كاكەیییەكان لە هەولێرەوە خۆیان رێك دەخەنەوە

:: AM:10:50:07/07/2018 ‌
بوونی فرەیی نەتەوەیی و ئاینی و مەزەوی كە سیمای جوانی وڵاتانە، بەڵام لە عێراق بەردەوام لەژێر هەڕەشەی لەناوچووندان، كاكەیییەكان خۆیان بەدەست ستەمەوە نادەن و لە هەوڵی خۆڕێكخستنەوە و كۆكردنەوەی جیاوازییەكاندان، بۆیە رێكخراوێكی نوێ دادەمەزرێنن و هەموویان یەك دەگرنەوە.
رووداوەكانی ئەم دواییەی عێراق و هەرێمی كوردستان، كاكەیییەكانی كردووەتە یەك، جارێك تیرۆریستان ژیانیان لەناو دەبەن جارێكیش میلیشیاكان، بە تایبەت پاش خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر كاكەیییەكان كەوتوونەتە ژێر هەڕەشەی راستەوخۆ و گوندەكانیان پێ چۆڵ دەكرێ.
لە تازەترین هەوڵدا، بەپێی بەدواداچوونی وردی "وشە" ئێستە كاكەیییەكان دەیانەوێ هەولێر بكەن بە قەڵای خۆڕێكخستنەوەیان و لەو رووەوە رێكخراوی (میسرا)یان دامەزراندووە، بەناوی یەكەم ئاینی كوردەوە. رەجەب كاكەیی سەرۆكی رێكخراوەكە رای دەگەیەنێ كە "میسرا" چەتری كۆكەرەوە و پاراستنی سەرجەم كاكەیییەكانی كوردستان و عێراقە.
میسرا ناوی یەكەم ئاینی كوردە پێش ئاینی زەردەشتی و ئاینی یەكتاپەرستی بووە.
رەجەب وەك خۆی دەڵێ، ئێمە ئامانجی سەرەكییان پاراستنی كاكەیییە لەو مەترسییانەی رووبەڕووی بوونەتەوە. بەگوتەی خۆی "لە سایەی گرووپی تیرۆریستی داعش و فەرامۆشكردنی كاكەیی لە سنووری ناوچە كوردستانییەكان لەلایەن حكوومەتی ناوەندەوە، بۆیە كار بۆ ئەوە دەكەین ئەم بیروباوەڕە لە فەوتان رزگار بكەین".
رەجەب كاكەیی بە ژمارە ئەوەی خستە ڕوو كە لە پاش رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردووەوە، نزیكەی 200 خێزانی كاكەیی گوندەكانی سنووری داقووقیان بەجێ هێشتووە و كۆچیان كردووە بەرەو ناوچەكانی تری هەرێمی كوردستان. بە دیاریكراویش گوتی "كاكەیییەكان نۆ گوندی خۆیان لە سنووری داقووق بەجێ هێشتووە".
كاكەیییەكان لە ماوەی رابردوو لە میدیاوە زۆر گرنگی بە هەڕەشەكانی سەریان دەدرێت و باس لەوە دەكەن كە كەس نییە بیانپارێزێ. لەو رووەوە رەجەب كاكەیی ئاماژەی بەوە كرد كە "تەواوی ئەو گوندانەی كاكەیی چۆڵی كردوون، هیچ هێزێكی لێ نەبووە بۆ پاراستنیان، ئێستەیش كار بۆ گەڕانەوەیان ناكرێ". بەڵام خۆشحاڵە بەوەی "داعش ئەگەر لەو گوندانە جێگیریش بێت، دواتر جێی دێڵێ، چونكە ئێستە ئەو تیرۆریستانە ئامانجی شوێنگرتنیان نییە هێندەی هەوڵی رفاندن و كوشتن دەدەن، بۆیە كاكەیی كە كەس نەیپارێزێ، ناچارە كۆچ بكات".
