جلی زیرەك بەرهەم هێنرا

:: AM:11:34:07/07/2018 ‌
كۆمپانیای HoLosuit توانی بۆ یەكەمجار جۆرە جلێكی زیرەك بەرهەم بهێنێ، كە یارمەتی جووڵە و جموجۆڵەكانی جەستە دەدا و هەموو زانیارییەكانیش لەبارەی جەستەی مرۆڤ لە ڕێی مۆبایلەوە تۆمار دەكات و پێتانی دەگەیەنێت.

ئەو جلە بەشێوازێكی جیاواز دیزاین كراوە كە لەگەڵ جموجۆڵەكانی جەستە لە كاتە جیاوازەكان خۆی دەگونجێنێت، باشترین جۆری جلە بۆ ئەوانەی وەرزش دەكەن، یان هۆگری یارییە ئەلیكترۆنییەكانن كە پێویستی بە جووڵەی مرۆڤیشە بۆ جموجۆڵەكانی ناو یارییەكە.

جلە زیرەكەكە 36 خاڵی هەستیاری ئەلیكترۆنی لە بەشە جیاوازەكانی دانراوە، جیا لە پەنجەكانی دەست كە هەستیاری ئەلیكترۆنین و یارمەتیدەرن لە تۆماركردن و گۆڕینی شێوازی جلەكە و خۆگونجاندنی لەگەڵ مرۆڤ.

كۆمپانیاكە ئاماژەی داوە، جلەكە بە سیستەمی وای فی بە مۆبایلی زیرەك و كۆمپیوتەرەكان پێوەست دەكرێ و دەتوانن جوڵەی جۆراوجۆری پێ ئەنجام بدەن، تەنیا لە ڕێی مۆبایلەوە فێری جۆرە جیاوازەكانی وەرزش و جموجۆڵی سەیر و جیاواز بن.

پێشبینی دەكرێ، جلەكە لە بازاڕ هەوادارێكی زۆر لە دەوری خۆی كۆ بكاتەوە، چونكە تایبەتمەندی یەكجار زۆرە و هاوشێوەی رۆبۆتێك دەتوانێ مرۆڤ وا لێ بكات، فێری جۆرەها جووڵەی جیاواز بێ، بەشێك لەو جووڵانەیش پێوەستن بە كاركردن یان فێربوونی ئامێرەكانی موزیك، نرخەكەیشی دەگاتە هەزار دۆلاری ئەمەریكی، بەڵام كۆمپانیاكە ئاشكرای نەكردووە كەی ئەو جلە دەخاتە بازاڕەوە.






وشە - باز ئه‌حمه‌د