ساڵێك دوای ئازادی مووسڵ..شار وێرانە و خەڵكەكەیشی هەر ئاوارەن

:: AM:10:26:10/07/2018 ‌


دوای تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر ئازادكردنی مووسڵ، 96%ی لای راست وێرانەیە و حكوومەتیش هیچی بۆیان نەكردووە، بۆن و غازاتی دوو هەزار و 500 لاشەی جێماوی شەڕەكە مەترسی بۆ سەر تەندروستی ملیۆنێك هاووڵاتی دروست كردووە، پاشماوەی جەنگی دژ بە داعش بە هەشت ملیۆن تۆن دەخەمەڵێنرێت، شانەی نوستووی داعش بووەتە مۆتەكە بەسەر شارەكە، كەچی عەبادی لە بەیاننامەی ئازادكردنی شارەكە هیچ ئامارێكی نەخستەڕوو لەسەر دووبارە ئاوەدانكردنەوەی شارەكە.
 
ئەگەرچی حەیدەر عەبادی سەركردەی گشتی هێزی چەكدارەكان لە 10ی تەمووزی ساڵی رابردوو، ئازادكردنی هەردوو بەری راست و چەپی مووسڵی بە تەواوەتی لە دەستی داعش راگەیاند، بەڵام تا ئێستە حكوومەتی عێراق نەیتوانیوە شارەكە لە پاشماوەی جەنگی دژ بە داعش پاك بكاتەوە، كە بەهۆیەوە تا ئێستە سەتان هاووڵاتیی سڤیل دوای گەڕانەوەیان لە ئاوارەی بۆ سەر زێدی خۆیان بەهۆی تەقینەوەی بۆمب و مینە چێنراوەكانی داعش لەناو ماڵان و كووچە و كۆڵانەكاندا بە تایبەت لەلای راست و شاری مووسڵی كۆن، بوونەتە قوربانی.

هاتنی داعش لە 10ی حوزەیرانی 2014 و راگەیاندنی رزگاركردنی شارەكە لە هەمان رۆژی مانگی حوزەیرانی 2014، گەورەترین زیانی لە مووسڵ بەر شاری مووسڵی كۆن گەیاندووە كە تەواوی خانووەكانی خاپوور بووە، ئینجا لای راستی شارەكە كە مووسڵی كۆنیش لە خۆ دەگرێت، هێشتا لاشەی قوربانییانی شەڕ لە ژێر وێرانی خانووەكاندا دەرنەهێنراون، جگە لەمەش رێژەی وێرانی خانووی هاووڵاتییان بە 80% دەخەمڵێنرێت، ئەمە وێڕای داتەپینی تەواوی خزمەتگوزارییە ژێرخانییە حكوومییەكان، كەچی هەڵمەتی دووبارە ئاوەدانكردنەوەی شارەكە لەلایەن حكوومەتەوە زۆر بە سستی بەڕێوە دەچێت.

لای چەپی مووسڵ بە بەراورد بە لای راست، وەك بڵێی داعش شەڕی دژ بە سوپای عێراق نەكردبێت و كەمترین زیانی بەركەوتووە و هەزووش ئاوارەكانی ئەو دەڤەرە بۆی گەڕانەوە و ئێستە شارێكی ئاوەدانە و بازاڕەكانی تا درەنگانی شەو كراوەن.
 
 بەگوێرەی ئاماری ئەنجوومەنی نەرویجی بۆ ئاوارە و پەنابەر، لە راپۆرتێكیدا كە رۆژی یەكشەم هەشتی تەمووز بڵاوی كردەوە، ئاشكرای كرد بەهۆی شەڕەوە 54 هەزار خانوو لە مووسڵ تەخت بوونە، هێشتا 383 هەزار و 934 كەس كە دەكاتە 63 هەزار و 989 خێزان لە ئاوارەییدا دەژین.

هەر بەپێی راپۆرتەكە، 80%ی گەنجانی مووسڵ بێ كارن و شارەكە پێویستی بە 874 ملیۆن دۆلار هەیە بۆ دووبارە چاككردنەوەی پڕۆژە خزمەتگوزارییە ژێرخانییە بنەڕەتییەكان وەك ئاو، كارەبا، نەخۆشخانە و قوتابخانە.

دوای ساڵێك لە رزگاركردنی مووسڵ، 380 هەزار خەڵكی شارەكە بێ خانوون، خانووی ئەو هاووڵاتییانە كە دەكەوێتە لای راستی شارەكە یەكپارچە تەخت بوون و بە هەشت ملیۆن تۆن پاشماوە دەخەمڵێنرێت.

پێوەند بە راپۆرتەكە كە ئەنجوومەنی نەرویجی بۆ رای گشتی بڵاوی كردووەتەوە، وولفگانگ گریسمان بەڕێوەبەری ئەنجوومەنەكە دەڵێ ئەوەی عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ساڵێك پێش ئێستە سەركەوتنیان بەسەر داعش راگەیاند، نەبووەتە هۆی رزگاركردنی خەڵكی شارەكە لە مۆتەكە توندەكەی بەدەستییەوە گیرۆدە بوونە.

ئەو گوتی "96%ی  رۆژئاوای مووسڵ تەخت و وێران بووە، 62 قوتابخانە بە تەواوەتی وێران بووە و 207ی تریش زیانی بەركەوتووە".

