چۆنیەتیی گەشەكردنی قژ لە ڕێی خۆراكەوە

:: AM:11:41:10/07/2018 ‌
قژێكی چالاك و جوان پشت دەبەستێت بەو خۆراكانەی كە رۆژانە دەیانخۆین، وەكو هەر بەشێكی تری لەشت، خانەكان بەشداری دەكەن لە تەندروستی قژت لە لایەن خۆراكی رۆژانەوە، ڕەنگە كاریگەری ئەم خۆراكانە كاتێكی زۆری بووێت تا دەربكەوێت لە سەر پێست، لێرەدا باسی گرنگی ئەو خۆراكانە دەكەین كە دەبنە هۆی بەهێزبوونی قژ و گەشەكردنی بە شێوەیەكی تەندروست.

یەكەم: ماسی سەلەموون، ئەم ماسییە دەوڵەمەندە بە پێكهاتەی خۆراكی كە قژ باشتر دەكات، ڤیتامین D و پرۆتینی تێدایە كە دەبنە هۆی بەهێزبوونی تاڵەكانی قژ، بەمەش ڕێ لە شكان و هەڵوەرین دەگرێت، هەروەها ماسی سەلەموون دەوڵەمەندە بە ئۆمێگا3 كە ترشی چەورییە و یارمەتی گەشەكردنی قژ دەدات و پێست باشتر دەكات.

دووەم: بیبەری زەرد، ڤیتامین C تەنیا بۆ پێست گرنگ نییە، بەڵكوو بۆ قژیش پێویستە، چونكە دەوڵەمەندە بە دژە ئۆكسان، ڤیتامین C یارمەتی قژ دەدات و ڕێ لە زیانە دەرەكییەكان دەگرێت وەكو كیمیای ژینگەیی، هەروەها ڕەگی قژ بەهێز دەكات و ڕێ لە هەڵوەرین و شكان دەگرێت.

سێیەم: هێلكە، زینك رۆڵێكی گرنگ دەبینێت لە تەندروستی خانەیی و كەمی ئەم كانزایە هۆكارێكە بۆ هەڵوەرینی قژ بەهۆی ئەو حاڵەتانەی كە تووشی پێستی سەر دەبێت، بۆیە پێویستە هێلكە لە ژەمەكاندا بخورێت بەتایبەتی بەیانیان، چونكە دەوڵەمەندە بە زینك.

چوارەم: گوێز، دەوڵەمەندە بە ڤیتامین E و بایۆتین كە ڕێ لە زیانی خانەكان دەگرێت،  بڕێكی زۆر ئۆمێگا 3 تێدایە كە یارمەتی بەرهەمهێنانی هۆرمۆنەكان دەدات و بریقە و هێز و تەندروستی پێست و قژ باشتر دەكات.

پێنجەم: ئاڤۆگادۆ، جۆرە میوەیەكی ئەمەریكییە بڕێكی زۆر ترشی چەوری تێدایە و بە شێوەیەكی سروشتی لە پێستی ئەو میوەیە دۆزراوەتەوە، بۆیە زۆر گرنگن بۆ بەكارهێنان و دەتوانرێت بە شێوەی ڕاستەوخۆ بۆ قژ و پێستی سەر بەكاربهێنرێت، بۆ ئەوەی هانی بەرهەم هێنانی كۆلاجین و ئەلاستین بدات.



وشە - ئاوات ئازاد