ئێران شەتولعەرەب پڕ خوێ دەكات

:: PM:01:09:10/07/2018 ‌

دوای دابەزینی ئاستی ئاوی دیجلە و فوڕات، دەسەڵاتدارانی ئێران لە رێی پڕۆژەی ئاوی خوێواو شەتولعەرەب پڕ لە خوێ دەكات كە بەهۆیەوە هاوشانی تۆپەڵە خوێ، دەیان گیانداری ئاوی مەترسی قڕبوونیان لێ دەكرێت و مەترسی پەككەوتنی پڕۆژەی دابینكردنی ئاوی خواردنەوەی شارەكەش دەكرێت

لە كاتێكدا بەهۆی كەمكردنەوەی پشكی عێراق لە ئاوی هەردوو رووباری دیجلە و فوڕات مەترسی بیابانبوون لە پارێزگاكانی باشووری عێراق دەكرێت، لەولاوە ئێران لە رێی پڕۆژەی فڕێدانی خوێواو بۆ ناو كەنداوی عەرەبی كە ئاوەكەی دەڕژێتە ناو شەتولعەرەب، ئاوی شەتولعەرەب پیس دەكات و رێژەی ئاستی خوێ تێیدا بەجۆرێك بەرز بووەتەوە كە هەزاران تۆپەڵە خوێ سەر ئاو كەوتوون و دیمەنەكەی سپی كردووە.

بەرزبوونەوەی رێژەی ئاستی خوێی ئاوەكە، مەترسی كردووەتەوە سەر پەكخستنی پڕۆژەی دابینكردنی ئاوی خواردنەوەی ماڵان كە سەرچاوەی سەرەكی ئاوی شەتولعەرەبە دوای پاڵاوتنی لە رێی بۆڕییەوە دابەشی سەر هاووڵاتییان كراوە، تەنانەت مەترسی قڕكردنی گیاندارە ئاوییەكانیشی لێ دەكرێت بەهۆی زۆری خوێ لە رووبارەكە، بە تایبەت ماسی كە سەرچاوەیەكی سەرەكیی ئابووری و بازرگانیی خەڵكی بەسڕەیە بۆ دابینكردنی بژێوی ژیانیان.

دانیشتووانی بەسڕە ئاماژە بۆ دەكەن پێشتر ئەو گیاندارە ئاوییانەی ئێستە لە شەتولعەرەب دەركەوتوون، نەیاندیوە، لەوانە ماسی راوكەری مەترسیدار، تۆپەڵە خوێ كە بە هەزاران سەر ئاو كەوتوون.

شەتولعەرەب لە بەیەكگەیشتنی هەردوو رووباری دیجلە و فوڕات لە شارۆكەی "قوڕنە - ناوەندی بەیەكگەیاندنی پارێزگاكانی بەسڕە و عیمارە و ناسڕییە" لە باكوری بەسڕە دروست دەبێت و درێژییەكەی 190 كیلۆمەترە و بەناو شاری بەسڕە تێدەپەڕێت تا لە فاو دەڕژێتە ناو كەنداوی عەرەبی.

بەو پڕۆژەیەی ئێران، پایتەختی ئابووری عێراق كە ژمارەی دانیشتووانی نزیك لە سێ ملیۆن كەس دەبێت، دووچاری تەنگژەی ئاوی خواردنەوە بووەتەوە و حكوومەتەكانی عێراق "2003 تا 2018" نەیانتوانیوە پڕۆژەكانی پاڵاوتنی ئاو كە بە كەڵكی خواردنەوە بێت، پێش بخەن، ئەوەی هەیە هیچ سەردەمی رژێمی بەعسە ماوەتەوە.

شەتولعەرەب كە پێشتر بە دەركەوتنی دۆلفین سەرنجی خەڵكی شارەكە و هەزاران گەشتیاری بۆ خۆی رادەكێشا، بەڵام ئێستە بە دەركەوتنی تۆپەڵە خوێی ئێرانی، ترسی خستووەتە دڵی خەڵكی شارەكە لەوەی بۆ رزگاربوون لە بەرزی پلەی گەرما كەمێك مەلەوانیش بكەن.

محەمەد عەوز "39 ساڵ" كە پیشەی ماسیگرە لە شەتولعەرەب، دەڵێ ئەو گیانەوەرە سەمەرانەی ئێستە دەركەوتوون پێشتر نەبینراون و شەتولعەرەب نیشتمانی ئەوان نییە، بەڵام بەهۆی بەرزبوونەوەی رێژی خوێ لە رووبارەكە، لە كەنداوی عەرەبییەوە بەرەو شەتولعەرەب هاتوون.

عەوز كە قسەی بۆ "عەرەبی جەدید" كردووە، روونی كردەوە بەشێك لەو گیاندارە ئاوییانەی دەركەوتوون هاوشانی تۆپەڵە خوێیەكان، زۆر مەترسیدارن. گوتی "تەنانەت بەرزبوونەوەی ئاستی خوێی شەتولعەرەب كێشەی گەورەی بۆ پڕۆژەی "RO"ی تایبەت بە پاڵاوتنی ئاوی شەتولعەرەب دروست كردووە كە دوای پاڵاوتنی وەك ئاوی خواردنەوە دابەشی سەر ماڵان دەكرێت".

