لە سلێمانی ئامادەكاری بۆ مەترسییەكانی "تای خوێنبەربوون" دەكرێت

:: PM:12:08:09/07/2018 ‌
وەك هەنگاوێك بۆ رێگریكردن لە پەتای "خوێنبەربوون"، لە سلێمانی فرۆشتنی گۆشتی ئاژەڵ لەسەر شەقام و رێیە سەرەكییەكان قەدەغە دەكرێت و هەر كەسێك سەرپێچی بكات، رووبەڕووی سزای توندی یاسایی دەكرێتەوە.

رۆژی دووشەم نۆی تەمووز/ یۆلیۆ، ئاوات محەمەد قایمقامی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، ئامادەكاری پێشوەخت و پێویست گیراوەتەبەر بۆ رێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی "پەتای خوێنبەربوون" بە هاوئاهەنگی  هەموو دامەزراوە پێوەندیدارەكانی سلێمانی، تیمی تایبەت بۆ رێگریكردن لە پەتاكە پێك دەهێنرێت.

قایمقامی سلێمانی گوتی، یەكێك لە هەنگاوەكان قەدەغەكردنی گۆشتی سەرشەقامەكان دەبێت كە هیچ مەرجێكی تەندروستی تێدا نییە و بەیەكێك لە هۆكارەكانی بڵاوبوونەوەی پەتاكە دادەنرێت, لەبەر ئەم هۆكارە رێگری تەواو لە فرۆشتنی گۆشتی ئاژەڵ لەسەر شەقامەكان دەكرێت و هەركەسێك سەرپێچی بكات، رووبەڕووی سزای توندی یاسایی دەبێتەوە.

ئاماژەی دا، لیژنە هاوبەشەكان و تیمەكانی پۆلیسی و هێزە تەناهییەكانی تر بە بەردەوامی لە ئەركدا دەبن بۆ رێگریكردن لەو كەسانەی كە ئاژەڵ لەسەر شەقام و رێیە سەرەكییەكان سەردەبڕن و گۆشتەكەی دەیفرۆشن.

ماوەی چەند ڕۆژێكە مەترسیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی تای خوێنبەروبوون لەسەر هەرێمی كوردستان هەیە و چەندان ڕێوشوێنی توند گیراونەتەبەر.



وشە - رامیار جەواد