هەولێر دەبێتە ناوەندی بڕیاری یەكلا كردنەوەی حكوومەتی داهاتووی عێراق

:: PM:05:02:10/07/2018 ‌
كێبڕكێی هەوڵەكانی پێكهێنانی حكوومەتی عێراق لە نێوان بەرەی سەدر و عەبادی و حەكیم لەگەڵ مالیكی و عامری بەردەوامی هەیە و هەردوولا شاندەكانیان رەوانەی هەولێر دەكەن بۆ رازیكردنی پارتی و یەكێتی. دوای ئەوەی چەند رۆژی رابردوو عامری و مالیكی شاندیان ناردە هەولێر، ئەندامێكی شاندی دانوستكاری پارتی ئاشكرای كرد لەم هەفتەیە عەبادی و حەكیم شاند رەوانەی هەولێر دەكەن.

لە كاتێكدا دوای رووداوەكانی 16ی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەری ڕابردوو، مەترسییەكانی سەر هەرێمی كوردستان گەیشتبوونە لووتكە و ئەگەری دابەشبوون و تەنانەت شەڕی ناوخۆشی لێ دەكرا، حكوومەتی عێراقیش لە ترۆپكی بەهێزی و دەسەڵاتدا بوو لە دوای 2003ەوە.

سەركردایەتی پارتی و یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هەوڵی زۆریاندا لەگەڵ لایەنە كوردستانییەكانی تر لە ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان بەیەك لیست بەشداری لە هەڵبژاردنەكە بكەن، بەڵام هەوڵەكە سەركەوتوو نەبوو.

دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن، جارێكی تر هەردوو حزب دەستپێشخەرییان كردووە بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانی كوردستانی بۆ پەرلەمانی عێراق، بەڵام چوار لایەنەكەی تر بەهۆی ناڕەزایەتییان لە پڕۆسەی هەڵبژاردن و ساختەكاری، چاوەڕوانی جیاكردنەوەی بە دەستی دەنگەكان دەكەن كە لیژنەیەكی ئەنجوومەنی دادوەری سەرپەرشتی دەكات.

چاوەڕوان دەكرێت دوای تەواوبوونی جیاكردنەوەی دەنگەكان بە دەست، لایەنەكانی تریش وەڵامی دەستپێشخەری پارتی و یەكێتی بدەنەوە بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانی كوردستانی، ئەمە لە كاتێكدایە گفتوگۆكانی نێوان ئەو دوو حزبە بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانی كوردستانی كە بەیەكەوە "42" كورسی بەدەستهێناوە.

سەنگی كورد وەك نەتەوەی دووەمی عێراق دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و پەرتەوازەیی ماڵی كورد مەترسی لەسەر بوو، بەڵام دابەشبوونی قوڵی ناو ماڵی شیعەكان و ناكۆكیان لەسەر ئەوەی كێ دەبێتە سەرۆك وەزیر، جارێكی تر هەولێری كردەوە مەڵبەندی كۆبوونەوە باڵاكان و لیستە براوەكان شاندەكانیان رەوانەی هەولێر دەكەن بۆ رازیكردنی لایەنە كوردستانییەكان.

رۆژی هەینی رابردوو هەردوو شاندی هاوپەیمانی فەتح و دەوڵەتی یاسا بە جیا گەیشتنە هەولێر، بەڵام بەیەكەوە كۆبوونەوەیان لەگەڵ مەكتەبی سیاسی پارتی و دواتر سەرۆكی پارتی و مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆبوونەوە و ماوەی دوو رۆژ مانەوە.

ئەحمەد ئەسەدی گوتەبێژی هاوپەیمانی فەتح پێشتر رای گەیاند بوو ئامانجی سەردانەكەیان بۆ هەولێر خستنەڕووی پڕۆژەیەك بووە پێوەند بە پێكهێنانی حكوومەتی داهاتوو.

چاوەڕوانیش دەكرێت لەم هەفتەیەدا شاندی نەسڕ و رەوتی حكمە سەردانی كوردستان بكەن بۆ هەمان مەبەست لەگەڵ پارتی و یەكێتی كۆ ببنەوە.

پێوەند بەو پرسە بەنگین رێكانی بۆ "وشە" پشتڕاستی سەردانی شاندی هەردوولای بۆ هەولێر كرد و روونی كردەوە ئامانج لە سەردانیان پرسی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووە، كە شاندی هاوپەیمانی نەسڕ بە سەرۆكایەتی خالد عوبێدی وەزیری پێشتری بەرگری دەبێت و ئەحمەد فەتلاوی و عەبدوڵڵا زەیدی نوێنەرایەتی شاندی رەوتی حكمە دەكەن.

جارێكی تر سەردانی كردنەوەی هەولێر بۆ پێكهێنانی حكوومەتی عێراق لە كاتێكدایە لە پێكهێنانی كابینەی یەكەمی حكوومەتی عێراق لە 2006 كورد رۆڵی سەرەكی هەبوو بەتایبەت لادانی ئیبراهیم جەعفەری، دواتر لە كابینەی 2010 پێكهێنانی حكوومەت لە هەولێر راگەیەنرا و لە كابینەی 2014یش جارێكی تر ڤیتۆی كورد لەسەر نوری مالیكی هۆكاری سەرەكی بوو لەوەی بۆ جاری سێیەم نەبێتەوە بە سەرۆك وەزیران.

ئەشواق جاف پەرلەمانتاری هەردوو خولی دووەم و سێیەمی پەرلەمانی عێراق چەند هۆكارێك بۆ بەهێزی پێگەی كورد لە عێراق دەخاتەڕوو، گرنگترینیان مادەی 117ی دەستووری كە دان بە قەوارەی فیدڕاڵی هەرێمی كوردستان دەنێت، دابەشبوونی عێراق بۆ سێگۆشەی كورد، شیعە و سوننە كە لایەنە شیعەكان ناچار دەكات سەردانی هەولێر بكەن، لەگەڵ مادەیەكی تری دەستووری پێوەند بە هەموواری دەستوور كە ماف دەداتە هەرێمی كوردستان وەك سێ پارێزگا هەموو هەموارێك دژ بە مافەكانی كوردستان كە لە دەستووردا جێگیر كراون، رەت بكاتەوە.

جاف جگە لەو دەستكەوتە دەستووریانە دەڵێ، یەكڕیزی لایەنە كوردستانییەكان لە بەغدا، كارتێكی بەهێزە بە دەست لایەنە كوردستانییەكان، ئەمەیش لە خولی یەكەم و دووەمی پەرلەمان هەبوو كاتێك بڕیارەكانی كوردستان لەلایەن بارزانی و تاڵەبانی یەكلایی دەكرانەوە، بەڵام لە خولی سێیەم، واتە ئەم خولەی رابردوو، كورد پەرتەوازە بوو لە بەغدا بەهۆی بە تاكە كەسی كردن و حزبی كردنی پرسەكان، دەڵێ "بینیمان ئەمە زیانی زۆری لە پێگەی هەرێمی كوردستان دا، تەنیا توانیمان لە پرسی  بودجە كۆ دەنگ بین".

لەبارەی سەردانیكردنەوەی شاندەكانی شیعەكان بۆ هەولێر، جاف روونی دەكاتەوە نزیكبوونەوەی پارتی و یەكێتی لە یەكتری بۆ پێكهێنانەوەی هاوپەیمانی كوردستانی یەكێكە لە هۆكارەكان كە لایەنە عێراقییەكان تێگەیشتوون هەردوو هێزە سەرەكییەكەی هەرێمی كوردستان بۆچوونیان بەرانبەر بە بەغدا گۆڕدراوە و بڕیارەكانی بەغدا لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، یەكێتی و پارتی لەسەر پرسە چارەنووسسازەكان زیاتر لە یەكتری نزیك كردۆتەوە.

بەڵام دكتۆر مەحموود عوسمان كەسایەتی سیاسی دیاری كوردستان، سەردانی ئەو شاندانە بۆ هەولێر بە سەردانی "ئاسایی" دەزانێ و بەتایبەت دوای ئەوەی شاندی پارتی و یەكێتی سەردانی بەغدایان كرد بوو لە ماوەی رابردوودا.

ئەو كەسایەتییە سیاسییە كوردە بە "وشە" دەڵێ، سەنگی كورد لە بەغدا لەو كاتەدا دەردەكەوێت كە مادە دەستوورییەكان جێبەجێ بكرێت، نەك هاتنی شاند بۆ هەولێر، گوتی "لە رابردوویشدا شاند هاتوونەتە هەولێر، بەڵام مافە دەستوورییەكانی كوردستانیان جێبەجێ نەكردووە"، زیاتر گوتی "ئەوانەیشی هاتوونەتە هەولێر لە ئاستی سەركردایەتی و كەسایەتی ژمارە یەكی حزبەكانیان نەبوونە، بۆ ئەوەش هاتوون بزانن پارتی و یەكێتی كە زیاتر لە 40 كورسییان لە پەرلەمانی عێراق هەیە، پشتگیری لە كێ دەكەن بۆ پێكهێنانی حكوومەت".



وشە - فه‌رمان سادق