پێوەندییەكانی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی زیاتر شێوەی نهێنی وەرگرتووە و بەهۆی كێشەی فەڵەستینەوە زۆرێك لە وڵاتانی عەرەبی نەیانتوانیوە پێوەندی ئاشكرایان هەبێت، سووریا یەكێكە لەو وڵاتانەی سنووری هاوبەشی لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە، بەڵام بەكردەنی هیچ كارێكی دوژمنكارانەی لەبەرانبەر ئەنجام نەداوە و لەگەڵ سەرهەڵدانی تەنگژەی ناوخۆیی سووریا ئیسرائیل خۆی پاراستوە لە نەیاریكردنی ئەسەد، ئێستەیش بەرپرسانی ئەو وڵاتە ئاماژە بۆ دروستكردنی پێوەندی لەگەڵ بەشار ئەسەد دەكەن.
ئەمڕۆ سێشەم ئیسرائیل ئەگەری سازكردنی پێوەندی لەگەڵ سەرۆكی ئێستەی سووریا لە داهاتوودا هێشتەوە و ئاماژەی بۆ ئەو پێشوەچوونەی هێزەكانی حكوومەتی سووریا لە جەنگی ناوخۆیی ئەو وڵاتە كرد كە ماوەی حەوت ساڵ بەردەوامە و لە سەرەتای تەنگژەكە بەرپرسانی ئیسرائیلی پێشبینی كەوتنی ئەسەدیان كرد. ئەفیگدۆر لیبرمان، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لەو بارەوە رای گەیاند كە وڵاتەكەی ئەگەری دروستكردنی پێوەندی لەگەڵ بەشار ئەسەدی سەرۆكی سووریا لە داهاتوودا بەدوور نازانێت.
بە پاڵپشتیی رووسیا، سوپای سووریا توانی لە باشووری رۆژئاوای ئەو وڵاتە سەركەوتن بەدەست بێنێت و بگات بەنزیك شاری قنێتڕە كە بەدەستی ئۆپۆزسیۆنی چەكداری سووریا ماوەتەوە و كەوتووەتە نزیك بەرزاییەكانی جۆلان كە لەلایەن ئیسرائیلەوە داگیر كراوە. بۆیە ئەو دەستكەوتانەی سوپای سووریا بۆ ئیسرائیل مایەی نیگەرانییە و بە كێشەی دادەنێت بۆ رێككەوتننی ئاگربەست كە لە 1974 لە نێوان ئیسرائیل و سووریا هاتووەتە سازكردن و كۆت دەخاتە سەر هەر كۆكردنەوەیەكی هێزی سەربازی لە نێوان هەردوولا لە دەوروبەری بەرزاییەكانی جۆلان.
لیبرمان لە سوڕانەوەیەكی بە ناوچەی جۆلان زمانی هەڕەشەی توند كرد بەوەی ئیسرائیل پەنا بۆ هێزی سەربازی دەبات ئەگەر سووریا هێزەكانی لە ناوچەكە كۆ بكاتەوە و ئەو بە رۆژنامەوانانی راگەیاند، هەر سەربازێكی سووریا بچێتە ناو ناوچەی جیاكەرەوە ژیانی خۆی دەخاتە مەترسییەوە، بەڵام ئەو دانی بەوەدا نا كە ئەسەد كۆنترۆڵی بەری سووریای جۆلان دەكاتەوە.
لەبارەی كردنەوەی دەروازەی سنووریی قنێترە لە نێوان هەردوو وڵات بەپێی رێككەوتننی ئاگربەستی پێشوو كە رەنگە جۆرە پێوەندییەك لە نێوان هەردوو وڵات دروست ببێت، لیبرمان گوتی، وا بزانم هێشتا دوورین لەوە، بەڵام هیچ شتێك بەدوور نازانین.
ئەو لێدوانانەی وەزیری بەرگری ئیسرائیل بە گرتنەبەری رەوتێكی كراوەتر لە بەرانبەر ئەسەد پێش سەردانەكەی سبەی چوارشەمی بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی رووسیا بۆ مۆسكۆ دێت كە بڕیارە لەگەڵ ڤلادیمێر پووتن سەرۆكی رووسیا تەنگژەیب سووریا تاوتوێ بكەن.
