شیعەكانی هەولێر لە مزگەوتی سونەكان یادی حوسێن دەكەنەوە

:: PM:04:33:12/10/2016 ‌


لەیادی كوژرانی ئیمام حوسێن شیعەكانی كوردستان بەشێوەیەكی جیاجیا یادەكە دەكەنەوە و لە ئێستەشدا لە چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان پەرستگەی تایبەت بەخۆیان دروست كردووە.

مەریوان نەقشبەندی بەرپرسی پێوەندییەكان و پێكەوەژیانی ئایینی لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، "شیعەكان بەبێ‌ كێشە لەكاتی بۆنە ئایینیەكانیان شوێنیان بۆ دابین دەكەین و مەراسیمەكانیان تێدا جێبەجێ دەكەن".

لەبارەی نەبوونی حوسێنیە لە شاری هەولێر، نەقشبەندی دەڵێت "ماوەی شەش ساڵە داوای مۆڵەتیان لە حكوومەتی هەرێم كردووە و زەویشیان كڕیوە، بەڵام پێویستە رەچاوی ئەوە بكرێت سەرجەم ئایینەكان بەشێوەی یەكسان و ناوچەی جوگرافی شوێنیان بۆ دابین بكرێت".

نەقشبەندی ئاشكرای كرد، "شیعەكان لە هەرێمی كوردستان بە شێوەی جیاجیا دابەش بوون كە ڕێژەكەیان لە %13 بۆ لە %14 تێپەڕ ناكات، بۆیە لەكاتی بۆنەكاندا ئێمە دەرگای مزگەوتەكانیان بۆ دەكەینەوە".

بۆ ئەمساڵ لە شاری هەولێر مزگەوتی ئاڵتون دیاری كراوە بەمەبەستی ماتەمگێڕانی شیعەكان لەیادی كوژرانی ئیمام حوسێن و تیایدا ڕێوشوێنی تەناهی توند گیراوەتە بەر بۆ ئەوەی مەراسیمەكە بەشێوەیەكی ڕێك و پێك بەڕێوە بچێت.

وشە/هەولێر-ڕامیار جواد


وشە - رامیار جەواد