عەمار ئەسعەد ئەلبەسڕی شارەزا لە زانكۆی بەسڕە دەڵێ، بەرزبوونەوەی رێژەی خوێی شەتولعەرەب وای كردووە چەندان گیانداری دەریایی دەربكەون كە نامۆن بۆ خەڵكی شارەكە، جگە لەمە هەزاران تۆپەڵە خوێش سەرئاو كەوتوون بەهۆی چڕی و زۆری رێژەی خوێی شەتولعەرەب.

گوتی "كێشەكانی بەسڕە گەلێك زۆر و گەورەن، ئێران سەرجەم ئەو رووبارانەی گرتووەتەوە كە دەڕژێنە ناو شەتولعەرەب، لەوانە رووباری كارون، لە جێی ئەوەدا رۆژانە بڕێكی ئێجگار زۆر خوێواو دەڕژێتە ناو شەتولعەرەب كە ئەمەش پێچەوانەی رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكانە كە هەردوولا لەسەر ئاوە هاوبەشەكانی نێوان وڵاتان واژوویان كردووە".

زیاتر گوتی "لە پاڵ هەموو ئەو كێشانەی خەڵكی بەسڕە هەیانە لە نەبوونی كارەبا بەم هاوینە كە پلەی گەرما سەرووی 50 پلەیە، ئێستە خەڵكەكە دەبێت بە تانكەر ئاوی خواردنەوەش بكڕن كە رۆژانە هەر خێزانێك دەبێت بایی 50 هەزار ئاو بكڕێت".
 
ئەو شارەزایەی ئاو لە زانكۆی بەسڕە، نایشارێتەوە كە حكوومەتی عێراق لە 14 ساڵی رابردوو شكستی هێناوە لە دروستكردنی پڕۆژەی پاڵاوتنی ئاوی خواردنەوە و دابینكردنی بڕی پێویستی ئاوی خواردنەوە بۆ شارەكە، ئەوەی هەیە هی سەردەمی رژێمی بەعسە، لە كاتێكدا بەسڕە پایتەختی ئابووری عێراقە و رۆژانە سێ ملیۆن بەرمیل نەوتی لێ بەرهەم دەهێنرێت و دەفرۆشرێت، جگە لە حەوت بەندەری بازرگانی، كەچی دانیشتووانەكەی ئاوی پاكییان نییە بۆ پێویستی رۆژانە.
 
پێوەند بەو پرسە حكوومەتی خۆجێی بەسڕە لە هەوڵی چارەسەركردنی پیسبوونی ئاوی شەتولعەرەب و بەرزبوونەوەی رێژەی خوێیە.

زەهرە ئەلبجاری سەرۆكی لیژنەی ئاوەدانكردنەوە و پێشخستن لە ئەنجوومەنی پارێزگای بەسڕە دەڵێ، ئەنجوومەنی پارێزگا دەنگی داوە لەسەر دابینكردنی 450 ملیۆن دینار "380 هەزار دۆلار"، بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەیەكی مەیدانی لەسەر هۆكاری بەرزبوونەوەی ئاستی خوێ لە رووباری شەتولعەرەب، هەروەها داڕشتنی پلان بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكانی داهاتوو.

بەپێی راپۆرتێكی "یەقین" سەرۆكی لیژنەی ئاوەدانكردنەوە و پێشخستن ئەوەی خستووەتەڕوو بەرزبوونەوەی لە رادەبەردەی رێژەی خوێ لە رووباری شەتولعەرەب، نەك تەنیا زیان دەگەیەنێت بە پڕۆژەكانی دابینكردنی ئاوی خواردنەوە، بەڵكو زیانی گەیاندووە بە داهاتی سەرچاوەی ماسی و ئاودێری كشتوكاڵی بە تایبەت لە ناوچەی ئەبی خەسیب كە ناوچەیەكی كشتوكاڵییە، گوتی "بێگومان كاریگەرییەكە گەلێك گەورە دەبێت".

زیاتر گوتی "ئەو بڕە پارەیەی تەرخان كراوە، ئامانج لێی راكێشانی بۆڕییەكی ئاوە، لە ژێرەوەی رووبارەكە كە ئاستی رێژەی بەرزی خوێیەكەی كەمە، بۆڕییە ئاوەكە بۆ ئاودێری كشتوكاڵی ناوچەی ئەبی خەسیب دەبێت و جێی پڕۆژەی ئاودێریی شەتولعەرەب دەگرێتەوە كە رێژەی خوێیەكەی گەلێك بەرزە، بەڵام پڕژەكە ناتوانێت ئاو بۆ ناوچەكانی تری زیان پێگەیشتوو دابین بكات بەهۆی كەمی بڕی ئەو ئاوەی ئەو تاكە كەناڵە دابینی دەكات".
 
زەهرە روونی كردەوە پێویستە حكوومەتی عێراق بودجەی فریاكەوتنی خێرا بۆ پاككردنەوە و پاڵاوتنی ئاوی بەسڕە دابین بكات، هەروەها دەبێت بودجەیەكی تایبەتیش بۆ پاككردنەوەی شەتولعەرەب دابین بكرێت.











وشە - فه‌رمان سادق