ترشی فۆلیك چی بەسەر جەستە دەهێنێت

:: PM:02:13:09/07/2018 ‌
ترشی فۆلیك ناسراوە بە فۆلات و ڤیتامین B9 ، ئەم ترشە گرنگە بۆ لەش، بەتایبەتی بۆ دروستكردن و باشتركردنی DNA لەش، زۆر سەرچاوەی سروشتی هەن كە دەوڵەمەندن بە ترشی فۆلیك وە زیاتر لە سەوزە و میوەكاندا هەیە، یان زۆر بەرهەمی خۆراكی تر وەكو نان و دانەوێڵە. سوودەكانی ئەو ترشە بە وردی دەخەینە ڕوو.

كەمبوونەوەی ترشی فۆلیك چەندین گرفتی تەندروستی دروست دەكات وەكو كەمبوونەوەی خڕۆكە سوورەكانی خوێن، هەستكردن بە بێهێزی و بیرچوونەوە، شەكەتی، هەستەوەری، لەدەستدانی ئارەزووی خواردن، كەمخوێنی كە پێوەندی هەیە بە كەمبوونەوەی ترشی فۆلیك لە لەشدا بەمەش كاری گورچیلەكان سست دەكات، ئافرەتی دووگیان تووشی كەمبوونەوەی پێكهاتەی خۆراكی دەبێت لە لەشیدا بەهۆی نەبوونی ئەم ترشەوە.

شارەزایانی پزیشكی دەڵێن پێویستە ئافرەتی دووگیان ترشی فۆلیك بەكاربهێنێت، بۆ ئەوەی كۆرپەلە تووشی كەموكوڕی و نەخۆشی نەبێت لەكاتی دروستبوونیدا، نەك تەنیا ترشی فۆلیك بۆ ئافرەتان گرنگە، بەڵكوو بۆ پیاوانیش گرنگە و پێویستە بەكاربهێنرێت، لێرەدا باس لە سوودە تەندروستیەكانی ترشی فۆلیك دەكەین.

یەكەم: پێكهاتەی خۆراكی سیستەمی دڵ و بۆڕییەكانی خوێن باشتر دەكات، یەكگرتنی ترشی فۆلیك لەگەڵ ڤیتامین B12 ڕێ لە مەینی خوێن دەگرێت، بەمجۆرە مەترسییەكانی نەخۆشی دڵ و جەڵتە كەم دەكاتەوە.

دووەم: ڕێ لە نەخۆشییەكانی شێرپەنجە دەگرێت، بەپێی ئەو توێژینەوە پزیشكیانەی ئەنجام دراون، ئاستی كەمبوونەوەی ترشی فۆلیك لە لەشدا پێوەندارە بۆ هەندێك جۆری شێرپەنجە بە تایبەتی شێرپەنجەی ریخۆڵە و گەدە.

سێیەم: ترشی فۆلیك لایەنی دەروونی باشتر دەكات، بەهۆی بوونی ئەو پێكهاتە خۆراكیانەی كە بە لەشی دەبەخشێت، لایەنی دەروونی باشتر دەكات و ڕێگە لە خەمۆكی دەگرێت.

چوارەم:ترشی فۆلیك یارمەتی كەمكردنەوەی چەوری ترایگلیسراد دەدات لە خوێندا و ڕێ لە نەخۆشییەكانی شەكرە دەگرێت.

پێنجەم: مێشك دەپارێزێت، لە چەندان توێژینەوە ئەوە دەستنیشان كراوە كە ترشی فۆلیك مەترسییەكانی نەخۆشی زەهایمەر بە ڕێژەی %50 كەم دەكاتەوە.

ئەو خۆراكانەی كە دەوڵەمەندن بە ترشی فۆلیك بریتین له‌مانه‌ی خواره‌وه‌:
-پاقلەمەنییەكان: ماش، لۆبیا، فاسۆلیا، بڕێكی زۆر پرۆتین و ڤیتامین C، ئاسن، مەنگەنیز، مەگنیسیۆم، فۆسفۆر و كالیسیۆمیان تیدایە.
-سەوزەكان: سەوزە پڕ لە گەڵاكان، دەتوانن بڕێكی زۆر ترشی فۆلیك ببەخشن بە لەش وەك سپێناخ، كەلەرم، كاهو، جەرجیر، هەروەها سەرچاوەیەكی باشی ڕیشاڵن لەگەڵ ڤیتامین و كانزاكان.
-میوەكان وەكو پرتەقاڵ، مانگۆ، مۆز، كێوی و ئاڤۆگادۆ هەموو ئەم میوانە بڕێكی دیاریكراو ڤیتامین و كانزایان تێدایە و سەرچاوەیەكی باشن بۆ فۆلیك ئەسید و ڕێ لە كەمبوونەوەی ئەم ترشە دەگرن.



وشە - ئاوات ئازاد