12 مادەی تری پێڕەوی ناوخۆی پەرلەمان پەسەند كرا

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان گفتوگۆ كردن لەسەر پێڕەوی ناوخۆی پەرلەمان بەردەوام بوو، لەو كۆبوونەوەیەدا 12 مادەی تری پێڕەوی ناوخۆ پەسەند كرا و سبەی گفتوگۆكان لەسەر بەشی هەشتەمی پێڕەوەكە بەردەوام دەبێ‌.

ئەمڕۆ سێشەم 10ی تەمووز/ یۆلیۆ، پەرلەمانی كوردستان گفتوگۆی لەبارەی پێڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان ژمارە یەكی ساڵی 1992ی هەموار كراو كرد، بەشی حەوتەمی پڕۆژە پێڕەوەكە كە تایبەت بوو بەچاودێریكردن و پرسیاركردن و مەرجەكانی پرسیاری نووسراو و پرسیاری زارەكی و چۆنیەتیی خستنەڕووی بابەتێكی گشتی بۆ گفتوگۆ  پەسەند كرا. هاوكات ئاواز حەمید پەرلەمانتاری كوردستان بە "وشە"ی گوت، 12 مادەی تر لە پڕۆژەی پێڕەوی ناوخۆی پەرلەمان پەسند كران.

بەشی هەشتەمی پڕۆژەی پێڕەو كە تایبەت بوو بەپرۆسەكانی یاسادانان و لە 19 مادە پێكهاتووە. جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كۆتای بە دانیشتنەكە هێنا بۆ سەعات 11ی پێشنیوەڕۆی سبەی. وەك ئەوەی لە ڕاگەیەنراوێكی پەرلەمانی كوردستاندا هاتووە.

تا ئێستە یەكجار پێڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان هەموار كراوەتەوە و ئەمجارە پەرلەمانی كوردستان دەیەوێت بە هەموار كردنەوەی خۆی نوێ‌ بكاتەوە و كۆمەڵێك بەربەستی بەردەم كاری پەرلەمانتاری نەمێنێ‌.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم


PM:08:45:10/07/2018




ئه‌م بابه‌ته 131 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