دزەكانی ئەم شارەی كوردستان پارە لە مزگەوت دەشارنەوە

:: AM:09:00:05/07/2018 ‌

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین ئاشكرای كرد، دوو تۆمەتباریان گرتووە كە هەڵساون بە ئەنجامدانی دزی و پارەكەیان لە مزگەوت شاردووەتەوە، دوا گرتنیان ددانیان بە تاوانەكەیان داناوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم شەشی تەمووز/ یۆلیۆ، ڕائید شۆڕش ئیسماعیل بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی ڕاپەڕین بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، هێزەكانی بنكەی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی پشدەر پاش بەدەستهێنانی زانیاری و سكاڵای هاووڵاتییەك، توانییان دوو گومانلێكراو بە تۆمەتی دزینی شەش ملیۆن دینار بگرن و پاش لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا ددانیان نا بە تاوانەكەیان.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی ڕاپەڕین گوتی، تاوانباران بەگوتەی خۆیان ئەوان پارەكەیان دزیوە و دوای گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی هێزەكانی نەهێشتنی تاوانی پشدەر توانیویانە بڕی دوو ملیۆن دینار بدۆزنەوە.

ئاماژەی دا، بەشێكی ئەو پارەیە لەناو مزگەوتدا هاتبووە شاردنەوە، دواتر بە بڕیاری دادوەر بە مادەی 443 بەند كران.

لە ڕاگەیەنراوێكی پۆلیسی سلێمانیش هاتووە، دوێنێ‌ منداڵێكی تەمەن نۆ ساڵ فیشەكێكی بەردەكەوێت و گیان لە دەست دەدات بەهۆی كێشەیەكی كۆمەڵایەتی.

خۆكوشتن و كوشتن لە ماوەی ڕابردوو زیادی كرووە، بەهۆی زۆربوونی چەك و هێزە تەناهییەكان لە شار و شارۆكەكانی هەرێمی كوردستان چەندان هەڵمەتی چەكگرتنیان دەست پێ‌ كردووە.




وشە - رامیار جەواد