چۆپی فەتاح دەست بە كارێكی نوێ دەكات

:: AM:10:26:10/07/2018 ‌

چۆپی فەتاح خاتوونە گۆرانیبێژی ناسراوی كورد، لەگەڵ ئەوەی زیاتر بە هونەری گۆرانی ناسراوە، ئێستە جیاواز لەوە لە بوارێكی تر دەردەكەوێت كە پێویستی بە سەلیقەی هونەریی و شارەزایی پیشەیی هەیە، ئەویش دیزاینكردنی جلوبەرگی كوردییە. چۆپی لە دیمانەیەكی "وشە"دا باس لەو ئارەزووە تازەیەی دەكات و گرنگیی جلی كوردی و پاراستنی كولتووری نەتەوەیی روون دەكاتەوە. هاوكات دڵنیایی دەدات كە بەهۆی دیزانی جلەوە، واز لە هونەری گۆرانی ناهێنێ.

دوای خزمەتێكی زۆری هونەری كوردی و گۆرانی، چۆن بوو ئەو بیرۆكەیەت بۆ هات ببیت بە دیزاینەری جلوبەرگی كوردی؟
نزیكەی 20 ساڵە خزمەتی هونەری كوردی دەكەم، هەردەم لە فێستیڤاڵ و كۆنسێرت و تیڤییەكانەوە بە جلی كوردییەوە دەركەوتووم، راستی هەر لە منداڵییەوە هۆگری جلی كوردی بووم، بۆیە ئەزموونێكی یەكجار زۆرم پەیدا كردووە لە شێوازە جۆراوجۆرەكانی جلی كوردی ڕەسەندا، ئێستە پێم باشە ئەو ئەزموونە دابەش بكەم لەگەڵ كچان و ژنانی كورد. 

دیزاینی جلوبەرگە كوردییەكانت تایبەت دەبێت بە پارچەیەكی كوردستان یا پارچەكانی تریش؟
بە دەیان جار بۆ سازدانی كۆنسێرت و كاری هونەری سەردانی پارچەكانی تری كوردستانم كردووە و لە هەریەك لە شارەكانی "وان، باتمان، ئامەد و قامیشلۆ" زۆر گەڕاوم و ئاشنای جلوبەرگی هەموو پارچەكانی كوردستانم، لەبەرئەوە دیزاینەكانم ڕەنگدانەوەی هەموو پارچەكانی كوردستانی تێدا بەدی دەكرێت بەبێ جیاوازی.
 
ئایا واز لە كاری هونەری دەهێنیت بەهۆی سەرقاڵی بە دیزاینی جلوبەرگی كوردییەوە؟
نا هەرگیز واز لە كاری هونەریی ناهێنم، بەڵام ئەو كاری دیزاینەم پێوەندی هەیە بە بەرزڕاگرتنی كولتووری كوردییەوە، چونكە جلوبەرگی كوردی بەشێكی گەورەیە لە كولتووری نەتەوەییمان.

هیچ لایەنێك هاوكاری كردوویت بۆ ئەو كارە نوێیەت؟
نەخێر هیچ هاوكاری و یارمەتییەك نەدراوم و لەسەر ئەرك و ماندووبوونی خۆم دەستم بەو كارە كردووە و بەردەوام دەبم.

تا چەند ڕازیت لە دیزاینی جلوبەرگەكانت؟ 
ئێمە زۆربەی جلەكانمان بەشی یەك جلی كوردی دەكات، نەمان كردووە بەدوو دەستە جل، هەر یەكێك بیكڕێت ئیتر هەر ئەوەیە، ئەگەر دواتر یەكێكی تر داوای هەمان قوماشمان لێ بكاتەوە، نیمانە. واتە كارەكە زۆر تایبەت و گرنگە.

دەكرێت باسێكی براندەكەت بكەیت؟
خۆم چوومەتە دەرەوەی وڵات و جۆری قوماش و كوتاڵەكانم هەڵبژاردووە، هەر خاتوونێك قوماش لای ئێمە بكڕێت دەتوانێت هەر لای ئێمەش بیدوورێت، ئەو دیزاینانەی من دروستم كردوون نموونەیمان هەیە و دەكرێت كڕیار تەماشای بكات و تاقی بكاتەوە تا بزانێت لە بەری ئەودا چۆنە و بە باڵای و شێوەیدا جوان و گونجاوە یاخۆ نا، دواتر دەتوانین بە بیپێوین و هەر لای خۆمان بۆی بدوورین.

بەپێی زانیارییەكانمان جگە لە جلوبەرگی كوردی جلی بووكێنی و جلی ئاهەنگ و بۆنەكانیشتان هەیە، ئایا كارەكان تا ئەو ئاستە فراوان بوون؟
ڕاستە پێوەندییەكی گەورە دەبینم لە نێوان جلوبەرگی كوردی و جلی بووكێنی و جلی بۆنەكاندا، پێم باش بوو بیكەم بەیەك پاكێج بۆ كورتكردنەوەی كات و ئاسانكاری بۆ كڕیارەكانمان، مەرج نییە لە ئاهەنگێكی هاوسەرگیریدا هەموو ئامادەبووان هەمان جلوبەرگ بپۆشن، بەڵام بێگومان جلی بووك جیاوازە و مەرج نییە هەموو ئامادەبووان جلوبەرگی ئاهەنگ بپۆشن، ئامادەبووانی بۆنە و ئاهەنگەكان زۆریان پێیان باشە جلوبەرگی كوردی لەبەر بكەن.
 
جگە لەو جۆرانەی باستان كرد، پێشانگەكەتان چ جۆری جلوبەرگێكی تری تێدایە و ئێوە لە كوێن؟
زۆر شتی ترمان هەیە، بۆ نموونە تاجی سەری بووك و ئێكسسوار و گوڵی دەستی بووك و زۆر شتی تر كە پێویستت و تایبەتن بە بۆنەكان. ئێستە لە شاری هەولێر گەڕەكی نازناز ئەو براندەمان كردووەتەوە و لە قۆناغەكانی داهاتوودا بیر لە فراوانكردنی زیاتری دەكەینەوە. 

وشە/ شاخەوان شێخانی










وشە - تایبه‌ت