مەزارگەكانی شیعە..یاری ئێران بۆ ڕاكێشانی گەشتیار و چەكدار

:: PM:04:41:12/10/2016 ‌
ئێران مەزارگە ئاینییە شیعەكانی كردووە بە دەرفەتێكی زێڕین بۆ بەدیهێنانی ئامانجە سیاسی و ئابوورییەكانی لە وڵاتانی تر، ئێستە لە عێراق و سووریا دەستی ئاوەڵایە و دەیەوێ لە ئوردنیش ئەم كارە بكات، بەڵام ڕەت دەكرێتەوە. لە رێی چوونی سەردانكەرە شیعەكانی ئێران بۆ هەریەك لە وڵاتانی عێراق و سووریا ئێران توانیویەتی وەبەرهێنەر و سەرمایەدارانی ئەو وڵاتانە باوەڕ پێ بهێنێ كە بێنە ئێران وەبەرهێنان بكەن، هاوكات لە ڕووی سیاسی و هەواڵگرییەوەش دەتوانێ سوودی زۆر لەو وڵاتانە ببینێ بە بیانووی سەردانی مەزارگە شیعەكان.

لەكاتی چوونی سەردانكەرانی شیعەی ئێران بۆ وڵاتانی عێراق و سعوودیە، كەسانی تایبەت بە هەواڵگری و سوپای پاسداران لە نێو شاندەكان دەبن و ئامانجیان دنەدان و بزواندنی سەرمایەدارانی وڵاتانی ترە تا بچنە ئێران وەبەرهێنان بكەن، بۆ ئەمەش سۆزی ئایینی بەكار دەهێنن و بانگهێشتیان دەكەن تا شوێنە ئایینییەكانی ئێرانیش ببینن.



ئێستە زۆرترین سەردانكەری شیعەكانی دنیا بۆ ئێران لە عێراقەوەیە، ئەوەش دوای ئەوەی ئێران چەندان كەسایەتی گەورەی ئایینی لە شیعەكانی عێراق خستە ژێر ڕكێفی خۆیەوە، ئەوەش هانی خەڵكی شیعە دەدا تا سەردانی ئێران بكەن و مەزارگە و شوێنە ئاینییەكانی ئێران ببینن، زۆرێك لە میلیشیاكانی حەشدی شەعبیش هان دەدرێن تا سەردانی ئێران بكەن، هەرچەندە سەردانەكان لە رووكەشدا ئاسایی و جێگەی گومان نین، بەڵام لە ژێرەوە زۆر قسە هەڵدەگرن، چونكە بە بردنی ئەو كەسانە بۆ ئێران جگەلەوەی لە ڕووی ئابوورییەوە سوودی زۆر بە ئێران دەگات، هاوكات ئەو كەسانەشی خاوەن پێگەن ئێران دەیانكات بە دۆستی خۆیی و هیوای سیاسی و سەربازیان لەسەر بنیاد دەنێ، بەگوێرەی ئامارەكان رۆژانە بە هەزاران عێراقی بە ئامانجی گەشتوگوزار لە عێراقەوە ڕوو لە ئێران دەكەن.

لە كاتی بۆنە و پشووەكاندا بەتایبەت خەڵكی بە زۆری ڕوو لە ئێران دەكەن، تەنیا لە ساڵی 2015 زیاتر لە نۆ ملیار دۆلار داهاتی ئێران بووە كە لە گەشتیارانی عێراق دەستی خستووە.

لە لبنانیش ئێران دەیەوێت پرۆسەی سیاسی لەو وڵاتە بە شیعە بكات، وەك نووسەری لبنانی سەلوی فازل لە كتێبەكەیدا بەناوی "هۆشبەری شیعە بۆ جیهان" دەڵێ، لە رێی هەڵمەتە شیعییەكانەوە ئێران دەیەوێ گەشتی ئاسمانی بەردەوام هەبێ لە نێوان هەردوولادا.



