لەسەر نەبوونی كارەبا و بەرزی پلەی گەرما، هاووڵاتییانی بەسڕە خۆپیشاندانیان ئەنجام دا، لەگەڵ هێزە تەناهییەكان بوو بەشەڕیان و زیاتر لە پێنج قوربانیش هەیە. مەرجەعێكی ئاینیش مەترسی فراوانتربوونی بازنەی ناڕەزایەتییەكان دەكات بەهۆی بەرزی پلەی گەرما و پچڕانی كارەبا.
لە كاتێكدا عێراق بە دۆخێكی پڕ لە تەنگژە تێپەڕ دەبێت لە رووی سیاسییەوە بەتایبەت دوای هەڵبژاردن، پچڕانی تەزووی كارەبا لەسەر هاووڵاتییان و بەرزی پلەی گەرما و كەمی ئاو، ناچاری كردن خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی دژ بە حكوومەت ئەنجام بدەن.
بۆ رێگریكردن لە خۆپیشاندەران هێزە تەناهییەكان رووبەڕوویان بوونەوە و لە ئاكامدا بەریەككەوتن رووی دا و زیاتر لە پێنج قوربانی هەیە.
داواكاری خۆپیشاندەران دابینكردنی كارەبا و هەلی كار بوو كە لە جێی ئەو بیانییانە دایانمەزرێنن كە لە كۆمپانیا نەوتییەكان كار دەكەن.
خراپی خزمەتگوزارییەكان لە شارەكانی باشووری عێراق بە تایبەت كارەبا لە وەرزی هاویندا كە پلەی گەرما 50 تێپەڕ دەكات، وای لێ هاتووە گەرمای هاوین بە دەربڕینی ناڕەزایەتییەكان بناسرێتەوە، یان دەربڕینی ناڕەزایەتی لای هاووڵاتییان ئاماژەیەك بێت بۆ بەرزی پلەی گەرما.
ئەگەرچی لە ماوەی 10 ساڵی رابردوو زیاتر لە 50 ملیار دۆلار بۆ پێشخستن و بەرهەمهێنانی كارەبا خەرج كراوە، بەڵام نەیتوانیوە بڕی بەرهەمی كارەبا لە 15 هەزار مێگاوات بۆ 23 هەزار زیاد بكات كە بڕی پێویستی هاووڵاتییانە بۆ هەبوونی كارەبای 24 سەعاتی، ئەمە لەكاتێكدایە ئێرانیش بڕی هەزار مێگاوات كارەبای لەسەر عێراق بڕیوە بەهۆی نەدانی پارەكەی لەلایەن حكوومەتەوە، ئەمەش زیاتر بارگرانی خستووەتە سەر هاووڵاتییان.
دەسەڵاتدارانی عێراقی نایشارنەوە لە خۆپیشاندانەكانی بەسڕە گەنجێك بووەتە قوربانی و كوژراوە، یەكێك لە ئەفسەرانی پۆلیسی شارەكە دەڵێ هێزەكانی تەناهی تەقەیان كردووە بۆ بڵاوە پێكردنی سەتان خۆپیشاندەر، بەهۆیەوە كەسێك گیانی لە دەست دا و سێ تریش بریندار بوون.
بەگوێرەی راپۆرتێكی "
عەرەب"، ئەفسەرەكە ئاماژەی بەوە داوە كە هێزە تەناهییەكان توانیویانە بچنە ناو خۆپیشاندەران و تەقە كراوە، لەو كاتەی ئەوان دەیانویست رێی سەرەكی كۆمپانیای نەوتی باشوور بگرن بە مەبەستی پەكخستنی كاری كۆمپانیاكانی نەوتی وەك ناڕەزایەتی.
بەڵام بەرپرسێكی سەربازی قسەیەكی تر دەكات و دەڵێ گرووپێك لە چەكدار رێی چوون بۆ كۆمپانیاكانی نەوەتی باكوری شارەكەیان داخستبوو، ئەو گرووپە چەكدارە لەگەڵ هێزە تەناهییەكان كردوویانە شەڕ كە بۆ كردنەوەی رێیەكە چووبوونە ناوچەكە.
