پێنجشه‌می رابردوو، هاووڵاتییه‌كی ته‌مه‌ن 15 ساڵ كه دانیشتووی گوندێكی شاره‌دێی خه‌لیفان له سنووری پارێزگای هه‌ولێر بوو، گه‌یه‌نرایه نه‌خۆشخانه‌ی ئاشتی له سۆران و دوای پشكنین ده‌ركه‌وت هه‌ڵگری نه‌خۆشیی كۆنگۆ یان "په‌تای خوێنه"، بۆیه ده‌ستبه‌جێ ره‌وانه‌ی هه‌ولێر كرا.به‌رپرسانی نه‌خۆشخانه‌ی ئاشتی به‌هۆی خوێنبه‌ربوونی نه‌خۆشه‌كه، به‌مه‌به‌ستی سه‌لامه‌تیگشتیی، رۆژانی هه‌ینی و شه‌موو نه‌خۆشخانه‌كه‌یان داخست و سه‌رجه‌م به‌شه‌كانی نه‌خۆشخانه‌یان به ده‌رمانی تایبه‌ت رشاند.
ته‌ڵعه‌ت سوورچی چالاكی مه‌ده‌نی دانیشتووی شاره‌دێی خه‌لیفان، به"وشه"ی راگه‌یاند،له خه‌لیفان 20 ساڵ پێش ئێسته سه‌ربڕخانه هه‌بووه و ڕۆژانه دكتۆره‌كانی ڤێته‌رنه‌ری پشكنینی ئاژه‌ڵه سه‌ربڕاوه‌كانیان ده‌كرد. ئه‌وكات قه‌سابه‌كان گۆشته‌كانیان ده‌فرۆشته هاووڵاتییان، به‌ڵام ئێسته له جیاتی ئه‌وه‌ی چاودێریكردنی ئه‌و شوێنه هه‌ستیارانه توندوتۆڵ‌تر بكرێت، خراپتر بووه و شتێك نییه به‌ناوی سه‌ربڕخانه و چاودێریكردن بۆ ئه‌م بابه‌ته و خه‌ڵك به ئازادی له كۆڵانه‌كان بێ گوێدان به ته‌ندروستیی هاووڵاتییان مه‌ڕ و ره‌شه‌وڵاغ سه‌رده‌بڕن و بێ پشكنینی ته‌ندروستی ده‌یفرۆشن.
به‌گوته‌ی ئه‌و "مریشكفرۆشه‌كانیش به‌هه‌مانشێوه پێشێلی رێنوێنییه‌كان ده‌كه‌ن و ئه‌مه‌ش به قسه‌ی پسپۆڕان، ئه‌و نه‌خۆشییه له ئاژه‌ڵ و مه‌ڕ و ماڵات و قه‌سابخانه‌كان بۆ مرۆڤ ده‌گوازرێته‌وه" .
ئه‌و دووپاتی كرده‌وه، یه‌كه‌م حاڵه‌تی كۆنگۆ له گوندێكی خه‌لیفان تۆماركراوه كه یه‌كێكه له ڤایرۆسه هه‌ره مه‌ترسیداره‌كان بۆ سه‌ر ژیانی خه‌ڵك و هه‌موو عێراقی تووشی دڵه‌ڕاوكێ و مه‌ترسی كردووه، بۆیه پێویسته چاودێری تۆكمه هه‌بێت تا ژیانی خه‌ڵكی تریش نه‌كه‌وێته مه‌ترسییه‌وه.
محه‌مه‌د ئیسماعیل وه‌سمان ئه‌و كه‌سه‌یه كه تووشی ئه‌و نه‌خۆشییه هاتووه و ته‌مه‌نی 14 ساڵه وپیشه‌ی شوانه له گوندی بیرۆكان كه سێ كیلۆمه‌تر له سه‌نته‌ری خه‌لیفانی سه‌ربه شارۆكه‌ی سۆران دووره. ئه‌و نه‌خۆشه ئێسته له ژێر چاودێریی پزیشكیدایه له نه‌خۆشخانه‌ی فێركاری شاری هه‌ولێر.