بۆ ئەوەی بە تەواوی پڕۆژەكەی سەر بكەوێت، ئامانجی وردی ئێران لكاندنی پرۆسەی سیاسییە بە ئایین و روونتر بە شیعەكردنیەتی، لەوكاتە دەتوانێ لە رێی سیاسی و ئایینییەوە هانی خەڵكی بدات سەردانی وڵاتەكەی بكەن، هاوكات ئێران زۆرێك لە مەزارگە شیعییە بچووكەكانی لە وڵاتانی تر، لە رێی تیرۆر دەتەقێنێتەوە بۆ ئەوەی هانی خەڵكی بدات زۆرترین مەزارگە و شوێنی ئایینی لەوڵاتەكەیاندایە و ناچاریان بكەن ڕوو لە ئێران بكەن، تەقاندنەوەی مەزارگەكانیش دەخاتە ئەستۆی سونەكان، بەمەش فیتنەی مەزەوی لە نێوان شیعە و سونە قوڵتر دەكاتەوە.

بوشرا دلێمی پارێزەری عێراقی دەڵێ، ئێران لە 2006 دوو مەزارگەی ئیمام عەسكەری لە عێراق تەقاندووەتەوە لە سامەڕا، دواتر شیعەكانی هانداوە مزگەوتی سونەكان بتەقێننەوە و گوتاربێژ و زانا ئایینییەكانیان بكوژن، هاوكات بەشێك لەو تەقینەوانەشی كە لە سەردانكەرانی شیعە بۆ عێراق ڕوو دەدەن، دەستی ئێرانی تێدایە و ئێران دەیەوێ لە دیوێكەوە مەزارگە شیعەكانی دەرەوەی سنووری خۆی بۆ هۆكاری سیاسی و هەواڵگری بەكاربێنێت، لە هەمان كاتدا دەشیەوێ خەڵكە دیندارەكەی ڕوو لەو شوێنانە نەكەن و پارە لە وڵاتی خۆیان نەبەنە دەرەوە.

لەبارەی ئەو پارەیەش كە لە مەزارگەكان دادەنرێ، دەڵێ، دوای ساڵێك لە سەردانكردنی شیعەكان بۆ مەزارگەكان ئەو پارانەی وەك بەخشین لە نێو مەزارگەكان جێی دەهێڵن، كۆ دەكرێتەوە و دەدرێتە ئەو شوێنانەی زۆرترین سەردانكەریان لێهاتووە، بێگومان تەواوی پارەی مەزارگەكانی عێراقیش بۆ ئێران دەبێ و قبوڵ ناكرێ بدرێتە هیچ وڵاتێكی تری عەرەبی.

لەلایەكی ترەوە بەشداری ئێران لەشەڕی سووریا، بە بیانووی پاراستنی مەزارگە شیعییەكان بەگشتی و مەزاری سەیدە زەینەب بەتایبەتی، بیانووێكی بەهێزە بۆ ئەوەی ئێران دەست وەربداتە كاروباری سووریا و راستەوخۆ بێتە ناو وڵاتەكەوە. هاوكات خەڵكەكەشی بۆ شەڕكردن لە سووریا هیچ ناڕەزاییەكیان نابێ، چونكە مەلا شیعەكان لە مینبەرەكانەوە هانی خەڵكی دەدەن كە بچن جیهاد بكەن بۆ پاراستنی مەزارگەی سەیدە زەینەب، لەكاتێكدا لە هیچ تێكستێكی ئایینیدا پاراستنی مەزارگە ئاینییەكان بە پیرۆز نەزانراوە، بەڵام بە بەكارهێنانی ئەو فێڵە لەلایەن ئێرانەوە رۆژانە خەڵكی ئێران و ئەفغانستان بەگشتی ریز دەگرن بۆ تۆماركردنی ناوی خۆیان بە ئامانجی چوونە سووریا و جەنگان دژی بەرهەڵستكارانی بەشار ئەسەد.

بۆ شوێن پێ قایم كردنیش ئێران توانیویەتی سوودی زۆر لە مەزارگە شیعییەكان لە سووریا و عێراق بەكاربێنێت، پێش 1980، هیچ یەكێك لە مەزارگە شیعییەكانی سووریا جێگەی بایەخ نەبوون، بەڵام دوای ئەوەی حافز ئەسەد رێككەوتنی لەگەڵ ئێران ئیمزا كرد، چەندان باڵەخانەی گەورە بۆ مەزارگەكان دروست كران و ئیتر سەردانكەران لە ئێرانەوە بە لێشاو ڕوویان تێ كردوو و بوونە شوێنی پیرۆزی شیعەكان.



