بەرەبەیانی ئەمڕۆ كچێكی تەمەن چوار ساڵ بەهۆی بەرككەوتنی فیشەك گیانی لە دەست دا و پۆلیس ئاشكرای دەكات ،بەهۆی دەستكاری چەك لەلایەن برا 10 ساڵەكەیەوە فیشەك لە كڵاشینكۆفی باوكیان دەرچووە و گیانی لە دەست داوە.
ئەمڕۆ شەموو حەوتی تەمووز/ یۆلیۆ، ڕائید شۆڕش ئیسماعیل بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی ڕاپەڕین بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، سەعات هەشتی بەیانی ئەمڕۆ تەرمی منداڵێكی تەمەن چوار ساڵ لە ڕەگەزی مێ بەناوی (ڕ، م) دانیشتووی گوندی هەنجیرەی تازە سەربە شارۆكەی ڕانیە هێنرایە نەخۆشخانەی گشتی ڕانیە كە شوێنەواری یەك فیشەك بەسەر سەریەوە هەیە.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی ڕاپەڕین گوتی، لەگەڵ بیستنی هەواڵەكە ئەفسەری ئێشكگری بەشی پۆلیسی ڕانیە و بەڵگەو تاوان و بنكەی پۆلیسی كێوەڕش گەیشتنە شوێنی ڕووداوەكە و دەستبەسەر چەكی بەكارهاتوو لە جۆری كڵاشنكۆف گیرا.
ئاماژەی دا، مەلەفی لێكۆڵینەوە بۆ ڕووداوەكە كراوەتەوە و بەگوتەی باوكی منداڵەكە، ڕووداوەكە لەكاتێكدا بووە كە باوكی بەناوی (م، ئ، م) پیشەی پیشمەرگە خەریكی خۆ ئامادەكردن بووە بۆ دەوام، بەڵام لەوكاتە دەچێتە دەرەوە سەرقاڵی هەندێك كاری ماڵەوە بووە لەوكاتەشدا برایەكی منداڵەكە بەناوی (ح ٫م) تەمەن ۱۰ ساڵ دەستكاری چەكەكەی كردووە و فیشەكێك لە دەستی دەرچووە و بەری سەری كچەكەی كەوتووە.
تەرمی منداڵەكە بەڕێ كراوە بۆ پزیشكی دادوەری ڕانیە و دوای ئەنجامدانی توێكاری پزیشكی بۆ تەرمەكەی ڕادەستی كەسوكاری كرایەوە، لەسەر ڕووداوەكە باوكی منداڵەكە بە بڕیاری دادوەر ڕاگیرا بەپێی مادەی 411 لە یاسای سزادانی عێراقی لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە بەردەوامە.
بەهۆی زۆربوونی چەك لە ماڵەكان ڕۆژانە چەندان ڕووداوی نەخوازر ڕوو دەدات لە هەرێمی كوردستان.