سوڵتانه
كۆسه‌م ژنی سوڵتان ئه‌حمه‌دی پاشای ئیمپڕاتۆری عوسمانییه، یه‌كێكه له به‌هێزترین سوڵتانه‌كانی سه‌رده‌می ئیمپڕاتۆرهكه، ته‌مه‌نی زۆر بچووك بوو بۆ ئه‌وه‌ی حوكمڕانی ئیمپڕاتۆرییهتێكی وا بكات، شاره‌زایییه‌كی زۆری له یاساكان و به‌ڕێوه‌بردنی وڵات هه‌بووه، به‌شێوه‌یه‌ك كه خۆی سه‌رپه‌رشتی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی وڵاته‌كه‌ی ده‌كرد كاتێك سوڵتان ئه‌حمه‌د له‌وێ نه‌بووه، كوده‌تای به‌سه‌ر سوڵتان مسته‌فا كردووه و سوڵتان موراد و ئیبراهیمی كوڕی له شوێنی داناوه، كۆسه‌م له سه‌رده‌می فه‌رمانڕه‌واییه‌كه‌ی گه‌وره‌ترین ده‌زگا و بنكه‌ی هه‌واڵگری دامه‌زراندووه، به‌شێوه‌یه‌كی ته‌واو كۆنتڕۆڵی شانشینه‌كه‌ی كردووه.
ژیاننامه
سوڵتانه كۆسه‌م له ساڵی 1589 له دایك بووه، به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك یۆنانییه و كچی قه‌شه‌یه‌كی یۆنانیه، خه‌ڵكی دوورگه‌ی تینۆسه، ناوی ته‌واوی ئهنستازیایه، له ته‌مه‌نی 15 ساڵی وه‌ك كۆیله له پارێزگاری بۆسنه كڕاوه و بۆ كۆشكی سوڵتان ئه‌حمه‌د هاتووه‌ته ناردن، دوای ئه‌وه‌ی ده‌چێته ئه‌وێ له كریستیانه‌وه ده‌یكه‌ن به ئیسلام و ناوه‌كه‌ی ده‌گۆڕن به ماهپێیكهر واته"جوان"، دواتر له‌لایه‌ن سوڵتان ئه‌حمه‌ده‌وه ناوه‌كه‌ی بۆ كۆسه‌م ده‌گۆڕێت.
سوڵتانه كۆسه‌م به‌هۆی بوونی چه‌ند گۆڕانكارییه‌ك له كۆشك، هه‌لی زیاتری بۆ ڕه‌خسا بۆ ئه‌وه‌ی پله‌ی به‌رز ببێته‌وه، سه‌فیه سوڵتان داپیری ئه‌حمه‌د سوڵتان به گه‌وره‌ی كۆشك و خاوه‌ن به‌هێزترین ده‌سه‌ڵات داده‌نرا، به‌ڵام له یه‌نایه‌ری ساڵی 1604 بۆ "كۆشكی كۆن" ده‌گوازرێته‌وه، سوڵتانه خه‌ندان كه یه‌كێكی تر بوو له شاژنه گه‌وره‌كانی كۆشك و ده‌كاته دایكی سوڵتان ئه‌حمه‌د له ساڵی 1605 مردووه، ئه‌م دوو بۆشایییه وای كرد سوڵتانه كۆسه‌م به‌ره‌و ئیمپڕاتۆریی و حوكمڕانی عوسمانییه‌كان به‌رزتر بێته‌وه.
سوڵتانه كۆسه‌م بووه یه‌كێك له ژنه گرنگه‌كانی ژیانی سوڵتان ئه‌حمه‌د و منداڵی زۆری بۆ هێنا و به سوڵتانه هاسیكی ناو برا، له هه‌مان كاتدا ڕۆژانه هه‌زار ئهسپێرس "دراوی عوسمانی" پێ ده‌درا، به‌هۆی ئه‌وه‌ی كچی زۆر بوو خۆی هاوسه‌رگیرییه‌كانی بۆ ڕێكده‌خستن به مه‌رجێك بۆ به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی وڵاته‌كه‌ی بووبێت و پێوه‌ندییه‌كانیان له ڕێوه به‌هێز بكه‌ن.
سایمۆن كۆنتارینی باڵوێزی بوندقیه له یه‌كێك له ڕاپۆرته‌كانی ساڵی 1612، سوڵتانه كۆسهمی به‌م شێوه‌یه وه‌سف كردووه: ژنێك بوو ڕاده‌به‌ده‌ر له جوانی، بوونی زیاتر له چه‌ند به‌هره‌یه‌ك، ده‌نگێكی زۆر خۆشی هه‌بووه و گۆرانی گوتووه، له‌لایه‌ن پاشاوه زۆر خۆشه‌ویست بووه، گوێی بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ی گرتووه و سوڵتان ئه‌حمه‌د به‌رده‌وام حه‌زی كردووه له‌لایه‌وه نزیك بێت، كۆنتارینی له درێژه‌ی ڕاپۆرته‌كه‌دا نووسیویه‌تی، كاتێك ژنێك به‌ناوی مههفیروز سوڵتانه كۆسهمی تووڕه كردووه، له‌لایه‌ن سوڵتان ئه‌حمه‌ده‌وه فه‌رمانی لێدانی بۆ دراوه و دواتر له كۆشك ده‌ركراوه، سوڵتانه كۆسه‌م كاریگه‌رییه‌كی زۆری له‌سه‌ر سوڵتان ئهحهمهدهوه هه‌بووه، ڕێی گرتووه له سێداره‌دانی مسته‌فای برای سوڵتان ئه‌حمه‌د، هه‌روه‌ها ڕاوێژكاری كاره‌كانی بووه.