ئیسماعیل باوكی نه‌خۆشه‌كه، بۆ "وشه" گوتی، "كوڕه‌كه‌م به‌رده‌وام خوێن له دامێن و ده‌ست و پێ و گه‌رووی ده‌هات،بۆیه گه‌یاندمانه نه‌خۆشخانه له سۆران و دوای گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی پزیشكی، پێیان راگه‌یاندین كه كوڕه‌كه‌م تووشی نه‌خۆشی په‌تای خوێن هاتووه و له سۆرانیش چاره‌سه‌ری نییه، بۆیه ره‌وانه‌ی هه‌ولێر كرا".
ئه‌و گوتی "باری ته‌ندروستی كوڕه‌كه‌م وه‌ك خۆیه‌تی و به‌رده‌وام خوێن له لاشه‌ی دێت، بۆیه داوا له حكوومه‌ت و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ده‌كه‌م هه‌رچی چاره‌سه‌ره بۆ كوڕه شیرینه‌كه‌م بكه‌ن".
له لایه‌كی تره‌وه دكتۆر كاروان جه‌مال به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی ئاشتی گشتی له سۆران، به"وشه"ی راگه‌یاند، نه‌خۆشیی په‌تای خوێن چه‌ند جۆره ڤایرۆسێكی هه‌یه، ئه‌وه‌ی له نه‌خۆشخانه‌كه تۆماركرا "كۆنگو" بوو كه زۆر مه‌ترسیدار نییه و چاره‌سه‌ری هه‌یه.
به گوته‌ی ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره پێنجشه‌می رابردوو هه‌رزه‌كارێك له‌گه‌ڵ رشانه‌وه‌ی خوێنی هێناوه‌ته‌وه و خوێن له لاشه‌ی هاتووه، بۆ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ریش گه‌یه‌نراوه‌ته نه‌خۆشخانه‌كه‌یان و پزیشكانی پسپۆڕ گومانیان هه‌بوو كه نه‌خۆشییه‌كه په‌تای خوێنبه‌ربوون بێت، بۆیه پشكینه‌كانیان ره‌وانه‌ی به‌غدا كرد و ده‌ركه‌وت په‌تای خوێنی گرتووه و دوای گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی پزیشكی، ده‌ستبه‌جێ نه‌خۆشه‌كه‌یان ره‌وانه‌ی هه‌ولێر كرد.
به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی ئاشتی ده‌ڵێت، "هۆی سه‌ره‌كیی ئه‌و جۆره نه‌خۆشییه له ئاژه‌ڵ و قه‌سابخانه‌كانه‌وه بۆ مرۆڤ ده‌گوازرێته‌وه و له كه‌سێك بۆ كه‌سێكی تر به ده‌گمه‌ن ده‌گوازرێته‌وه ".
جێی باسه لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت له وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و ڤێته‌رنه‌ری ره‌وانه‌ی ئه‌و گونده كراوه كه نه‌خۆشییه‌كه تیایدا سه‌ری هه‌ڵداوه، سه‌رجه‌م مه‌ڕ و بزن و ئاژه‌ڵی ئه‌و گونده‌یان ده‌رمانڕشێن كردووه و خه‌ڵكیشیان له‌و نه‌خۆشییه هوشیار كردووه‌ته‌وه.
به گوته‌ی دكتۆر كاروان جه‌مال راسته نه‌خۆشه‌كه مه‌ترسیداره، به‌ڵام له رووی زانستی پزیشكییه‌وه سه‌لمێنراوه كه ڤایرۆسی ئه‌و نه‌خۆشییه ته‌نیا 10 سه‌عات له شوێنی وشك ده‌مێنێته‌وه و بۆ شوێنی ته‌ڕیش 20 سه‌عات ده‌مێنێته‌وه، رێژه‌ی مردنیش به‌هۆی ئه‌و خۆشییه‌وه له نێوان 10% بۆ 40%یه.
به‌مه‌به‌ستی سه‌لامه‌تی نه‌خۆش و كارمه‌ند و پزیشكانی نه‌خۆشخانه‌ی ئاشتی گشتی، رۆژی شه‌موو سه‌رجه‌م به‌ش و شوێنه‌كانی نه‌خۆشخانه‌كه ته‌عقیم كراوه و ئێسته‌ش ده‌وام له نه‌خۆشخانه‌كه ئاسایییه.