روونی كردەوە ئەو هێزەی چوو بوو، تەقەیان لێ كرابوو، بەهۆیەوە شەڕ لە نێوانیان هەڵگیرسا و كەسێك لە چەكدارەكان كوژراوە و دووانی تریش بریندار بوون. گوتی "هێزە تەناهییەكان تەقەیان كردووە بۆ بەرگریكردن لە خۆیان، لەوان كەسێك كوژراوە و دووانیش بریندارە، لە ریزی پۆلیسیش بریندار هەیە، بەڵام ئەوەی كوژراوە خۆپیشاندەر نەبووە".
بەڵام بەپێی هەواڵێكی "
بەغداد یەوم" سەرچاوەیەكی تەناهی دەڵێ، ژمارەی كوژراو و بریندارانی خۆپیشاندانەكەی شارۆكەی مەئاینەی باكوری بەسڕە بووەتە پێنج كەس.
ئەو سەرچاوەیە گوتی "هێزەكانی پاراستنی كێڵگە نەوتییەكان كە هاووڵاتییان لە بەردەمیان خۆپیشاندانیان ئەنجام دابوو، وەڵامی خۆپیشاندەرەكانیان داوەتەوە و بەهۆیەوە هاووڵاتییەك كوژراوە و چواری تریش بریندار بووە".
ماوەی چەند ساڵێكە ئەوانەی بێ كارن و كارێكیان دەست ناكەوێت، ناڕەزایەتی دژ بە كۆمپانیاكانی نەوت دەردەبڕین بە مەبەستی دامەزراندنیان لە جێی كرێكاری بیانی كە كۆمپانیا بیانییەكان بۆ پێشخستنی كێڵگە نەوتییەكان لەگەڵ خۆیان دەیانهێنن بۆ عێراق.
نیگەرانی و ناڕەزایەتییەكان هەمیشە لە وەرزی هاوین بە هۆی پچڕانی تەزووی كارەبا زیاتر دەبن كە هاوشانی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمایە كە لە زۆر لەو ناوچانە 50 پلە تێپەڕ دەكات. پێش چەند رۆژێك ئێران بڕی هەزار مێگاوات كارەبای لەسەر عێراق بڕی بەهۆی پێ نەدانی شایستە داراییەكانی ئێران بەرانبەر بە كارەبا، ئەمەش تەنگژەی نەبوونی كارەبای زیاتر كردووە بە تایبەت بە زیقاڕ و میسان و بەسڕە.
چەند لایەنێكی پێوەنداری عێراقی، هۆشداری دەدەن لە تەقینەوەی تەنگژەی كارەبا و نەبوونی ئاو لە پارێزگاكانی باشووری عێراق بە تایبەت بەهۆی كەمبوونەوەی ئاستی ئاوی رووباری دیجلە و فوڕات.
محەمەد مەهدی خاڵسی كە یەكێكە لە مەرجەعەكانی شیعە لە گوتاری هەینی رابردوو ئاماژەی بەوە دا، كەمبوونەوەی كارەبا لەم گەرمای هاوینە كە پلەكانی گەرما 50 پلە تێدەپەڕێنن، ئازار و نیگەرانییەكانی هاووڵاتییانی عێراقی زیاتر دەكەن بە تایبەت هەژاران.
ئەو مەرجەعە ئاینییە شیعەیە هۆشداری لە تەقینەوەی ناڕەزایەتی خەڵك دژ بە حكوومەت راگەیاند و گوتی، "ئەمە لە بەرژەوەندی كەس نییە، بەڵكو بەڵایەكە بۆ سەر هەمووان بە تایبەت چینی سیاسییەكان كە شكستیان خواردووە لە ئیدارەدانی وڵات و یاری بە چارەنووسی گەل دەكەن".
جێی باسە ساڵی رابردووش بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە بەسڕە و چەندان پارێزگای باشووری عێراق، خۆپیشاندان دژ بە حكوومەت عێراقی بەڕێوە چوو.