زیاتر گوتی "سێ بەشی دانیشتووانی مووسڵ ئێمەیان ئاگادار كردوەتەوە كە ناتوانن كرێی خانوو بدەن، ناشتوانن بگەڕێنەوە بۆ سەر خانووەكانی خۆیان كە داڕماوە و تەخت بووە بەهۆی شەڕەوە، كەچی لە ماوەی ساڵی رابردوو حكوومەتی عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پاڵپشتییەكی دارایی زۆر خراپیان پێشكەش بە ئاوارە و خەڵكە گەڕاوەكەی مووسڵ كردووە، ئەمەش وایكردووە ئەوانەی گەڕاونەتەوە شارەكە دووچاری بەربەستی گەورە ببنەوە بەهۆی نەبوونی پاڵپشتی، بۆیە نەبوونی پاڵپشتی دارایی بۆ ئاوارە گەڕاوەكان ئەوا عێراق بەردەوام لە ناسەقامگیری دەمێنێتەوە".

لە راپۆرتەكەی ئەنجوومەنی نەرویجی كە "قودس" بەشێكی بڵاو كردووەتەوە، فیراس خاوەنی نانەواخانەیەكە لە رۆژئاوای مووسڵ دەڵێ، پێش ساڵێك گەڕامەوە ماڵەكەم، راستەوخۆ دوای تەواوبوونی شەڕ، تا ئێستە هیچ گۆڕانكارییەكم لە شارەكەم بەدی نەكردووە و ناوچەكە وەك پێشتر وێرانەیە و ئەوەی وەك ئاوەدانیش كراوە خەڵكەكە خۆی كردوویەتی، وەك بڵێی حكوومەتی عێراق ئێرە هەر پێ نەزانێت!

لە راپۆرتەكەی ئەنجوومەنی نەرویجی باس لە دووبارە ئاوەدانكردنەوە 21 قوتابخانە و سەتان خانوو كراوە، بەڵام گریسمان دەڵێ، ئەمە "دڵۆپێكە لە دەریایەك، شارەكە پێویستی گەلێك  زۆر لەوە زیاتر هەیە و ئێمەش وەك رێكخراوێك ناتوانین ئاوەدانكردنەوەی شارەكە لە ئەستۆ بگرین ئەگەر وڵاتە كۆمەك بەخشەكان بەردەوام نەبن لە یارمەتیدانی رێكخراوەكە و دووبارە ئاوەدانكردنەوەی شارەكە".

بەپێی راپۆرتێكی "جۆڕناڵ" ملیۆنێك  هاووڵاتیی مووسڵ مەترسی كارەساتێكی تەندروستی مەترسیداریان لەسەرە بەهۆی ئەو بۆن و غازەی لە جەستەی دوو هەزار و 500 لاشەی بەجێماوی ژێر خانووە خاپوورەكان دەردەچێت كە دەكەوێتە لای راستی شارەكە.

مانگی شوبات/ فێبرایەری رابردوو، لە كوێت كۆنگرەی دووبارە ئاوەدانكردنەوەی عێراق بە بەشداری دەیان وڵاتی كۆمەكبەخش بەڕێوە چوو، عێراق لە كۆنگرەكەدا رای گەیاند كە پێویستی بە 88 ملیار دۆلار هەیە، كەچی دەرئەنجامی كۆنگرەكە بەڵێن درا كە 30 ملیار دۆلار وەك قەرز كۆمەكی عێراق بكرێت، هاوكات ئاسانكاری لە سێكتەری وەبەرهێنانیش بۆ عێراق بكرێت لە پێناو دووبارە ئاوەدانكردنەوەی شارە وێرانەكانی جەنگی سێ ساڵەی دژ بە داعش.

بە بۆنەی تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر ئازادكرنی شارەكە، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا بۆ رای گشتی تەنیا باسی لە پاڵەوانیەتی هێزە عێراقییەكان بە پێشمەرگەوە، لە رزگاركردنی شارەكە كرد، بێ ئەوەی هیچ ئامارێك لە بارەی قەبارەی وێرانی شارەكە باس بكات، یان باس لە پلان و پڕۆژەكانی حكوومەت بكات بۆ دووبارە ئاوەدانكردنەوەی شارەكە كە پێنج مانگ بەسەر كۆنگرەی كوێت بۆ دووبارە ئاوەدانكردنەوەی ناوچە زیان لێكەوتووەكانی دەستی داعش تێپەڕیوە.

عەبادی لە بەیاننامەكەدا دەڵێ ئاوارەكانی شارەكە دوای ئازادكردنی شارەكەیان دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ سەر زێد و ماڵەكانیان، بەڵام خۆی لەوە دەدزێتەوە كە 96%ی لای راستی مووسڵ وێرانەیە و خەڵكەكە پێویستی بە كۆمەك هەیە بۆ نۆژەنكردنەوەی خانووەكانیان.

ئەگەرچی ساڵێك بەسەر ئازادكردنی شارەكە تێپەڕیوە، هێشتا مەترسی داعش وەك دێوەزمە بەرووخساری شارەكە دیارە كە خۆیان وەك شانەی نوستوو مەڵاس داوە و چاوەڕێی دەرفەتێك دەكەن، كەچی عەبادی لە بەیاننامەكەیدا خۆی لەم مەترسییەش نەبان كرد.

حەسەن سەبعاوی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بۆ "جۆڕناڵ" قسەی كردووە، مەترسی دووبارە گەڕانەوەی داعش ناشارێتەوە و دەڵێ ئەوان وەك شانەی نوستوو لەناو شاردا هەن.

 سەبعاوی گوتی "دوای رزگاركردنی مووسڵ بە تەواوەتی، هێشتا مەترسییەكانی سەر شارەكە ماون، دەیان گرووپ و شانەی نوستووی داعش لەناو مووسڵدا هەن، چەند رۆژێك پێش ئێستە گرووپێكی تری شانەی نوستووی داعش گیران"، زیاتر گوتی "ئەگەر حكوومەت پەلە نەكات لە دووبارە ئاوەدانكردنەوەی شارەكە، ئەوا مەترسییەكان زیاتر دەبن".




وشە - فه‌رمان سادق