لە ڕووداوێكی تۆماركراو لە بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژیی سلێمانی، پیاوێك بە بۆكس خەنجەر هەڕەشە لە خێزانەكەی و منداڵەكانی دەكات.
ئەمڕۆ سێشەم 10ـی تەمووز/ یۆلیۆ، لە هەواڵێكی بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژیی ژنانی سلێمانی هاتووە، پیاوێك بەناوی (أ.ع.ح) سەردانی نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە ڕۆژئاوا-ی سلێمانی كرد، بە مەبەستی سكاڵاكردن لەسەر خێزان و منداڵەكانی، كە ناوبراو دانیشتووی شاری سلێمانییە لە سنووری نووسینگەی ڕۆژئاوادا.
ئەو بەڕێوەبەرایەتییە ئاشكرای كردووە، بەڵام دوای چەند خولەكێك هاوسەر و منداڵەكانی ئەو پیاوە بە مەبەستی سكاڵاكردن دژی باوكیان هاتنە نووسینگە، بۆ چارەسەركردن و بەدواچوون كێشەكە درایە دەست (تیم مۆبایل). ئەفسەری لێكۆڵینەوە ڕای گەیاند، دوای كردنەوەی پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆیان، بە گوتەی هاوسەر و منداڵەكانی، ژیانی ئەو خێزانە لە مەترسیدایە، چونكە باوكیان مامەڵە بە كڕین و فرۆشتنی (بۆكس خەنجەر، تاپڕ، قەمە، چەقۆ... هتد) دەكات، بۆیە لەكاتی بوونی هەر كێشەیەكدا بەم كەرەستانە هەڕەشە لە خێزان و منداڵەكانی دەكات.
توندوتیژیی خێزانی سلێمانی لە هەواڵەكەی گوتوویەتی، پاش ئاگەداركردنەوەی دادوەر لە كێشەكە، دادوەر فەرمانی كرد بە پشكنینی ماڵی ناوبراو و ڕائید هیوا كریم جوامێر لێپرسراوی نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە ڕۆژئاوا گوتی، دوای پشكنینی ماڵەكە بە فەرمانی دادوەر، دەست بەسەر ئەم كەلوپەلانەدا گیرا كە هیچ مۆڵەتێكی ڕێپێدانی نییە كە ئەمانەن (29 بۆكسی ئیستیل، 36 بۆكسی ڕەش، 30 بۆكسی ئاڵتوون، 24 فیشەكی تاپڕی ساچمە ورد، 23 فیشەكی تاپڕی ساچمە گەورە، نۆ دانە چەقۆی ڕەنگاوڕەنگ، یەك چەقۆی گەورەی ساتوور، یەك تاپڕی بچووك، یەك تاپڕی ڕەشی گەورە، یەك تاپڕی مامناوەندی قاوەیی)، لێكۆڵینەوەش لەو ڕووداوە بەردەوامە.
تیم مۆبایل تیمێكی گەڕۆكی كارای ناو بەڕێوەبەرایەتیی بەڕەنگاربوونەوەی توندوتیژیی ژنانە كە پێكهاتووە لە چەند ئەفسەر و كارمەندێك، بەمەبەستی بەردەوام بەدواداچوونی ئەو كێشەیە و توندوتیژییانەی كە ڕووبەڕووی خێزان و ژنان دەبنەوە، كە خزمەتگوزاری دەروونی و یاسایی و كۆمەڵایەتی پێشكەش دەكات، بە هاوكاری ڕێكخراوی (UNHCR).