بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین ئاشكرای كرد، شەوی ڕابردوو ژنێك بە خنكێنراوی گەیەنراوەتە نەخۆشخانەی ڕاپەڕین كە دایكی دوو منداڵە و هۆكاری خنكانەكەشی نادیارە.
ئەمڕۆ چوارشەم 11ـی تەمووز/ یۆلیۆ، لە ڕاگەیەنراوێكی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین هاتووە، شەوی ڕابردوو سەعات هەشت و 30 خولەك لە گوندی دووگومان سەربە شارەدێی سەنگەسەر ژنێك بەناوی (س . ئـ . ئـ) لەدایكبووی ساڵی 1990 پیشەی ژنی ماڵ بە خنكاوی گەیەنرایە نەخۆشخانەی گشتیی قەڵادزێ.
پۆلیسی ڕاپەڕین ئاشكرای كردووە بەگوتەی كەسوكاری لەماڵ بە پەت خۆی خنكاندووە و دایكی دوو منداڵیشە.
لە كۆتایی ڕاگەیەنراوەكە هاتووە، پاش توێكاری بۆ تەرمەكەی ڕادەستی كەسوكارەكەی كرایەوە و تا ئێستە هۆكارەكەی نەزانراوە بۆچی خۆی خنكاندووە، پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ڕووداوەكە كراوەتەوە و لێكۆڵینەوەش بەردەوامە.
خۆكوشتن لە هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی بەرچاوی زیادی كردووە و بەرپرسانی حكوومیش چەندان جار هۆشدارییان داوا لە بوونی چەك لە ماڵەكان كە هۆكارن بۆ دیاردەی كوشتن و خۆكوشتن.
لە ڕاپۆڕتێكی هەفتەنامەی "وشە"، ئاشكرای كردبوو بەهۆی كوشتن و خۆكوشتن لە هەرێمی كوردستان لە سێ مانگی ساڵی 2018 لە هەر 24 سەعات جارێك كەسێك خۆی دەكوژێت یان دەكوژرێت.