لە سلێمانی بووكێك خەسووی خنكاند و گیرا

:: PM:04:09:08/07/2018 ‌
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی ئاشكرای كرد كە كەسێكیان بە تۆمەتی خنكاندنی دایكی مێردەكەی گرتووە و لێكۆڵینەوەیش لە ڕووداوەكە دەستی پێ كردووە.

ئەمڕۆ یەكشەم هەشتی تەمووز/ یۆلیۆ، كەسێك لە شارۆكەی چەمچەماڵ دایكی هاوژینەكەی خنكاند كە تەمەنی 80 ساڵە. بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانیش لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاشكرای كرد كە ئەو كەسە گیراوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوەكەی پۆلیس، تەرمی كوژراوەكە كە ناوی (ر، م، س) ڕەوانەی پزیشكی دادی سلێمانی كراوە و لێكۆڵینەوەی زیاتر لە ڕووداوەكە دەستی پێ كردووە.

تۆمەتبار (س، ف، م) كە بكوژی خەسووەكەیەتی لە ڕەگەزی مێیە و لە دایكبووی ساڵی 1987ە كە بەپێی مادەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی بەند كراوە.

ڕووداوەكانی كوشتن و خۆكوشتن لە هەرێمی كوردستان ماوەیەكە ڕووی لە زیادبوون كردووە، بەڵام یەكەمجارە رووداوێكی لەم شێوەیە ڕوو بدات كە بووكێك خەسووەكەی بخنكێنێ.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم