سەماكارەكە كۆنەكەی میسر تووشی شێرپەنجە دەبێت

:: AM:11:15:07/07/2018 ‌

"هەیاتم" كە سەماكارێكی كۆنی میسرە و یەكێك لە ئەكتەرە ناودارەكانی ئەو وڵاتەیە كە لە چەندان فیلمی سینەمایی بەشداریی كردووە. ئێستە لە نەخۆشخانە كەوتووە و تووشی نەخۆشیی شێرپەنجەی قۆلۆن بووە.

پێگەی "ئیلاف" بڵاوی كردووەتەوە خاتوونێك بەناوی "سامیە" كە دەكاتە خوشكی هەیاتم، رای گەیاندووە كە هەیاتم ماوەیەكی زۆرە تووشی نەخۆشیی شێرپەنجەی قۆلۆن بووە و بەردەوام چارەسەری بۆ كراوە، بەڵام چارەسەرییەكان نەبوونەتە هۆی ئەوەی نەخۆشییەكەی لەسەر لابچێت.

بەپێی پێگەكە، سامیە تەنیا كەسێكە چاودێریی نەخۆشیی خوشكەكەی دەكات كە ئێستە ماوەی یەك مانگە لە نەخۆشخانەیەك لە شاری جیزە كەوتووە و پزیشكەكان رێ نادەن خەڵك سەردانیی بكەن. تەنیا چەند كەسێكی دیاریكراو كە پێوەندیی نزیكیان لەگەڵ ئەو خاتوونە هەیە، دەتوانن سەردانی بكەن.

لەناو ئەوانیشدا هونەرمەند ئەشرەف زەكی كە نەقیبی ئەكتەرانی میسرە سەردانی كردووە، لەگەڵ هونەرمەندان دەلال عەبدولعەزیز و نەجوا فوئاد بەردەوام سەردانی دەكەن.

هەیاتم سەماكار و ئەكتەرێكی میسرییە و لە ساڵی 1949 لە دایك بووە. تەمەنی نەگەیشتبووە 20 ساڵ كە دەستی بە سەماكاریی رۆژهەڵاتی كردووە. لە ناوەندی حەفتاكاندا دەستی بە نواندن كردووە و وەك سەماكار و ئەكتەر بەشداریی لە چەندان فیلمی سینەمایی كردووە كە بە یەكێك لە سەماكارە زۆر جوانەكانی میسر هەژمار كراوە. خاوەنی 39 فیلمی سینەمایی و نۆ زنجیرەدرامای تەلەڤزیۆنییە.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د