داعش هێرشی كردە سەر كەركووك و شەش كوژراو هەیە

:: AM:09:22:11/07/2018 ‌
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەكدارانی داعش هێرشیان كردە سەر شارەدێی دووبز و ژمارەیەك لە كارمەندانی پۆلیس و پاسەوانی بیرە نەوتەكانی ئەو سنوورەیان كوشتن و سێ‌ كەسیشیان بەدیل گرتووە.

ئەمڕۆ چوارشەم 11ـی تەمووز/ یۆلیۆ، ئەحمەد وەهاب بەڕێوەبەری پێشووی تەناهی شارۆكەی دووبز بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە گەڕەكی (حەی تەنەكـ)ـی دەروازەی شارۆكەی دووبزی ڕۆژئاوای شاری كەركووك هێرشێكی بەرفراوانی چەكدارانی داعش هەبووە.

ئەو بەرپرسەی تەناهییەی پێشووی شارۆكەكە گوتی، مەزەندی 50 بۆ 60 چەكدار دەكرا لە هێرشەكە بەشدار ببن و هەڵیانكوتاوەتە سەر خاڵێكی پاسەوانانی بیرە نەوتەكانی ئەو سنوورە كە بەگرێبەست دەوام دەكەن، لە ئەنجامدا دوو پاسەوانیان كوشتووە و چواری تریان بریندار كردووە و سێ‌ پاسەوانیش چارەنووسیان نادیارە.

 ئاماژەی دا، لەكاتی ئاگەداركردنەوەی پۆلیسی فیدڕاڵی و هاتنیان بۆ شوێنەكە، لە بۆسەیەكی چەكدارانی داعش چوار كارمەندی پۆلیسیان كوشتووە و پێنجی تر بریندار بوونە، هەروەها لەكاتی بردنی بریندارەكان بۆ نەخۆشخانە، كەسێك هەوڵی خۆ تەقاندنەوەی داوە و دواتر شكستی هێناوە.

دوای خیانەتی باڵێكی سەربازی یەكێتی لە 16ـی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو دۆخی تەناهی ناوچە كێشە لەسەرەكان بەتەواوەتی تێكچووە و داعش ڕۆژانە هێرش دەكاتە سەر هاووڵاتییان و هێزە تەناهییەكان.



وشە - رامیار جەواد