سابیر رەشید: لە نووسینی شیری مووسا بە هیچ رۆماننووسێكی بیانی كاریگەر نەبووم

:: AM:09:47:09/07/2018 ‌
"شیری مووسا" ناونیشانی ئەو رۆمانەیە كە لەلایەن سابیر رەشید نووسراوە، نووسەر لەم رۆمانەدا بەسەرهاتی جووەكانی كوردستانی كردووەتە بابەتی سەرەكیی رۆمانەكەی. سابیر رەشید بۆ "وشە" باسی چەند لایەنێكی نووسینی رۆمانەكەی كرد و گوتی، "بەهۆی زۆری فرۆشی بۆ جاری دووەم چاپ دەكرێتەوە".

بوونی جووەكان لە عێراق مێژوویەكی كۆنی هەیە، تەنانەت بە هەزاران ساڵ مەزندە دەكرێت، بۆیە دەكرێت بابەتی بوونی جووەكان لە عێراق بكرێت بە كەرەستەی دەیان نووسین و كتێب. 
لە عێراق و لە كوردستان تەنانەت لە ناوچەكەش بابەتی گێڕانەوەی بیرەوەری جووەكان بووەتە دیاردەیەك، بە تایبەت لە عێراق دوای نەمانی رژێمی بەعس، چەندان تێكست لەسەر جووەكان نووسراون، هۆكارەكەیشی ئەوەیە كە بەعس بەهیچ شێوەیەك رێی نەدەدا، بابەتی گێڕانەوەی بەسەرهات و بیرەوەری جووەكان بڵاو بكرێتەوە.
هەر لەم 10 ساڵەی رابردوو، چەند رۆمانێك لەسەر جووەكان هاتە نووسین، لەوانە تووتنەوانەكە، لەلایەن رۆماننووسی عێراقی عەلی بەدر نووسراوە، جیا لەوەش رۆمانی "شلۆمۆی كورد" لەلایەن سەمیر نەقاش نووسراوە، هەرچەندە سەمیر وەك نووسەرێكی ئیسرائیلی دەناسرێت و رۆمانەكەیشی بەر لە عەلی بەدر بڵاو كردووەتەوە.
لەناو كوردیش سابیر رەشید ساڵی رابردوو رۆمانێكی بەناوی "شیری مووسا" نووسیوە كە باس لە بەسەرهاتی خێزانێكی جووی كوردستان دەكات لە شەقڵاوە و هەولێر ژیاون. ئەم رۆمانە چەندان وتاری لەسەر نووسرا، بەڵام ئەمجارە سابیر رەشید خۆی بۆ "وشە" قسە لەسەر چەند لایەنێكی تەكنیكی و زمانی رۆمانەكە دەكات.
پێشەكی رۆمانی "شیری مووسا" بە رووداوێك دەست پێ دەكات كە نووسەری رۆمانەكە و بازرگانێك و عەبدوڵا سەراجی نووسەر بە دیداری كەسێكی جوو دەگەن، دەردەكەوێت ئەو كەسە لە جووەكانی شەقڵاوە بووە، دواتر بەسەرهاتی بنەماڵەی ئەو جووە دەكرێتە بابەتی رۆمانەكە و بەسەر بەشەكانی رۆمانەكە دابەش دەكرێت. 
سابیر رەشید لەبارەی ئەم پێشەكییە بۆ "وشە" دووپاتی كردەوە كە رووداوی پێشەكی رۆمانەكە راستەقینەیە، بەڵام عەبدوڵا سەراجی لەگەڵدا نەبووە، بەڵكو وەك تەكنیك ناوی ئەوی بەكار هێناوە. زیاتر گوتی، "دیدارەكەی ئیسحاقی جوو لە عەمان لە یانەیەكی شەوانە راستەقینەیە، دوو برادەری خۆم بوون، من لەو رۆمانە ناویانم گۆڕیوە، عەبدوڵا سەڕاجیش خۆم رۆڵی ئەو كەس و بگێڕەوەی رۆمانەكەم داوەتێ‌، گێڕانەوەی رۆمانەكەم بەو سپاردووە، ئەوەشم بۆ تەكنیك بووە كە لە رۆماندا تەكنیكی میتا رۆمانی پێ دەڵێن".
سابیر باسی لەو رۆمانانە كرد كە پێشتر لەسەر بەسەرهاتی جووەكان نووسراوە و دەڵێ "وێڕای ئەوەی ئەو رۆمانانەم خوێندووەتەوە، بەڵام وەك كاری رۆماننووسین كاریگەری هیچ كامیانم بەسەرەوە نییە، بەڵكو خۆی بەدوای بەسەرهاتی جووەكان گەڕاوم و رووداو و چیرۆكی جووەكانی زۆربەی شوێنەكانی كوردستانم خوێندووەتەوە".
"ئەو دوو كتێبەی ناوم هێناوە شلۆمۆی كوردی و توتنەوانەكە، خوێندوومەتەوە، بەڵام تەنیا وەك تراجیدیای جووەكان كاری لە دنیابینی من كردووە، دەنا وەك كاریگەری رووداو و كارەكتەرەكان و تیمای رۆمانەكە، كاریگەری هیچ كەسێكم بەسەرەوە نەبووە، بەڵكو چەند رووداوێكی واقیعی و خەیاڵیم تێكەڵ كردووە و رووداوەكانیش خۆم دروستم كردوون، لە واقیعیشدا بەسەرهاتی وا روو دەدەن" رۆمانووسەكە وای گوت.
یەكێك لەو خەسڵەتانەی رۆمانی شیری مووسا كە زوو خوێنەر هەستی پێ دەكات، سادەیی زمانی رۆمانەكەیە، سابیر رەشید رەتی دەكاتەوە كە ئەو شێوازە سادەیە ببێت بە هۆكار بۆ لاواز دەركەوتنی رۆمانەكە و دەڵێ‌ "زۆر جار لە رۆماندا بەتایبەتی لە رۆمانی واقیعیدا ئەگەر خەیاڵ و فانتازیاش دەخرێنە ناو گێڕانەوەكە، بەڵام گێڕانەوە پێویستی بە سادەیی نووسین هەیە، تا زۆرترین خەڵكی سادە و عەوام تێی بگەن، چونكە رۆمان ژانرێكە پێوەندی بە ژیانەوە هەیە".
 رەشید ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە دەتوانێ‌ بە زمانی شیعر بنووسێ‌، بەڵام ئەوكاتە خوێنەری لە دەست دەچێت. ئاماژەی دا "منیش دەتوانم بە زمانی شیعری رۆمان بنووسم، یان وەسفی زیادە و درێژدادڕی بكەم، سەدان لاپەڕە پڕ بكەمەوە، بەڵام ئەو كارەم بۆ رەزامەندی نوخبەی رۆشنبیر دەبێت و خەڵكی سادە پشتم تێ دەكەن".
ئەوەی ئەم رۆمانەی سابیر رەشید لەگەڵ كارەكانی تری جیا دەكاتەوە، ئەوەیە ژمارەیەكی زۆر لە رەخنەگرانی ئەدەب، لەسەر رۆمانەكەیان نووسیوە، لەو بارەیەوە سابیر دەڵێ‌ "زۆربەیانم خوێندووەتەوە، هەموویان بە ئەرێنی نووسیویانە، تەنیا یەك كەس نەبێت كە لە فڕەنسا دەژی زۆر خراپ رەتی كردووەتەوە".
بەگوتەی خۆی "پرسی باشی و خراپی و پەسەندكردن لە هەموو بەرهەمێكی ئەدەبی رێژەیییە و باشتریش رۆماننووسی دنیا، هەموو كەس رایان لێی نییە".
بەپێی زانیارییەكانی "وشە" ئەم رۆمانە جارێكی تر چاپ دەكرێتەوە، وەك نووسەر ئاماژەی بۆ دەكات، هۆی سەرەكی چاپكردنەوەكەی زۆری فرۆشیەتی. سابیر گوتی "ژمارەیەكی زۆری لێ فرۆشراوە، دووەم هۆكار ئەوەیە نەخشەسازی رۆمانەكە و هەڵەی زمانی و رێنووسی زۆری تێدایە، بۆیە بۆ جاری دووەم رۆمانەكە چاپ دەكرێتەوە".



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل