مەرجەكانی مۆڵەتی بێ‌ مووچە لە فەرمانگەكانی هەرێمی كوردستان ڕاگەیەنرا

:: PM:02:30:09/07/2018 ‌
وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان مەرجەكانی بۆ مۆڵەتی بێ‌ مووچە بۆ مامۆستایانی ناوەندى و ئامادەیی ئاشكرا دەكات و پێویستە مامۆستا لە سبەی سێشەم داواكاری پێشكەش بكات.

ئەمڕۆ دووشەم نۆی تەمووز/ یۆلیۆ، بەگوێرەی نووسراوێكی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی شارەكان كراوە و تێیدا هاتووە، مامۆستا مافی خۆیەتی مۆڵەتی بێ مووچە بكات، بەڵام پێویستە لە 10ـی تەمووز تا 15ـی ئەیوول داواكاری پێشكەش بكات.

لە بەشێكی مەرجەكانی وەزارەتی پەروەردە هاتووە، لەكاتی وەرگرتنی داواكاری پێویستە ڕەزامەندی شوێنەكەی بهێنێت كە ئەو مۆڵەتە كاریگەی ناكاتە سەر میلاكاتی وەزارەت و بەهیچ شێوەیەك مامۆستا مافی دەست لەكارهەڵگرتنی بۆ نانووسرێت تا مۆڵەتی كارگێڕیی وەزارەتی بۆ نەكرێت.

ئاماژەی داوە، ئەو مامۆستایانەی مۆڵەتی دایكایەتییان هەیە، دەتوانن دوای تەواوبوونی مۆڵەتەكەیان داوای مۆڵەتی بێ‌ مووچە بكەن و دوای 31ـی 12 بەهیچ شێوەیەك داوای بڕینی مۆڵەتی بێ‌ مووچە بەرز نەكرێتەوە.

ساڵانە لە هەرێمی كوردستان فەرمانبەران و مامۆستایان بۆیان هەیە بەپێی ئەو ڕێنوێنییانەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەری كردووە، دوای تەنگژەی دارایی مۆڵەتی بێ‌ مووچە وەربگرن.







وشە - رامیار جەواد