هەر لەو بارەوە ماهیل سریفاستافا لە تەلئەبیب و ریبیكا كۆلار و ئاسەر خەتاب لە بەیرووت لە راپۆرتێكی هاوبەشیان لە "فاینانشیەڵ تایمز" بەناونیشانی "ئیسرائیل هیوای بەوەیە ئەسەد پاڵەپەستۆ بخاتە سەر ئێران بۆ پاشەكشەی سەربازی لە سووریا" و تیایدا رووناكی دەخەنە سەر مەرجی ئیسرائیل بۆ ئاساییبوونەوەی پێوەندییەكانی لەگەڵ ئەسەد و قبووڵكردنەوەی.
وەك لە راپۆرتەكەدا هاتووە، رژێمی سووریا كە لەلایەن فڕۆكە سەربازییەكانی رووسیاوە پاڵپشتی دەكرێت بۆ وەدەرنانی چەكدارانی ئۆپۆزسیۆن لە رۆژئاوای وڵات دەجەنگێ و ئیسرائیلیش خۆشحاڵی پێشان داوە لە بەرانبەر كۆنترۆڵكردنەوەی ناوچە سنوورییەكانی لەلایەن هێزەكانی حكوومەتی سووریاوە.
راپۆرتەكە لە بەرپرسێكی ئیسرائیلی دەگوازێتەوە كە دۆستی ئەسەد نیم و هیچ ئیسرائیلییەكیش دۆستی ئەسەد نییە، بەڵام دەتوانین بگەین بە رێككەوتننێك كە ئاشتی بۆ جۆلان دابین بكات، بەراستی هیوای ئەوە دەخوازین.
ئەو بەرپرسەی ئیسرائیل زیاتر دەڵێت، هێزەكانی سووریا كە لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی رووسیا پاڵپشتی دەكرێن، ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆنیان كردووەتە ئامانج و ئەوەیش وای كردووە كە جەنگی حەوت ساڵەی سووریا بۆ بەرزاییەكانی جۆلان بگوازرێتەوە كە لەژێر دەسەڵاتی ئیسرائیلە.
رۆژنامەیەكی ئیسرائیلی ئاماژە دەكات كە تەلئەبیب پاڵپشتی لە مانەوەی بەشار ئەسەدی سەرۆكی سووریا لە دەسەڵات لەو وڵاتە دەكات و تەنانەت لە لادانی لە دەسەڵات لەلایەن میلیشیاكانەوە و دروستبوونەوەی جەنگی ناوخۆیی لەو وڵاتە نیگەرانە.
رۆژنامەی "هائارتیس"ی ئیسرائیلی لە تسفی برئیل، ئۆدیتۆری بەشی عەرەبی رۆژنامەكە لە دوای سەركەوتننەكانی دوایی سوپای سووریا و كۆنتڕۆڵكردنەوەی زۆرینەی ناوچەكانی باشووری ئەو وڵاتەی گواستەوە كە ئیسرائیل پێشتریش لەگەڵ مانەوەی رژێمی ئەسەد بووە و تەنانەت نیگەرانیش بووە لە ئەگەری كەوتنی.
زیاتر گوتی، سەرەڕای ئەوەی كارنامەی دوو ساڵی رابردوو سوپا و وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل تیایاندا پاڵپشتی بۆ ئەسەد تیادا نەبووە، بەڵام روونە كە هەموو دامەزراوە پێوەندیدارەكان پێیان وایە كە مانەوەی ئەسەد باشترە و پێویستترە بۆ پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل.
لە ساڵی 2000 سووریا گفتوگۆی راستەوخۆی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمەریكا و لە ساڵی 2008 گفتوگۆی ناراستەوخۆی لە رێگەی توركیاوە ئەنجام دا بۆ ئەگەری رادەستكردنەوەی هەموو ناوچەی جۆلان یان بەشێكی بۆ ئیسرائیل، بەڵام هیچ رێككەوتننێكیان واژوو نەكرد.