ده‌ركردنی له كۆشك
سوڵتان ئه‌حمه‌د وه‌ك دایك و باوكی ته‌مه‌نی كورت بووه و له ته‌مه‌نی 27 ساڵی و له 22ی نۆڤێمبه‌ری ساڵی 1617 مردووه، ئه‌مه‌یش وای كردووه سوڵتانه كۆسه‌م پێگه‌كه‌ی له ده‌ست بدات و له كۆشك ده‌ربكرێت كاتێك سوڵتان مسته‌فا بووه‌ته پاشا، له ساڵی 1619، عوسمان پاشای دووه‌م كه كوڕی سوڵتان ئه‌حمه‌د بوو، به‌سه‌ردانێكی سێ ڕۆژه چووه لای سوڵتانه كۆسه‌م و كه‌وته داوی خۆشه‌ویستی.
له 10ی سێپتێمبه‌ری ساڵی 1623، سوڵتانه كۆسه‌م گه‌ڕایه‌وه كۆشك و هێز و پێگه‌كه‌ی بۆ گه‌ڕایه‌وه به‌هۆی ئه‌وه‌ی سوڵتان مورادی چواره‌می كوڕی كۆسه‌م بووه پاشای عوسمانییه‌كان، سوڵتان موراد تا 18ی ئایاری ساڵی 1632حوكمڕانی عوسمانییه‌كانی كرد، دوای مردنی سوڵتان موراد، سوڵتانه كۆسه‌م كوڕی دووه‌می به‌ناوی ئیبراهیم هێنایه سه‌ر ته‌ختی پاشایه‌تی، ئیبراهیم تاكه هیوای دایك و میراتگری شانشینی عوسمانی بوو، ئیبراهیم به‌رده‌وام ترسی له زیندوبوونی مورادی برای هه‌بوو، بۆ ئه‌وه‌ی ته‌ختی پاشایه‌تی قبووڵ بكات سوڵتانه كۆسه‌م و وه‌زیری گه‌وره فه‌رمانیان كرد به سه‌یركردنه‌وه‌ی گۆڕی سوڵتان مورادی برای، به‌ڵام دوای ئه‌وه حاڵی تێكده‌چێت و ناتوانێت وڵات به‌ڕێوه ببات، ئه‌مه‌یش وای كرد سوڵتانه كۆسه‌م بترسێت له له‌ده‌ستدانی ته‌ختی پاشایه‌تی، له ئابی ساڵی 1648، سوڵتان ئیبراهیم له پاشایه‌تی هاته خواره‌وه و له كۆشكی تۆپكاپی زیندانی كرا، كۆسه‌م ڕازی بوو به گرتنی كوڕه‌كه‌یی و گوتی، "له كۆتایی یه‌كێكمان ده‌بێت بمرین ئه‌گه‌ر نا ته‌ختی پاشایه‌تی له ده‌ست ده‌ده‌ین"، دوای ئه‌وه سوڵتانه كۆسه‌م دوو كه‌سی نارد بۆ كوشتنی ئیبراهیمی كوڕی و له 18ی ئابی ساڵی 1648 له سێداره‌ی ده‌ده‌ن.
مردنی
دوای مردنی ئیبراهیم پاشا، سوڵتانه كۆسه‌م محه‌مه‌دی ته‌مه‌ن حه‌وت ساڵی كوڕی سوڵتان ئه‌حمه‌د ده‌باته ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی وڵاته‌كه‌ی به‌مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی هێشتا كه‌سێك بۆ فه‌رمانڕه‌وایی ئیمپڕاتۆری عوسمانی ماوه، دوای ئه‌وه له ساڵی 1648 تا 1651 ده‌سه‌ڵاتی عوسمانی ده‌گرێته‌وه ده‌ست، دوای ئه‌وه‌ی سوڵتان محه‌مه‌د گه‌وره ده‌بێت و ده‌بێته پاشای ئیمپڕاتۆری عوسمانی، سوڵتانه كۆسه‌م هه‌وڵ ده‌دات لای بدات و به یه‌كێكی تر له كوڕه‌كانی سوڵتان ئه‌حمه‌د بیگۆڕێت، ئه‌مه‌یش تورهانی دایكی سوڵتان محه‌مه‌د تووڕه ده‌كات و پلانی كوشتنی بۆ داده‌نێت، له دووی سێپتێمبه‌ری ساڵی 1651 ده‌یكوژێت، هه‌ندێك له سه‌رچاوه‌كان ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن كه به قژی خۆی له سێداره‌یان داوه و خنكاندوویانه، گۆڕه‌كه‌ی له مزگه‌وتی سوڵتان ئه‌حمه‌د له ئیسته‌نبوڵه.
كاره‌كانی
سوڵتانه كۆسه‌م كاری خێرخوازی زۆر كردووه و پاره‌ی به خه‌ڵكی وڵاته‌كه‌ی داوه، ساڵانه سه‌ردانی گیراوانی گرتووخانه‌كانی كردووه، قه‌رزی بۆ خه‌ڵك و گیراوان داوه‌ته‌وه، یارمه‌تی خێزانه هه‌ژاره‌كانی داوه، مزگه‌وت و قوتابخانه‌ی دروست كردووه، كاری له میسڕ كردووه و هاوكاری هه‌ژارانی مه‌ككه‌ی داوه، هه‌روه‌ها كۆیله‌ی وڵاته‌كه‌ی ڕزگار كردووه، دوای ئه‌وه‌ی ده‌مرێت خه‌ڵكی قوسته‌نتنییه سێ ڕۆژ شینیان بۆ گێڕاوه.