لەبارەی هۆی ئەو دابەشبوونەی لە ماوەی رابردوو لەناو كاكەیییەكان رووی دا و ژمارەیەكیان باسی شیعەبوونی خۆیان دەكرد و كۆمەڵێكیشیان چوونە ریزەكانی حەشدی شەعبی، سەرۆكی رێكخراوی میسرا روونی دەكاتەوە كە "ماوەی زیاتر لە هەشت مانگە ئەو كاكەیییانەی سنووری داقووق بۆ پاراستنی خۆیان بووبوون بە حەشدی شەعبی، بەڵام كشانەوە و وازیان هێناوە".
پێكهاتەی كاكەیی (یارسان لە رۆژهەڵاتی كوردستان و ئەهلی حەق و هاواری)یشیان پێ دەگوترێ بەپێی ناوچەكان، بەڵام لە سەردەمی بەعسەوە 1968 تا ئێستە، بەهۆی جیاوازی ئاینی، هەوڵی تواندنەوەیان دەدرێت و ئەمە لە ئێرانیش بە روونی هەستی پێ دەكرێ، بەڵام ئەوان خۆڕاگرانە ماونەتەوە و بوونی خۆیان بە تۆكمەیی دەپارێزن.
لەبارەی كردنەوەی بارەگەی سەرەكیی رێكخراوەكەیان لە هەولێر، رەجەب كاكەیی ئاشكرای كرد كە رێكخراوی میسرا مۆڵەتی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە وەرگرتووە نەك حكوومەتی ناوەند. ئاماژەی دا "تەواوی كاكەیییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لەمەر هەر رووداوێك پێوەندی بە كاكەیییەوە هەبێ میسرا ئاگادار دەكەنەوە، سەرجەم كاكەیییەكانیش وەك ئەندامی رێكخراوەكەن، بۆیە هەموومان بەرگری یەكتر دەكەین و هەر كاكەیی خۆی پاڵپشتی رێكخراوەكەش دەكەن لە رووی دارایییەوە".
كاكەیییەكانی عێراق بە فراوانی دەكەونە ناوچەكانی كەركووك و دەشتی نەینەوا و هەڵەبجە. جیا لەو هەوڵە تاكییانەی كەسانی بە توانا چوونەتە ناو شارەكان و ژیانی خۆیان بەردەوام كردووە.
عادل كاكەیی یەكێك لە كەسایەتییەكانی كاكەیی لە گەرمیان، بۆ "وشە" ئاماژەی بەوە دا كە كاكەیییەكان بەهۆی فشاری گرووپە توندڕۆكانەوە ناچار بوون بۆ پاراستنیان بڵێن ئاینمان گۆڕیوە. بەڵام دووپاتی كردەوە "راستییەكەی هیچ كەسێكی كاكەیی وازی لە بیروباوەڕی ئاینی خۆی نەهێناوە".
عادل كاكەیی ئەوەی رای دەگەیەنێت "كاكەیی هەموویان یەكدەنگن، بەڵام بەدەمەوەنەچوونی حكوومەتی ناوەند و هەرێم بۆ داواكار و پاڵپشتی لە كاكەیییەكان كە هەمیشە ستەمیان لێ كراوە، وایكردووە وەك پێكهاتەیەكی فەرامۆشكراو دەركەوتوون". ئەوەیشی نەشاردەوە كە بە بەراورد بە كەمی رێژەی كاكەیی، هێشتا ئەوان وەك پێویست یەكدەنگ نین".
ئارز زۆراب میدیاكاری دیاری گەرمیان لە پێكهاتەی كاكەیی بۆ "وشە" باس لەوە دەكات كە ئەوان واتا كاكەیی لەلایەن حكوومەتی هەرێمەوە چەكی پێویستیان بۆ دابین نەكراوە بۆ پاراستنیان. نیگەرانی خۆیشی دەربڕی لەوەی "ناكرێت حكوومەتی هەرێم هاوشێوەی حكوومەتی ناوەند كاكەیی فەرامۆش بكات".

وشە/ گەرمیان- سەبر هۆرێنی 






وشە - تایبه‌ت