ڕه‌زا و هاوژین و منداڵه‌كانی له ڕێدا به‌ده‌ست قورسی ژیان و قاچاخچییه‌وه، وه‌ك كۆته‌ره‌ی به‌رده‌ستی قه‌ساب شه‌قار شه‌قار بووبوون، ئێسته‌یش نازانێ ئاوات و خۆزگه به ڕێی قاچاخ بخوازێ، یا هه‌ر زاره‌كه‌ی سه‌ر تاوڵه بێ. ڕه‌زا، هاوشێوه‌ی ناڵاندنی مریشك به‌ده‌ست ڕێوی و چه‌قه‌ڵ، وه‌ك ڕاكه ڕاكی مشك له ترسی پشیله، به‌ده‌ست كۆچبه‌ره گیراوه‌كانی زیندانی لۆبۆمێزه‌وه ئاخ و ئۆف ده‌كات و ده‌ناڵێنێ، وه‌ك نێڕكه‌كاردووی نێو كاردووان، هه‌موو گیراوان ده‌یناسن و گاڵته‌ی پێ ده‌كه‌ن، كۆچبه‌ران كردوویانه به مه‌سخه‌ره‌ی ناو زیندان و وه‌ك زاری ناو زیندان ده‌یهێنن و ده‌یبه‌ن و كاته‌كانی پێ به‌سه‌ر ده‌به‌ن.
ڕه‌زا، پیره پیاوێكی سه‌رگه‌ردانی ته‌مه‌ندار، ده‌ستاڕی ژیان هاڕیویه‌تی و كه‌مێ پشتی كوڕ بووه‌ته‌وه، مووی ڕه‌ش به جه‌سته‌یه‌وه نه‌ماوه، مووی پشته‌ملی هاوشێوه‌ی مووی سه‌ری دڕێژ تێكه‌ڵ به مووی پشتی بووه و ده‌موچاوی پووچ و چرچ لۆچ، گوێچكه‌یه‌كی ئاساری سووتانی پێوه دیاره، له دوور ڕا هه‌ست به شه‌كه‌تی و ماندوویه‌تی ئه‌و پیره پیاوه ده‌كه‌ی به‌ده‌ست ژیانه‌وه، زۆر ڕوونه كه ژیان وێران و داغانی كردووه، بۆیه له دوای 65 ساڵ، توانای به‌رگه‌گرتن و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ژیانی نه‌ماوه.
سه‌رپێیه‌كی شینی دڕاوی دووراوه به داوی سپی له پێدایه، بۆ نانخواردن له نهۆمی دووه‌مه‌وه به‌ره‌و ژێر نهۆم ده‌ڕوا، وه‌ك پێشوازی پڕۆتۆكۆڵی سه‌ركرده‌كان، هاوگیراوان له‌مبه‌ر و له‌وبه‌ری مه‌ڕمه‌ڕه‌كه وه‌ستاون، ڕه‌زا، وه‌ك ئاسكی شاخی به‌ناو مه‌ڕمه‌ڕه‌كه‌دا ده‌ڕوا و به‌سه‌ر په‌یژه‌كاندا بۆ خواره‌وه فرته ده‌كات، نه‌كا گاڵته‌ی پێ بكه‌ن. كۆچبه‌ره لاوه‌كان، كورسی به‌ده‌ست ده‌گرن و به‌ده‌سته‌كه‌ی تر خواردن، ده‌چنه لای مێزی ڕه‌زا، به‌ده‌م نانخواردنه‌وه گاڵته‌ی پێ ده‌كه‌ن، به په‌نجه درێژه‌كانیان ده‌كێشن به گوپی ڕه‌زا، ئه‌ویش یه‌ژێ: كوسخول، كوسخول"، "گه‌مژه، گه‌مژه".
ڕه‌زا، له بنه‌چه‌دا خه‌ڵكی ئه‌فغانستانه، وه‌لێ له ئێران گه‌وره بووه، زمانی پشتۆ و فارسی ده‌زانێ، له ئێرانه‌وه به ماڵباته‌وه ڕێی ئه‌وروپایان گرتووه‌ته به‌ر، ماڵباته‌كه‌ی له كه‌مپ ده‌ژین و خۆی ڕه‌فزی وه‌رگرتووه، پێنج مانگه له لۆبۆمێزه، بڕێ جار له‌به‌ر خۆیه‌وه به فارسی ده‌ڵێ: "به‌خوا ئێره جێی من نه‌بوو، به‌ڵام ڕووی زه‌مانه ڕه‌ش بێ، منی خسته ناو ئه‌م نه‌گبه‌ته به‌دبه‌ختانه".
ڕه‌زا به ده‌ست كۆچبه‌ره گه‌نجه كه‌شخه‌كانه‌وه شه‌كه‌ت بووه. گه‌نجه‌كان، ده‌خوازن یه‌كێ هه‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی بیچه‌پێنن و كاتی پێ به‌سه‌ر ببه‌ن، زیندانیش له ڕه‌زای به ته‌مه‌نتر و هه‌ژارتر و بێده‌سه‌ڵاتتری تێدا نییه، له‌به‌رئه‌وه لێی كۆ ده‌بنه‌وه، یه‌كێ له پشته‌ملی ده‌دا، ئه‌فغانییه ده‌نگگڕه‌كان، ده‌كێشن به پشتیدا، زه‌بیحوڵا له سمتی ده‌دا، زه‌فه‌ریقباڵیش له دوواوه پێده‌كه‌نێ، گیراوه ئه‌فغانییه‌كان و پاكستانییه‌كان، زیاتر هێرشی ده‌كه‌نه سه‌ر و ده‌یكه‌ن به به‌زمی خۆیان. دواجار، به‌هه‌موویان دوو ده‌ست و دوو قاچی ده‌گرن و بێجامه دڕاوه بۆراوییه‌كه‌ی داده‌كه‌نن و جووته گونی ده‌گرن، وه‌ك ئه‌وه‌ی بیانه‌وێ بیخه‌سێنن. ئه‌ویش له بێده‌سه‌ڵاتیدا هیچی بۆ ناكرێ، به ناچاری هاوار ده‌كات و فرمێسكی پیره‌پیاو به‌سه‌ر ڕوومه‌تیدا شۆڕ ده‌بێته‌وه، چۆن ده‌ڵێن فرمێسكی خانم، قه‌ڵه‌می ده‌ست و پێی پیاو ده‌شكێنێ، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه فرمێسكی ئه‌و ته‌مه‌نداره، گه‌نجه شه‌قاوه‌كان له جووڵه ناخه‌ن. له كاتێكدا، گشتیان كۆچبه‌ر و گیراون، به‌هۆی بڕینی سنووری نایاسایییه‌وه گیراون، ده‌بێ ئازار بكێشن.
ڕه‌زا، چاوه‌ڕوانی هاوكاری گیراوه دڵسۆز و مرۆڤدۆسته‌كان ده‌كات، به‌ڵكو بێن و له‌ژێرده‌ستی ئه‌و ده‌عبایانه /ڕه‌زا به ده‌عبا ناوی ده‌بردن/ ده‌ری بێنن. خێرۆمه‌ندێكی كوردی مه‌ریوان و گوڵئه‌فشای ئه‌فغانی خاوه‌ن ماڵ و منداڵ، به ده‌موچاوی تونده‌وه ده‌چنه پێش و ده‌ڵێن: "گه‌مژانه، واز له‌و داماوه بهێنن، پیاوبن، پیاو!"، چه‌ند وێنایه‌كی دڵهه‌ژێر و بێزاركه‌ره. له دوای ئارامبوونه‌وه‌ی ڕه‌زا و بڵاوه‌كردنی گه‌نجه‌كان، گه‌نجه مه‌ریوانییه‌كه، دانه دانه قسه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كات و له خراپی كاره‌كه ئاگاداریان ده‌كاته‌وه، داوایان لێ ده‌كا به‌ڵێنی پێ بده‌ن، جارێكی تر كاری هاوشێوه نه‌كه‌ن.
ڕه‌زا، دوو كوڕ و سێ كچی هه‌یه، كوڕێكی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت و ئه‌وه‌ی تر كه‌مێ باشه، كچێكی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت و كچێكی باش و ئه‌وی تری زۆر باشه، له‌گه‌ڵ هاوژینه‌كه‌ی له نه‌مسا ژیان ده‌كات. جار جار كچه باشه‌كه‌ی ڕه‌زا له كه‌مپه‌وه سه‌ردانی زیندان ده‌كات و له نزیكه‌وه باوكی ده‌بینێ، خواردن و پێداویستی بۆ دێنێ و كوڵمه مووداره‌كانی ماچ ده‌كات و دڵنه‌وایی ده‌داته‌وه.
ڕه‌زا، به‌هۆی ته‌مه‌ندارییه‌وه زوو زوو برسی ده‌بێ، ئه‌گه‌رچی خواردنی زیندان به‌گوێره‌ی پێویست نییه و گیراوان پێش هاتنی واده‌ی نانخواردن سكیان قوڕه‌ی دێ. له‌به‌رئه‌وه، ده‌خوازێ به‌شێك له‌و خواردنانه‌ی له چێشتخانه‌كه ده‌مێنێته‌وه له‌گه‌ڵ خۆی بیباته ژووری گیراوان، وه‌لێ له ده‌رگه‌ی چوونه ده‌ره‌وه‌ی چێشتخانه پۆلیسی بولگاری وه‌ستاوه، ڕه‌زا سه‌موونێكی 40 گرامی شه‌كراوی به‌ده‌سته‌وه‌یه و به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ی چێشتخانه ده‌ڕوا، مه‌ترێ پێش ئه‌وه‌ی بگاته ده‌رگه، ده‌رگاوانه‌كه به چاو و قاچ ئاماژه‌ی به گه‌ڕانه‌وه‌ی ڕه‌زا و دانانی سه‌موونه‌كه ده‌دا، به‌ڵام ڕه‌زا وێنایه‌كی هه‌ژاری و ته‌مه‌نداری خۆی كرد، ده‌ستێكی به ڕیش و چه‌ناگه‌یدا هێنا و ده‌ستی له سكی دا، به‌و مانایه‌ی ته‌مه‌نی هه‌یه و برسی ده‌بێ، به‌ڵام ده‌رگاوانه‌كه به چوار په‌نجه و سووڕانی سه‌ری دوا ئاگاداركردنه‌وه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی به ڕه‌زا دا، ئه‌ویش به‌ناچاری گه‌ڕایه‌وه، له پاڵ ڕاگرێكی چێشتخانه‌كه، سه‌موونه‌كه‌ی بچووك كرده‌وه و خستییه ناو بێجامه‌كه‌ی و به‌ره‌و ده‌رگه ڕۆیشت، /وه‌ك بیه‌وێ فێڵ له فێڵباز بكات/، له كاتی نزیكبوونه‌وه له ده‌رگه، پۆلیسه ده‌رگاوانه‌كه توند گرتی و سه‌موونه‌كه‌ی لێ سه‌ند و خستییه ته‌نه‌كه خۆڵه‌كه و به پاڵێك ڕه‌زای به زه‌ویدا دا، له دوای هه‌ستانه‌وه‌ی به لۆژه لۆژ سه‌ركه‌وته‌وه ژووره جه‌هه‌نه‌مییه‌كه‌ی، ڕه‌زا له‌ناو قوڕێكدایه ده‌رهاتنی ئه‌سته‌مه.
وشه/ بولگاریا- په‌نابه‌رێكی كورد نووسیویه‌تی