بەهۆی گەرما 210 بولبوول لە كوردستان مردن

:: PM:01:30:09/07/2018 ‌
لە شارۆكەی شەقڵاوە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا 300 بولبول ڕاو كراون لە لایەن دوو ڕاوچی كوردی ڕۆژئاوا و بەهۆی گەرماشەوە 210 بولبول مردوون.

ئەمڕۆ دووشەم نۆی تەمووز/ یۆلیۆ، موحسین قەسرۆكەیی چالاكی بواری تەندروستی و ژینگە لە شارۆكەی شەقڵاوە ئاشكرای كردووە، بەهۆی پلەی گەرما و نەبوونی خۆراك، 210 بولبول مردوون، هەروەها دوای گرتنی چەند ڕاوچییەك 90 بولبول ئازاد كراون لەلایەن پۆلیسی دارستان و ژینگەی شەقڵاوە.

ئەو چالاكە گوتی، داوا لە قایمقامی شارۆكەی شەقڵاوە و چالاكان و ڕێكخراوەكانی ژینگە پارێزی دەكەم هەڵمەتێكی نیشتمانی و ژینگەیی ئەنجام بدەن تاڕاوچییەكان بگرن بۆ كۆتاییهێنان بە ڕاوكردنی بولبولە دەنگخۆشەكانی شەقڵاوە، چونكە رۆژانە كەسانێك خەریكی ڕاوكردنی بولبولن و ئەو ژینگە و سروشتە جوانە دەشێوێنن، بولبولەكان دەفرۆشن و بازرگانی پێوە دەكەن لەپێناو نرخێكی كەم.

ئەو چالاكە دەڵێ تكایە فریای بولبولەكان بكەون، چونكە بولبول و باڵندەكان بە گشتی سامانێكی ژینگەیی گرنگ و بەنرخن لەناو سروشت و ژینگەی كوردستان، هەروەها لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا 300 بولبول لە لایەن دوو ڕاوچی كوردی ڕۆژئاوا ڕاو كراون و بەهۆی گەرماشەوە 210 بولبول مردوون.

سنووری شارۆكەی شەقڵاوەی سەربە پارێزگای هەولێر، بەهۆی جوانی دیمەنی سروشتەكەی ژمارەیەكی زۆر باڵندەی لێیە.
 





وشە - رامیار جەواد