بەشێك لەو مەزارگانەی لە دیمەشقی سووریا هەن، لەلایەن ئێرانەوە بە تەواوی كڕدراون و ئەوان خۆیان پارەی لێ خەرج دەكەن و داهاتەكەشی وەردەگرن.

كاتێكیش ئێرانییەكان بە دوای گۆڕی روقیەی كچی ئێمام حوسێن دەگەڕان، كە لە تێكستێكی مێژوویدا ئاماژە بەوە دراوە، كە تەرمەكەی لە نزیك مزگەوتی ئەمەوییەكان لە دەوروبەری دیمەشق نێژراوە، شوێنەوارناسانی ئێران بە وردی گەڕان بە ناوچەكە و گۆڕێكیان دۆزییەوە و زەویی ناوچەكەیان كڕییەوە كە دەكەوتە ناوچەی داریا و دواتر حوسێنییەكی یەكجار گەورەیان لە 2003 لێ دروست كرد، لە كاتێكدا داریا تەنیا یەك خانەوادەی شیعەی لێ بوو، ئێستە لە رێی ئەم كارەوە تەواوی شارەكەیان بە شیعە كردووە.

لە عێراقش ئێران كە خاوەنی كۆمپانیای "شەمس"ە ئەركی هێنان و بردنی سەردانكەرانی بۆ نەجەف و كەربەلا و كازمییە و سامەرای لە ئەستۆدایە، بە سەدان ملیۆن دۆلار قازانج دەكات و هەمووشی بۆ ئێران دەڕواتەوە.

هاوكات ئێران ماوەیەكی زۆرە چاوی بڕیوەتە ئوردنیش بەهۆی بوونی گۆڕی "جەعفەر بن ئەبی تاڵب" برای ئیمامی عەلی لەو وڵاتەدا، هایل داود وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئیسلامی ئوردن لە ساڵی ڕابردوو ئاشكرای كرد، عەمان دەستپێشخەرییەكی ئێرانی رەت كردووەتەوە، بۆ ئەوەی ساڵانە نیو ملیۆن ئێرانی سەردانی ئوردن بكەن تا مەزارگە دینییەكان بەسەر بكەنەوە.

لە ساڵی 2012 ئێران دەستپێشخەری پێشكەشی ئوردن كردبوو كە رێككەوتن لەگەڵ ئوردن دەكات بۆ ماوەی 30 ساڵ نەوتەكەی بە نرخێكی باش دەكڕێت، لە بەرامبەریشدا ئوردن رێگە بە چوونی گەشتیارانی ئێران بۆ باشووری ئوردن بدات، تا شوێنە ئایینییەكان بەسەر بكەنەوە و حوسێنییەی گەورە لە مەزارگەی "جەعفەر بن ئەبی تاڵب" دروست بكەن لە شاری كەرك، بەڵام هەمیشە لەلایەن ئوردنەوە ڕەت كراوەتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئێران لەم ڕێگەیەوە دەیەوێ دەست بخاتە ناو كاروباری وڵاتەكە و لە ڕووی سیاسی و كۆمەڵایەتییەوە شیرازەی ئوردن تێك دەدات.

هاوكات ئێران لە ڕێی ئەم مەزارگە شیعانەوە كەسانی دڵسۆزی شیعە لەو وڵاتانە دەكات بە گرووپی جیا جیای چەكداری هاوشێوەی ئەوەی لە عێراق و لبنان دروستی كردووە، ئامانجە سیاسی و سەربازی و ئابوورییەكانی خۆی بە فشاری ئەو گرووپە چەكدارانە بەسەر حكوومەتی ئەو وڵاتانە دەسەپێنێت، هەركاتیش دژی بەرژەوەندییەكانی ئێران هەنگاو بنێن، ئەوا وڵاتەكە دەخاتە نێو ئاشووب و ئاڵۆزی زۆرەوە لەرێی گرووپە چەكدارەكان، كە توانیویەتی لەكاتی سەردان كردنی هاووڵاتییانی ئێران بۆ وڵاتانی وەكو عێراق و ئێران و سووریا دەستەمۆیان بكات و لە هزریاندا بچەسپێنێت كە قوم مەڵبەندی سەرەكی شیعەگەرێتی و خومەینی رابەڕی رووحی شیعەكانی جیهانە.

وشە/ساسەپۆست، و:باز ئەحمەد.


وشە - باز ئه‌حمه‌د