پەرلەمان بانگێشتی وەزیری تەندروستی كرد

لیژنەی تەندروستی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كۆ بوونەوە و تاوتوێی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوونیان كرد.

ئەمڕۆ سێشەم 10ی تەمووز/ یۆلیۆ، لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی كوردستان بانگێشتی وەزیری تەندروستییان كرد. مریەم سەمەد ئەندامی لیژنەكە بە "وشە"ی گوت، لە كۆبوونەوەكەدا كە لەسەر داوای لیژنەی تەندروستیی پەرلەمان بوو، وەزیری تەندروستی پوختەیەكی لەبارەی كار و چالاكییەكانی  وەزارەتەكەی خستەڕوو و باسی لەو بەربەستانە كرد كە بوونەتە رێگر بۆ راپەڕاندنی كارەكانیان بەشێوەیەكی باشتر و خێراتر، لەوانە نەبوونی بودجەیەكی پێویست لە بەردەست كە ئەمەش كاریگەریی ڕاستەوخۆی كردووەتە سەر كەمیی پێداویستییەكانی تەندروستی و دەرمان و تەواونەكردنی نەخۆشخانە تازەكان.

هاوكات بەپێی ڕاگەیەنراوێكی پەرلەمانی كوردستان هەر لەو كۆبوونەوەیەدا گفتوگۆ لەسەر نەخۆشیی خوێنبەربوون كە ترسی لای بەشێك لە هاووڵاتییان دروست كردووە كرا و دووپات لەسەر پێویستیی ڕێگرییەكان و بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی زیاتر لەبارەی نەخۆشییەكە و داڕشتنی پلان و بەرنامەی گونجاو بۆ رێگریكردن لەو نەخۆشییە كرایەوە.

ئەو نووسراو و داواكاری و سكاڵایانەیش ڕووبەڕووی وەزیری تەندروستی كرایەوە كە لەلایەن هاووڵاتییانەوە لەسەر كەرتی تەندروستی لە هەرێمی كوردستان تۆمار كراون.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم


PM:03:18:10/07/2018




ئه‌م بابه‌ته 134 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