنەوەی ماڵ یان ئەو شوێنانەی كە مێرووی تێدایە، دیسان پارچە لۆكەیەك بەم زەیتە چەور بكە و ئەو شوێنەی پێ بسڕەوە كە مێروولەكانی تێدایە.

سێیەم: خەل، بەكارهێنانی خەلی سپی زۆر گرنگە بۆ ڕزگاربوون لە مێروولە، تەنیا كەمێك خەل لەو شوێنە دابنێ‌ كە مێروولەكانی تێدایە بە تایبەتی لەو شوێنەی كە هێلانەی مێرووەكانە، ئەگەر هەستت كرد مێروولەكان لە شوێنی خۆیانن ئەوە بڕێكی زیاتر بەكاربێنە.

چوارەم: گژوگیا یان بەهارات بەكاربهێنە، بۆ ئەوانەی كە زەیتەكان بەكارناهێن ئەوە بەكارهێنانی بەهارات و گژوگیا رێیەكی باشە بۆ ڕزگاربوون لە مێرووەكان وەكو سیر، دارچین، بیبەری تیژی سوور، خوێ‌، نەعاع، بیبەری رەش، گەڵای غار، تەنیا ئەم بەهاراتانە لە دەروازەی شوێنی مێرووەكان دابنێ‌ لە ماوەی چەند رۆژێكدا لە مێروو ڕزگارت دەبێت.



وشە - ئاوات ئازاد