دوای رۆیشتنی رۆناڵدۆ.. ریال مەدرید گرێبەست لەگەڵ ئەم ئەستێرەیە دەكات؟

:: AM:09:46:09/07/2018 ‌

لەگەڵ نزیكبوونەوەی رۆیشتنی كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی بۆ یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی، یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی هەوڵی گرێبەستكردن لەگەڵ هاری كینی هێرشبەری یانەی تۆتنهام و گۆڵكاری مۆندیالی 2018ی رووسیا دەدات.

رۆژنامەی (ماركا)ی نزیك لە یانەی ریال مەدرید ئاشكرای كرد: بەرپرسانی یانەی شاهانە پێیانوایە هاری كین باشترین بژاردە دەبێت بۆ پڕكردنەوەی شوێنی رۆناڵدۆ لە ریزی یانەكەیاندا بۆ یارییەكانی وەرزی داهاتووی خولی ئیسپانیا و خولی پاڵەوانانی ئەوروپا.

دوای ئەوەی هاری كینی هێرشبەری یانەی تۆتنهام لەگەڵ هەڵبژاردەی ئینگلتەڕا 6 گۆڵی لە یارییەكانی مۆندیالی 2018ی رووسیا تۆمار كرد و تا ئێستا لە ریزبەندی یەكەمی گۆڵكارانی پاڵەوانیەتییەكە دێت، سەرۆكایەتی یانەی ریال مەدرید سەرنجی بۆ ئەو ئەستێرەیە زیاتر كردووە.

ئەمە لە كاتێكدایە كە دانیێل لیفی سەرۆكی یانەی تۆتنهام پێشتر چەند جارێك جەختی كردبووەوە بەهیچ شێوەیەك رێگە بە رۆیشتنی كین نادەن بەهەر نرخ و بەهایەك بێت.

لە ئەگەری سەركەوتوونەبوون لە گرێبەستی كین، یانەی ریال مەدرید بۆ پڕكردنەوەی شوێنی رۆناڵدۆ هەوڵی گرێبەستكردن لەگەڵ كیلیان مباپێی هێرشبەری یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی دەدات كە نرخەكەی لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان نزیكەی 300 ملیۆن یۆرۆ دەبێت.

ئەگەر لەمەشدا سەركەوتوو نەبوو، یانەی ریال مەدرید دواجار بیر لە گرێبەستی رۆبەرت لیڤاندۆفیسكی هێرشبەری پۆڵەندی و یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی دەكاتەوە دوای ئەوەی ئەم هێرشبەرە لە یارییەكانی مۆندیالی 2018ی رووسیا خراپترین ئاستی لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەكەی پێشكەش كرد.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م