نیشانه‌كانی نه‌خۆشی په‌تای خوێن، له‌سه‌ره‌تا تای گه‌رم و سارد و بێتاقه‌تییه و تووشبوو له‌شی ده‌له‌رزێ و حه‌زی بۆ خواردن نامێنێت، دواتر په‌ڵه له پێستیدا دروست ده‌بێت، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ری هه‌یه گه‌ده و ریخۆڵه تووشی خوێنبه‌ربوون بن، حاڵه‌ته‌كه به‌پێی رێژه‌ی به‌رزی ئه‌و ڤایرۆسه‌یه، بۆیه ره‌نگه له مێشك و سه‌رجه‌م لاشه‌ی هه‌ڵگری نه‌خۆشییه‌كه، خوێنبه‌ربوون روو بدات.
دوای تۆماركردنی ئه‌و حاڵه‌ته‌ی نه‌خۆشیی خوێنبه‌ربوون، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی ئه‌و نه‌خۆشییه‌كه راگه‌یه‌نراوێكی بڵاو كردووه‌ته‌وه و تیایدا هاتووه، یه‌كه‌م حاڵه‌تی تووشبوون به نه‌خۆشیی تای خوێنبه‌ربوون تۆماركراوه و ئێسته نه‌خۆشه‌كه له‌ژێر چاودێری ته‌ندروستیدایه.
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ده‌ڵێت، "لیژنه‌ی باڵای كۆنتڕۆڵكردنی نه‌خۆشییه‌كه له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێم به سه‌رۆكایه‌تیی وه‌زیری ته‌ندروستی، له هه‌ولێر كۆبوونه‌وه و سه‌رجه‌م رێوشوێنه‌كان ده‌گرنه به‌ر بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كه. روونیشی ده‌كاته‌وه كه بودجه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ كۆنتڕۆڵكردنی نه‌خۆشییه‌كه دابین ده‌كه‌ن و دڵنیایی ده‌دات كه مه‌ترسییه‌كه له‌ناو خه‌ڵك ئاسایی نییه و ته‌نیا به جێبه‌جێكردنی رێنوێنییه ته‌ندروستییه‌كان، پاراستنی پاكوخاوێنی و دووربوون له ئاژه‌ڵی نه‌خۆش و پێڕه‌وكردنی رێنوێنییه‌كانی پزیشكانی ڤێتێرنه‌ری و وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ، رێ له نه‌خۆشییه‌كه ده‌گیرێت.
هاوكات دكتۆر مه‌قسوود ئیسماعیل به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستیی سۆران، بۆ "وشه" گوتی، "نه‌خۆشیی تای خوێنبه‌ربوون جۆره ڤایرۆسێكه زیاتر له رێی مه‌ڕ و ماڵات و پند و مشك و جرج و ئه‌و جانه‌وه‌رانه‌ی له‌سه‌ر لاشه‌ی ئاژه‌ڵ ده‌ژین بۆ مرۆڤ ده‌گوازرێته‌وه، به‌ڵام مه‌ترسی ئه‌وتۆی نییه و چاره‌سه‌ری هه‌یه .
ئه‌و گوتی "وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی سۆران پلانمان هه‌یه خه‌ڵك له‌و نه‌خۆشییه وشیار بكه‌ینه‌وه، هۆی تووشبوون و چاره‌سه‌ری بۆ خه‌ڵك گوند به گوند باس بكه‌ین، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ ڤێته‌رنه‌ری هه‌وڵ ده‌ده‌ین ئه‌و گوندانه به ده‌رمانی تایبه‌ت بڕشێنین كه مه‌ڕ و ماڵاتی لێ به‌خێو ده‌كرێ، ئه‌وه‌ی جێی داخه راگه‌یاندنه‌كان خه‌ڵكیان تۆقاندووه و پێویسته شته‌كان له قاڵبی خۆی زیاتر گه‌وره نه‌كرێ."
سۆران - مورشید برادۆستی