پۆمپیۆ: ئێران قورسترین باج بەرانبەر رەفتارەكانی دەدات

:: PM:05:33:10/07/2018 ‌
مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا رای گەیاند، ئامانجی ئەمەریكا و هاوپەیمانانی لە كەنداو ئەوەیە باجێكی قورس بە تاران بدەن بەرانبەر رەفتارەكانی لە ناوچەكە.

ئەمڕۆ سێشەم 10ی تەمووز، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە سەردانێكی كورتیدا بۆ ئیمارات لەگەڵ محەمەد بن زاید، شازادەی جێنشینی ئەو وڵاتە تاوتوێی رەفتارە میلیشیاییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێرانیان كرد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پتەوكردنی هاوكارییە سەربازییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ هاوپەیمانەكانی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خستە روو.

پۆمپیۆ دوای كۆتاییهاتنی كۆبوونەوەی لەگەڵ شازادەی جێنشینی ئیماڕات بە میدیاكانی راگەیاند، تاران بەم زووانە دەیبینێت چ باجێكی قورس لە پێناو رەفتارە نەشیاوەكانی لە كەنداو دەدات.

ئەو هەڕەشەیەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دوای ئەوە هات هەفتەی رابردوو، حەسەن رووحانی، سەرۆك كۆماری ئێران، هەڕەشەی ئەوەی كرد، ئەگەر ئەمەریكا رێگە بە هەناردەكردنی نەوتی تاران نەدات، ئێرانیش رێگە بە هیچ وڵاتێك نادات لە كەنداوەوە نەوت هەناردە بكات.

دوای هەڕەشەكەی سەرۆك كۆماری ئێران، فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی ئەو وڵاتە پشتیوانی لە لێدوانەكەی رووحانی كرد و رای گەیاند، سوپای پاسداران توانای گرتنی گەرووی هورمزی هەیە.

پۆمپیۆ لە لێدوانە رۆژنامەوانییەكەیدا ئاماژەی بە چڕكردنەوەی هاوكارییە سەربازییەكانی وڵاتەكەیدا لەگەڵ هاوپەیمانەكانیان لە كەنداو، بەڵام هیچ وردەكارییەكی لەو بارەوە ئاشكرا نەكرد.

زیاتر روونی كردەوە، ئەوەی ئێمە بۆ ئێستە لە هەموو شتیك زیاتر گرنگی پێ دەدەین، سنوورداركردنی توانای ئابووری ئێرانە كە رێگری دەكات لە بەردەوامبوونی رەفتارە ناپەسندەكانی لە ناوچەكەدا.

پۆمپیۆ ئەو سزایانەی وڵاتەكەی بەرانبەر كۆماری ئیسلامی ئێران گرتوویەتە بەر، بە دژی رژێم وەسف كرد و دووپاتی كردەوە، كۆمەڵێكح سزامان بە شێوەی زنجیرەیی ئامادە كردووە كە سەرجەمیان بە دژی رژێمی ئێرانن و هیچ مەبەستمان لێیان سزادانی خەڵكەكەی نییە، تاكە ئامانجیش لێیان ئەوەیە، ئێران تێ بگات كە هەرگیز رەفتارە ناپەسند و شەیتانییەكانی بە هیچ سێوەیەك جێگەی قبوڵكردن نییە و لە بەرامبەر ئەو رەفتارانەشی باجێكی یەكجار قورس دەدات.

سەرچاوە/  رادیۆ زەمانە

 



وشە - هیدایه‌ت جان